وتەبێژى وەزارەتى دارایى هەرێم رایگەیاند، بە پەسەندکردنى پرۆژەیاساى بودجە پارەى پێویست بۆ دابەشکردنى موچە بەردەست دەبێت و هەر کورتهێنانێک هەبێت پڕدەکرێتەوە، دەشڵێت، “پارەى نەوت هەیە و موچەى مانگى چوارى پێ دابیندەکەین.”
هونەر جەمال وتەبێژى وەزارەتى دارایى هەرێم رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان گفتوگۆ دەکەن بۆ وەرگرتنەوەى ئەو پارەى نەوتەى لە مانگەکانى پێشوو فرۆشراوە بۆ ئەوەى موچەى مانگى چوارى پێ تەواو بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا تۆپەکە لە ساحەی حکومەتی عێراقە و دەبێت ئەو هەوڵ بدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.
وتیشی، “دابینکردنی موچە ئەرکی ئێمەیە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دابینکردنی موچە”.
لەبارەی پارەی نەوتەوە هونەر جەمال ئەوەی خستەڕوو، پارەی نەوت بە چەند سلفەیەک دەگەڕێتەوە و هەمووی بە یەکجار ناگەڕێتەوە، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە هەماهەنگیدان بۆ ئەو بابەتە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تاوەکو بودجە پەسەند نەکرێت هیچ شتێک روون نییە، ناتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان دەچێتە ناو سەقامگیری ئابورییەوە.”
راشیگەیاند، “ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە لەم رێککەوتنەدا پرسی نەوت چارەسەر کراوە و رێککەوتن هەیە، هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و خاڵی ئەرێنی باش لە نێوان هەرێم و عێراقدا هەیە و هیوادارین چیتر موچە نەبێتە بابەتی میدیایی و کار لەسەر بوژانەوەی ژێر خانی ئابووری هەرێم بکرێت.”
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.