پارتی دوژمنایەتی ئێران دەکات!

نوسینی : ھۆگر نێروەیی

ڕایەک شەقامی کوردی تەنیوە، کە حیزبی پارتی دوژمنی ئێرانە
یان پارتی ئێران بە دوژمنی خۆی دەزانێت، کە ئەمە ڕایی زۆربەی شەقامی کوردی یە، بە کادرەکانی پارتیشەوە!
ئەمەش ڕایەکی نالۆژیکی یە، پارتی قەت نە دوژمنی ئێرانە، نە دەیەوێت دوژمنایەتی ئێران بکات، بەڵکو سیاسەت و دونیابینی پارتی لەگەڵ ئێران جیاوازە!

پارتی دەیەوێت نزیکی ئێران بێت بەڵام نەک لەژێر ڕێکفی بێت، کە زۆربەی حیزبەکانی کوردی لەژێر ڕکێفی ئێرانن، پارتی دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ ئێران ھەبێت بەڵام نەک لە ژێر ھەژموونی بێت و ئاراستە بکرێت، کەزۆبەی حیزبەکانی کوردی لە ئێرانەوە ئاراستە دەکرێن، نەخشەی سیاسی بۆ دەکێشرێت، پارتی دەیەوێت پەیوەندی ھاوبەشی لەگەڵ ئێران ھەبێت بە تایبەتی بۆ بابەتی ئاسایشی ناوچەکە، کە تێکچونی ئاسایشی ھەر لایەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ھەموو ناوچەکە دەبێت بەڵام پارتی قەت نابێتە ھێزی بە وەکالەتی ئێران و ھیچ وڵاتێکی تر کە زۆربەی حیزبی کوردی ھێزی بەوەکالەتی ئێرانن.

نزیکبونەوەی پارتی لە تورکیا خۆ لەسەر پەیوەندی خزم خزمێنە نیە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە تورکیا زیاتر بەرژەوەندی کوردستان لەبەرچاو دەگرێت گەرچی بۆ بەرژەوەندی خۆی بێت، تورکیا زیاتر لە ئێران بێ لایەنی سیاسی دەپارێزێت لەسەر بابەتی نەوت و غازی کوردستان تەنھا بەرژەوەندی ئابوری بۆ گرنگە نەک تێکەڵی ڕەھەندی سیاسی بکات، تورکیا بێ لایەنەتر دەردەکەوێت لە گرژی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا و ئەمریکا کە ئێران خۆی بۆ یەکلایی کردۆتەوە، کە پارتیش دەیەوێت لەو پرس و ئاڵۆزیەیەی ئەو دوو بەرە جیھانیە بێلایەن بێت و ئاگرەکەیان نەگاتە کوردستان.

پارتی حیزبێکی نیشتیمانی کوردستانی یە، خاوەنی سیاسەت و ئەجێندای تایبەت بەخۆیەتی، سیاسەت لەگەڵ ھەموو لایەک دەکات، نە دوژمنی وڵاتێکە لەسەر حسابی دۆستایەتی وڵاتێکی تر، نە دۆستی وڵاتێکە لەسەر حسابی دوژمنایەتی وڵاتێکی تر، بەڵکو پارتی بەدوای بەرژەوەندی نیشتیمانی یە، بەرژەوەندی نیشتیمانی لەکوێ بێت پارتی لەوێ یە، زیاتر پەیوەندی ئابوری و سیاسی لەگەڵی دەبێت لەسەر بەرژەوەندی ھاوبەش.

جا ئەوانەی پێیان وایە، پارتی دۆستایەتی تورکیا دەکات لەسەر حسابی دوژمنایەتی ئێران، زۆر بەھەڵەدا چون، ھەندێک لەوانەش ڕق و کینەیان لە دڵە کە بۆ بەرژەوەندی تەسکی شەخسی و حیزبی ڕاستیەکان بەلاڕێدا دەبەن، پارتی دەیەوێت پەیوەندی باش لەگەڵ ھەموو لایەک ھەبێت، بەئێرانیشەوە، دوژمنایەتی ئێران نە سودی بۆ پارتی ھەیە بگرە زۆر زیانیشی دەبێت، سبەی کوردستان سەربەخۆش بێت ھەر دەبێت پەیوەندی لەگەڵ چوار دەوری ھەبێت، خۆ جوگرافیا بەدەستت نیە کەشوێنێک بەدڵت نەبوو بگوازیەوە بۆ شوێنێکی تر، کوردستان ھەر پێگە و یەکەیەکی سیاسی ھەبێت دراوسێ و سنورەکان ناگۆڕن، ھەر لەگەڵ ئەمانە دەبێت.

نزیکبونەوەی پارتی لەڕەوتی سەدر لە ئێستادا دورکەوتنەوە لە بەرەی ھەمانگی لەسەر ھەمان لۆژیکی پاراستنی بەرژەوەندی نیشتیمانی و زامن کردنی مافەکانی گەلی کوردستانە، کەپارتی ئەزمونی چەند ساڵی لەگەڵ بەرەی ھەماھەنگی ھەیە جگە لە زیان بۆ گەلی کوردستان ھیچی تری لێ سەوز نەبووە.
پارتی لە ئێستادا چەند پێویستی بە سەدر بێت لە بەرامبەردا سەدر دوو ئەوەندە پێویستی بە پارتی یە، جا لەسەر ئەم بنەمایە پارتی پێی وایە دەتوانێت لەگەڵ ھاوپەیمانی ڕزگاری نیشتیمانی ئەو دژایەتیەی چەند ساڵە لە بەغدا
دەکرێت بەرامبەر گەلی کوردستان بگۆڕێت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان.

ئەمەشمان لەبیر نەچێت، پارتی کاتی خۆی نەخێری بە سەدام داوە، نەخێری بە ئەمریکا داوە، نەخێری بە تورکیا داوە، چەند جاریش نەخێریشی بەئێران داوە، نەخێری پارتی بۆ ھەموو بەرە و لایەک لەسەر ئەوە بووە کە ئەوان دژایەتی مافەکانی گەلی کوردستانیان کردوە ویستویانە نیشتیمانی کوردستان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربێنن ببنە ژێر ھەژمونی خۆیان، جا نەخێری پارتی بۆ سەدر ھەمیشە لەئارادا دەبێت گەر سەدر بیەوێت دژایەتی مافەکانی گەلی کوردستان بکات.

  • دکاری هەموو بابەتێن خۆ ببینی ….

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.