پارتى واتا بوونى قەوارەیەکى بەهێزو دیموکراسى
رێبوار حەمەلاو شوانى
زۆر لە مێژە و پێش دامەزراندنى ئەم ئەزموون و قەوارەیەش نەیاران و دوژمنانى کوردستان هەرچى چەک و سیناریۆ و پیلانگێرى نەما لە دژى کاروانى خەبات و بەرخودانى گەلى کوردستان کە پارتى دیموکراتى کوردستان بوو و بارزانى سەرکردایەتی دەکرد ، تاقى نەکەنەوە و هەوڵى ڕاگرتنى کاروانە پڕ شانازى و کوردایەتییەکەى دا ،
بەتایبەتى لە ماوەى 33 ساڵى رابردووى حکوومرانیشدا هەمدیسان کاروانى خەبات و ئاوەدانى و دیموکراسییەکەى بەهەمان شێوە دەیان ئاستەنگ و کۆسپ و جۆرها فشار و چەکى سیاسى و سەربازى و ئابوورى و بەکارهێنانى لایەنى بەناوى کوردى بۆ راگڕتنى کاروانى پێشکەوتن و گەشەسەندنى کوردوکوردستان بەکار هێنرا .
بەتایبەتى لەماوەى ئەم چەند ساڵەى دواییدا هێرش وپەڵاماردان و فشارەکان لە سەر هەرێمى کوردستان و پارتى و حکوومەتى هەرێمى کوردستان رۆژ بە رۆژ سەختتر و چڕتر دەبووە تا کارگەیشتە هێرشى مووشەکى و درۆن و داخستنى پەرلەمان و بڕینى مووچە و بودجە و بەکارهێنانى دادگە و دەرکردنى بریارى نایاسای لە دژى دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و بە مەبەستى لاوازکردن و گۆشەگیرکردنى ، بەڵام ئەوەى کە توانى بەرگەى ئەو هەموو گوشارانە بگرێت و بەرپرسیاریەتى گەل و نیشتیمانەکەى هەڵبگرێت و ڕێگرى لە شکاندنى شکۆى گەل و نیشتیمانەکەى بگرێت ، دیسان پارتى دیموکراتى کوردستان بوو بە رابەرایەتى هێژا سەرۆک مسعود بارزانى و هەر دوو بەڕێزان سەرۆکى هەرێم و سەرکوەزیرانى کوردستان کە بە ڕێگەى دیپلۆماسى و سیاسەتى ژیرانە ڕێگەیان نەدا خەون و سیناریۆى ناحەزان بە ڕێگەى جۆراجۆر کە یەکێکیان هەڵبژاردنێکى دیزاینکراوى پێشوەختە بوو بێتەدى.
ئەوە بوو هەڵبژاردنێک لە رۆژى 20ى ئۆکتۆبەرى 2024 بەڕێوەچوو کە هەم بە چاودێرى زڵهێزان و نەتەوەیەکگرتووەکان هەمیش کۆمیسۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بوو ، کە تێیدا پارتى لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان جارێکى تر متمانەى ملیۆنى گەلى کوردستانى بەدەستهێنا و نەک تەنها بووە حزبى یەکەم بەڵکو جارێکى تر شکۆ وسەروەرى قەوارەى هەرێمى کوردستانى لە سیناریۆکان پاراست و جوانترین دیموکراتى گەلى کوردى پیشانى هەموو دوونیادا و هەڵبژاردنێک کە بەڕێژەى 72%ى خەڵکى کوردستان توانى سیمایەکى جوان و سەنگ و پێگەى کوردستان بە ناوچەکە و جیهان بەهێزتر بکات .
لە هەمانکاتیشدا بەڕێوەچوونى ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە لە نێو ناوچەیەکى پر ململانێ و ئاڵۆزدا و لە نێو کەشتێکى پڕ سەقامگیرى و ئارامدا و لە هەمانکاتدا بەو ڕێژە بەشداریکردنە وایکرد کە ، خەڵکى کوردستان بە جۆش و خرۆشەوە و بەدەنگەکانیان و ئامادەبوونى ملیۆنیان وەڵامى هەموو هەڕەشە و ئەو وڵات و لایەنانە بدەنەوە کە خەونیان بە نەهێشتن ولاوازکردنى هەرێمى کوردستان و پارتى کە ئاڵاهەڵگرى دیموکراسى و پارێزەرى خاک و نیشتیمانە بدەنەوە .
بەدڵنییاییەوە ، هۆکارى ئەم متمانە بەخشینەى خەڵکى کوردستان بە پارتى دیموکراتى کوردستان ، بۆ راستییەکى حاشاهەڵنەگرە دەگەڕێتەوە ، ئەویش هەڵگرتنى ئەرک و بەرپرسیاریەتییە قورسەکان لەلایەک و لەلایەکى تریش مانەوەى لە پاڵ گەلەکەیدا لە سەختترین هەڵومەرجەکاندا و لە هەمانکاتیشدا لە سایەى فەراهەمکردنى ئەو ئارامى و سەقامگیریی و خزمەتگوزارییانە و دروستکردنى دەیان پرۆژانە لە سەرانسەرى شاروشارۆچکەکان کە کابینەى نۆیەم بەسەرۆکایەتى ڕێزدار مەسروور بارزانى ، سەرۆکوەزیرانى کوردستان لەماوەى ساڵانى رابردوو لە پێناو خزمەتکردن و گەشەپێکردنى کوردستان بەجێى گەیاندووە ،بەدڵنییاییەوە ، گەر خۆڕاگرى و بەهێزى و هەڵگرتنى بەرپرسیاریەتییەکانى پارتى و بارزانى نەبووایە بابەتێک بەناوى قەوارەى هەرێمى کوردستان بوونى نەدەما .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.