پارتی.. لە هەناوی كۆمەڵگەی کوردستانییدا هەڵقوڵاوە
نەجمەدین محەمەد قەراجی
پارتی دیموکراتی کوردستان، هێندە گەورەیە زیاتر لە بزووتنەوەیەكی نیشتمانی دەچێ وەك لە حزب، پارتی هەم شۆڕش دەكات، هەم سەرپەرشتیی راپەڕین دەكات، هەم سیاسەت جەكات و هەمو حوكمڕانی دەكات و هەم كوردستان ئاوەدان دەكاتەوە و هەم هەوڵی جێگیركردنی سیستەمی دیموکراسی دەدات.
پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بە پارتێکی دیموکراتیی نیشتمانی و نەتەوەییش دەزانێ کە لە خەباتی بێوچاندایە بۆ وەدیهێنانی خەونی مەزنی كوردستانییان، پارتی باوەڕی بە پاراستنی مافی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئازادیی تاک و مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەی کورد و گەلانی دیکە هەیە، بەپێی میتۆدی زانستی و ئامرازی ئاشتییانە و دیموکراسی و سەروەریی دەستوورێک کە مافی سەرجەم چین و توێژەکانی كوردستان و عێراق پارێزراو بێت.
پارتی هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە بۆ ئەو پرەنسیپانە تێكۆشاوە، کە لە ئەزموونەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و میراتی نەتەوەیی و خەباتگێڕانەی (مستەفا بارزانی) وەریگرتووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی دامەزراوە و بەدرێژایی ئەو مێژووە لە خەباتی چەکداری و مەدەنی دانەبڕاوە و زۆر دەسكەوتی گەورەی بۆ گەلی كوردستان بەدەست هێناوە و بۆ بەدەستهێنانی ئەوانی دیكەیش بە هەموو شێوازێكی خەباتی سیاسی، دیبلۆماسی، پەرلەمانی، دیموكراسی و مەدەنی بەردەوامە.
سەرەتای دامەزراندن ناوی ئەو حزبە (پارتی دیموکراتی کورد) بوو، بەڵام لە کۆنگرەی سێیەمدا کە لە ٢٦ی ١ی ١٩٥٣ لە شاری کەرکووک بەسترا، بڕیار درا ناوەکە بگۆڕدرێت بۆ (پارتی دیموکراتی کوردستان). لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی، داوای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی عێراق و دیموکراسی بۆ عێراق کرد، دوای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بانگەشەی سیستەمی فیدراڵیی بۆ عێراق كرد و كاری بێوچانی بۆ كرد، تا لە ٢٠٠٥ جێگیری كرد. پارتی حزبێکی جەماوەریی پێشکەوتنخوازە و لە هەموو چین و توێژەكان و نتەوە و دین و دینزای جیاواز و لە خەڵكی ناوچەی جیاوازی كوردستان پێکهاتووە، بۆیە هەڵقووڵاوی هەناوی كوردستانە و هێزی خۆی لە گەلە خۆڕاگر و تێكۆشەرەکەی وەرگرتووە.
پارتی هەمیشە داوای مافی ڕەوای خەڵکەکەی دەکات، بۆیە ئەگەر سەیری مێژوو و خەباتی درێژخایەنی ئەو حزبە بکەین، دەبینین ئەو هەموو قوربانیدان و سەروەرییانەی تۆمار کردووە، کە لە شەهیدبوونی هەزاران پێشمەرگە و کۆمەڵێک لە سەرکردەکانیدا بەرجەستە بووە، لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان، تاوەكوو خەون و ئاشتی و پێکەوەژیان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و قبووڵکردنی ئەوانی دیکە بێنێتە دی.
دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦، هاوکات بوو لەگەڵ لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، بە جۆرێک، لەدایكبوونی سەرۆك لەو رۆژەدا بەختێكی مێژوویی بوو بۆ خەڵکی كوردستان و ڕووناکییەک بوو بۆ کورد و کوردستان لەسەر رێبازێك كە هەمان ڕێبازی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی بوو، دوای ئەوانیش ڕێبازی مستەفا بارزانی بوو و تا ئێستاش سەرۆك لەسەر هەمان ڕێبازی ئەوان پارتی بەڕێوە دەبات و ئەندامانی پارتی بە بنەما و بەها باڵاكانی ئەو رێبازە گۆش دەكرێن.