لە رووداوێکی هاوتووچۆدا لە رێگەی تاران پێنج هاونیشتمانیی خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە رۆژی سێشەممە 21-9-2021 لەنێوان شارەکانی ساوە و بوئین زارا لە پارێزگای مەرکەزی روویدا و ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تیبا خۆی بە بارهەڵگرێکدا کێشا و دەستبەجێ هەر پێنج سەرنشینی ئۆتۆمبێلە تیباکە گیانیان لەدەستدا. محەممەد پوورشەمس، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەی پارێزگای مەرکەزی رایگەیاند، لە لێکۆڵینەوەکانیاندا دەرکەوتووە کە شۆفێری تیباکە کەمتەرخەمی کردووە و بەپێچەوانەی رێنوێنییەکان، لە هێڵی بارهەڵگرەکە رۆیشتووە. بەهرام سەیدی، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای شاری ساوەش لەو بارەوە رایگەیاند، “پێکدادانەکە هێندە تووند بووە کە بەرلەوەی هێزەکانمان بگەنە شوێنەکە، هەر پێنج سەرنشینی تیباکە گیانیان لەدەستدابوو”. شاری ساوە لە پارێزگای مەرکەزیی ئێرانە و لەسەر رێگەی شاری تاران هەڵکەوتووە. مردن لە رووداوەکانی هاتووچۆدا سێیەمین هۆکاری مردنە لەو وڵاتەدا؛ ساڵی 2020 لەو وڵاتەدا 15 هەزار و 396 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدابوو. خراپیی رێگەکانی هاتووچۆ، نزمیی کواڵیتیی ئۆتۆمبێلەکان، کەمتەرخەمی، خێرایی زۆر و خەولێکەوتن وەک هۆکارە سەرەکییەکانی رووداوەکانی هاتووچۆ لە ئێران ئەژماردەکرێن. کۆمیسیۆنی ماددەی 90ی پەرلەمانی ئێران مانگی حوزەیرانی 2020 لە راپۆرتێکدا گوتی، ئۆتۆمبێلەکانی پراید و بیجۆ 405 مەرجی پێویستیان بۆ پاراستنی گیانی سەرنشینەکانیان نییە، بۆ نموونە لە سیستەمی کۆنترۆڵ و ستۆپدا کێشەیان هەیە.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.