نەورۆز لە کوردەواری

لانە محــــەمەد

نوێ ڕۆژ یان نەورۆز لە کوردەوارییەکەی خۆماندا ،لە کەس شاراوە نییە کە کورد هەر لە بنەچەکدا (بنێڕا)، گەلێکی ئاژەڵدار بووە و بە دەم ئاژەڵداریشەوە کشتوکاڵیشی کردووە. کەوابوو گەڕیانی وەرزەکانی و گۆڕانە وەرزییەکان، لە ژیانی ئەو گەلەدا گرینگی تایبەت بە خۆی هەبووە. بە تایبەتی کوردستان نیشتمانێکی کوێستانییە و وەرزی زستان لە کۆندا تەمەنێکی درێژتر لە ئێستای هەبووە و ئێستاش پیاوە بەتەمەنەکانی کورد باشیان لەبیرە کە جاری جاران (ساڵی ساڵان) بەفرێکی قورس دەباری و جار هەبووە هەتا دوو مانگ لە بەهاریش تێپەڕیوە و بەفر هەر نەتواوەتەوە و زەوی و ڕێ و بانی بەر نەداوە. لەو حاڵەتەدا کوردی ئاژەڵدار دەکەوێتە تەنگژەی بێ تفاقی و بێ ئازوقەیەیی (ئاوردوویی). بە پێی هەموو ئەو ھۆکارانە، کە هەم سرووشتی و هەمیش ھەرێمییە کورد تەواو بوونی وەرزی تووش و سەرمای (سەرما و سۆڵەی) زستانی کردبێتە جەژن.

مامۆستا هێمن موکریانی جەژنی نەورۆز دەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی کورد و بە تایبەتی پێی وایە ئەو ڕۆژە ڕۆژی مەڕ زایینە. لەو سۆنگەیەوە کە مەڕداری کورد ڕانە مەڕەکەی لەو ڕۆژەدا دەزێ بۆیە ڕۆژەکەی کردووەتە جەژن.

لە مێژووی جەژنە ئێرانییەکاندا جەژنێکیش هەیە بە ناوی جەژنی مێهرەگان. ئەو جەژنە یەکەم رۆژی پاییز بووە. مەڕدار لەو رۆژەدا بەرانیان لە مێگەل بەرداوە. واتە ئەو ڕۆژە ڕۆژی بەرانگرتنی مەڕ بووە. بۆیە ئەو ڕۆژەش کراوە بە جەژن و بە مێهرەگان ناوی دەرکردووە و مامۆستا هێمن لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هەر ئەو ناوی جەژنی مێهرەگانە دواتر بووەتە مێهرەجان و بە تایبەتی عەرەبەکان بە زۆربەی جەژن و کۆڕەکانی خۆیان دەڵێن مێهرەجان. بە گشتی مەودای نێوان جەژنی مێهرەجان و جەژنی نەورۆز پێنج مانگە. “مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ. پێشینیان دەڵێن بەرخ پاش سەد ڕۆژ ڕووحی وەبەر دێ و مەترسیی بەرئاویتن کەم دەبێتەوە. جەژنی سەدە کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن “بێڵن دانا”، پێوەندیی لەگەڵ ئەم باسە هەیە. دوو مانگ پایز و سێ مانگ زستان دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی یەکەمی بەهاردا زەوی مەڕ دێ و جەژنی هەرە گەورەی مەڕدارە.

  • دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی….

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.