هەولێر، 25 پرۆژە دێهێنە جێبەجێکرن

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار، ٢٥پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری شارەوانی لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێن، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێ، ئەو پڕۆژانە ئێستا لە قۆناغی تەندەریندان و دواتر دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت.

کوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندیی نیشان داوە بڕی دوو ملیار و ١٢٠ملیۆن و٨٠٩ھەزار و٥٠٠دینار  بۆ ٢٥پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە بواری شارەوانی لە شاری هەولێر ئەنجام بدرێن.

شابان باسی لەوەش کرد، ئەو پارەیەی تەرخان کراوە، لەسەر ڕێژەی داھاتی شارەوانییەکانە، کە ١٥%ی داھات بۆ شارەوانییەکانە و ١٠٠%ی داھاتی فرۆشتنی زەویی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێرە.

لەبارەی وردەکاریی پڕۆژەکانیش، عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پڕۆژەکان ئێستا لە قۆناغی تەندەریندان و دوای تەندەرین، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکرێت، چونکە کە کرایە تەندەر لە رۆژنامە و کەناڵەکان بڵاو دەکرێتەوە و خەڵکێک دێت داوای جێبەجێکردنیان دەکات، کە ئەوەی بۆی دەرچوو بەڵگەکانی پێشکەش دەکات و دواتر  لە ژێر لیژنەکانی ئێمە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکەن.

ئەحمەد گوتیشی، جۆری پڕۆژەکان دانانی ئاوەڕۆی شەقامەکان و دروستکردنی شەقام لە دانانی تێکەڵە و بەردی شکاو و قیرتاوکردنیان و لێدانی گێربستۆن و دروستکردنی شۆستە و چەندین پڕۆژەی جیاوازن لە ھەموو بوارەکاندا.

ئەوەشی خستەڕوو، زۆرێک لە گەڕەکەکانمان دەستنیشان کردوون بۆ ئەوەی پڕۆژەکانیان لێ ئەنجام بدرێت، ئەوەی پێویستی پێ ھەیە و بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێن، کە زیاتر لە باشووری ھەولێر کارەکان ئەنجام دەدرێن، ئەوەی دەکەوێتە شەقامی مەخموور و بەشی رۆشنبیری و ھەشت ھەزاریی فەرمانبەران و مامزاوای قەتەوی، بۆیە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنیان دەکرێت، کە پڕۆژەکان بچووک و مامناوەندن بۆ گەڕەکەکان

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.