نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستان لە سلێمانی بانگەشەی بۆ بەربژێرانی پارتەکەی کرد

نێچیرڤان بارزانی لە کاتی بانگەشەکردن بۆ بەربژێرانی پارتی لە سلێمانی رایگەیاند، “مێژوو شاهێدە پارتی بە هیچ شێوەیەک غەدر و سەپاندن قبووڵ ناکات، بەڵام بە نەرمی و لە پێناو کوردستاندا پارتی ئامادەیە لە بەشی خۆی بداتە هاوپەیمانەکانی”. ئەمڕۆ چوارشەممە 06-10-2021 نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کورستان لە سلێمانی بانگەشەی بۆ بەربژێرانی پارتەکەی کرد و رایگەیاند، “کوردستان نموونەی پێکەوەژیانە لەگەڵ پێکهاتەکان و ئایین و نەتەوەکانی تر، نابێت ئەو جیاکارییە لە نێوان خۆماندا بمێنێت و وەک کورد، وەک خەڵکی یەک شار و ناوچە دەبێت ئەو جیاکارییە لە ناو ئێمەدا بە هیچ شێوەیەک نەمێنێت.” لە میانی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پارتی پەیامێکی بۆ لایەنە سیاسییەکان نارد و ئاماژەی بەوە دا، “بە هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەڵێین، ئێستا کاتی گونجاوە بە یەک بەرنامە و ستراتیژیی هاوکارییەکی راستەقینە لەگەڵ عێراقییەکاندا دروستبکەین لە پێناو جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و نەهێشتنی بێبەشکردنی کوردستان لە ماف و بەشەبودجەکەی لە عێراقدا”. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی، “پارتی سلێمانی فەرامۆشنەکردووە، پارتی و سلێمانی پێکەوەبەستراون، پارتی و سلێمانی پێکەوە جوانن و بە دڵنیاییەوە پارتی و سلێمانی پێکەوە سەردەکەون”.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.