هیندستان , 20 کەس بەهۆی خواردنەوەی مه‌ی ساختەوه‌ گیانیان لەدەستدا

لە ویلایەتی بیهاری رۆژهه‌ڵاتی هیندستان كه‌ ماوەی حه‌وت ساڵە فرۆشتن و خواردنه‌وه‌ی مەی قەدەغەیه‌ تیایدا، 20 کەس بەهۆی خواردنەوەی مه‌ی ساختەوه‌ گیانیان لەدەستدا.

بەپێی هەواڵێكی کەناڵی ئێن دی تیڤی، بەرپرسێکی پۆلیس له‌ شارۆچكه‌ی چەمپارانی رۆرهه‌ڵات له‌ ویلایەتی بیهار بە رۆژنامه‌وانانی راگەیاندووە، 20 کەس بەهۆی خواردنەوەی مه‌ی ساختەوه‌ گیانیان لەدەستداوە.

پۆلیس ئاشكرایكرد، شه‌ش لەو کەسانەی مەی ساختەیان خواردووەتەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا حه‌وت كه‌س دەستبەسەر کراون و نیگه‌رانیی هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵكشانی ژمارەی قوربانییه‌كان.

لە مانگی کانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2022دا، 70 کەس بەهۆی خواردنەوەی مەی ساختەوه‌ لە شارۆچكه‌كانی چاپرا و ساران لە ویلایەتی بیهار گیانیان لەدەستدابوو.

فرۆشتن و خواردنەوەی مەی لە ویلایەتی بیهار لە ساڵی 2016دا قەدەغەکرا.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.