‎وەرچەرخانێکی گرنگ لە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا

‎لیا سیف الدین

‎بەشداریپێکردنی ئافرەت لە سەرکردایەتیی پارتیدا، پێمان دەڵێت پارتی توانایی و هەوڵەکانی ئافرەتان بەگرنگ دەبینێت، بە تایبەت ئەو ئافرەتانەی بە توانایی و لێهاتوویی و خەبات و مێژووە پڕ سەروەرییەکەی خۆیان توانیویانە بگەنە ئەو ئاستە.

‎سیاسەت بریتییە لە هونەری رێکخستنی جیاوازییەکانی نێو کۆمەڵگا، لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و یەکترقبووڵکردن و رێزگرتن لەوی دیکەی جیاواز؛ ئافرەتانیش بۆ ئەم هونەرە، توانایی و لێهاتووییەکی زۆر بەرچاویان هەیە.
‎بەشداریی سیاسی، پایەیەکی سەرەکیی دیموکراسییە و، پرۆسەیەکە تاک لە ڕێگەیەوە لە ژیانی سیاسیی کۆمەڵگاکەیدا بەشداری دەکات، جا بە شێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ؛ بەشداریی ئافرەتیش لەو پرۆسەیەدا پەیوەستە بە هاندان و زەمینەسازی لە لایەن کۆمەڵگەوە بە گشتی و خێزان بە تایبەتی.

‎كاتێك باس لە بەشداریکردنی ئافرەتان دەكەین لە سیاسەت و بەڕێوەبردندا، دەبێ هەموو ئەو فاكت و بەربەست و ئاستەنگانە تێپەڕێنین كە
‎ هۆكارگەلێكن بۆ چەقبەستوویی و سنوورداركردنی ئاستی بەشداری كردنی ئافرەتان لە سیاسەت و بەرێوەبردن
‎جێی خۆیەتی هەموو کۆمەڵگا و سیستەمەکانی حوکمڕانی دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەت بڕەخسێنن بۆ بەشداریپێکردنیان لە کایەی سیاسی و سەرکردایەتیدا؛ ئەوەش بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی بیروبۆچوون و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی بۆ ڕۆڵ و توانستی ئافرەت دەکرێ دەربارەی گرنگیی وزە و توانستی ئافرەت لە کایەی سیاسەتدا.

‎لەکۆمەڵگای کوردی بەهۆی ئامادەیی و ڕۆڵی بەرچاوی
‎ئافرەتان لەهەموو کایە جیاجیاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوریدا، پێویستە توانای ئافرەتان بەهەند وەربگیرێت و بەیەکسانی لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەری سەیر بکرێت، لەهەمانکاتدا لەلایەن ئافرەتانەوە پێویستی بە زیادبوونی مەعریفە و خۆ پەروەردەکردن و ئامادەکاری و بەرەوپێشبردنی تواناکان بەشێوەیەکی زیاتر هەیە،ئاشکرایە هەموو بوارەكانی ژیانمان بە سیاسەت و بەڕێوەبردن و و یاساكانەوە بەندە، بۆیە رێگەدان بە ئافرەتان بۆ بەشداریکردن لە سیاسەت و خۆبەڕێوەبەری سوود بە پرۆسەی دیموکراسی دەگەیەنێت.
‎ و ئافرەتان پێویستە ئەم قۆناغ و وەرچەرخانەی پارتی بە گرنگ ببینن و زیاتر کار لەسەر بەرەو پێشبردنی تواناکانیان بکەن و هاوکاری یەکتربن بۆ تێپەڕاندنی ڕێگریی و ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.