وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان ئاشكرایکرد، ئەم ماوەیە بەهۆی وەستانی چەند یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بەهۆی پڕۆسەی چاكسازی و ڕوودانی گرفتی تەكنیكی، پێدانی كارەبا كەمبووەتەوە، بەڵام ئاسایی دەكرێتەوە.
كەمال محەمەد وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم، بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمبوونەوەی بڕی پێدانی كارەبا و باشتركردنی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا و ئاساییبوونەوەی دۆخی كارەبا سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی لە وەزارەت كرد.
بەپێی زانیارییەكان، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر زیادكردنی ١٤٠ مێگاوات كارەبا لە وێستگەی خۆرمەلە درا و هاوكات تا كۆتایی ئەم هەفتەیە یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی خەبات دەخرێتە کار.
هەر بەپێی کۆبوونەوەکە، پڕۆسەی چاكسازی لە دوو یەكەی وێستگەكانی كۆمپانیای ماس تەواو دەبن و پڕۆژەی جێبەجێكردنی پێوەری زیرەك خێراتر دەكرێت، وەزارەتی كارەبا تا كۆتایی ئەمساڵ چەند پڕۆژەیەكی دانانی وێستگەكانی مۆبایل و ڕاكێشانی گواستنەوەی كارەبا تەواو دەكات.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.