هەرێمی كوردستان لە لووتكەی دیپلۆماسی و نەخشەی جیهانی ..


رێبوار حەمەلاو شوانی

هەر چەندە نەیارانی كورد ، بە سیناریۆ و نەخشە و پیلانگێری ڕاستەوخۆ و شێوازی دیكەی سەربازی ، هەواڵگری و تابووری پێنجەم بەردەوام لە هەوڵی ناشیرینكردن و دروستكردنی كۆسپ و تەگەرە لە بەردەم كاروانی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستاندان ، لەماوەی رابردوو ،هەر لە گەمارۆی دارایی و ئابووری لە بەغداوە و تا بەكارهێنانی رێكخراوی تێرۆریستی داعش و ئینجا بە پاساوی سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەكارهێنانی میلیشا و پاسداران و پەڵاماردانی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بچووكردنەوە و كۆسپ و تەگەرە دروستكردن دان ، بەڵام ئەو ئیرادە بەهێز و پشوودرێژی و خوێندنەوە وردبینانە وژیرانەیەی سەركردایەتیی سیاسی كورد و بەتایبەت پارتی و بارزانیی لە گشت قۆناغەكاندا وایانكردووە كە ئەو پەڵاماردان و پیلانگێرییانە كاریگەرییان لە سەر ڕەوتی نەخشە وستراتیژی پێشخستنی كوردستان لە رووی ئابووری،دیپلۆماسی و ئاسایشی كەمتر بێت .

هەر ئەوەشە وایكردووە، كە هەرێمی كوردستان لە نێو ناوچەیەكی پر كێشە وئاڵۆزدا ، وەك ئەستێرەیەكی گەش و دوورگەیەكی ئاڕام و لە هەمانكاتیشدا جێگەی متمانە و خاوەن سەنگ خۆی وێنا بكات . بۆیە، گشت بانگهێشت و سەردانە فەرمییەكانی هەر دوو بەرێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان ، بۆ كۆربەند و كۆنفرانسە ئابووری و ئاسایشی و سیاسییەكانی جیهان ئاماژەیەكی گرنگ و روون ، ھێمایەكی نێودەوڵەتییە بۆ كاریگەری ئەم دوو سەركردە نێودەوڵەتییەی كوردستان.
ئەو سەردان و بانگهێشتانە لە سەر ئاستێكی بەرز و بە پۆرتۆكۆل و ئاڵای پیرۆزی كوردستان وەك هێمای گەل و نەتەوەیەكی جیاواز و دیار و پێشوازیكردن بە شێوەیەكی فەرمی لە نێو وڵاتانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی و زڵهێزان كە بۆ كۆبونەوە و گفتوگۆكردنی خاوەن بڕیارەكانی جیھان لەسەر بابەتی ئاسایش و وزە و ئابووری و سیاسەت و ژینگە. ئاماژەیەكی روون و ئاشكرایە بە درەوشانەوەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری و پربایەخ لە رووی پێگەی جیۆسیاسی و جیۆ ئێكۆنۆمی .

بەتایبەت ، كە لە رابردوو و ئێستاشدا لە رووی ئاسایش و ئاڕامی و سەقامگیری هەمیشە گەلی كورد و پێشمەرگە ئامرازی ئاشتی و ئارامیین كە ، بوونی ئارامیش واتا گەشەسەندنی ئابووری و ئەنجامدانی و پێشكەوتنی ئەمانەش بەڵگەن بۆ ئەوەی كە ھەرێمی كوردستان ئامادەیی و كاریگەری ھەیە لەسەر ھاوكێشەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لە پرسی ئاسایشدا ھۆكارن بۆ سەقامگیری ناوچەكە و شكاندنی داعشیش بە ھاوكاری ھاوپەیمانان و لە سەر دەستی پێشمەرگەو بە رابەرایەتی سەرۆك بارزانی، بۆتە فاكتێكی نێودەوڵەتی و بە گرنگی زۆرەوە لێی دەڕوانرێت.

هەروەها دەتوانین بڵێین كە ، بەهۆی دەوڵەندبوونی ئەم جوگرافیاییە لە رووی كانزا و ماددەكانی دیكە بەتایبەت لە پرسی وزەدا نەوتی ھەرێمی كوردستان چەسپاوە لە سەر نەخشەی وزەی جیھاندا.ئەم پرسانە و چەندانی تر سەرمێزی كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی بەردەم سەرۆكی ھەرێم و سەرۆكی حكومەتن كە لەكاتی سەردان و بانگهێشتە فەرمییەكانیاندا بۆ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان لەگەڵ سەرۆك و سەركردە و خاوەن بڕیارەكانی جیھاندا.هەر بۆیە، ھەرێمی كوردستان لە رێگەی سیاسەت و دییلۆماسییەتی ژیرانە و هەروەها مامەڵەكردنی دوورمەودا و درێژخایەنی ستراتیژی و سیاسییەوە، رۆڵی لە ھەندێك دەوڵەت زیاترە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تایبەت خاوەن بڕیارەكان باش لەم بەھا باڵایە تێگەیشتوون و دەخوازن ھەرێمی كوردستان ببەستنەوە بە بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە.
دەنوانین بڵێین كە سیاسی ودیپلۆماسی بنەمای دۆزینەوەی بەرژوەندی هاوبەشی هەمەلایەنەیە بۆ هەمووان ، هەر ئەوەشە وایكردووە كە ، رۆژ بە رۆژ سەنگی و گرنگی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتییە سیاسییەكەی و بەتایبەت بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و بەرێز مەسروور بارزانیی كە نوێنەرایەتی دەكەن،هەموو ئەو هەوڵ و پیلانگێری گوشارە ئابووری ، دیپلۆماسی و سیاسی كە لەلایەن نەیارانی كورد وكوردستانەوە لە دژی ئەم گەل و قەوارەیە بەكار دەهێنرێت خاو و كەم بكەنەوە بە ئاڕاستەی سوود وبەرژوەندی گەلی كورد ، هەروەها پرۆژەی كرانەوەی زیاتر بە رووی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لە لایەن ھەرێمی كوردستانەوە پرۆژەیەكی بەردەوام و ئامانجدار و رێگای راستی گرتووە و دەرفەتی گەڕانەوە بۆ دواوی وەلاناوە و بەرەو ئاسۆ و ئایندەیەكی گەشتر.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.