پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس

فرسەت سەید شکور

سەرەتا

كۆڕبەندی ئابووریی جیھانی داڤۆس، ڕێكخراوێكی ناحكوومیی قازانج نەویستە و له ساڵی 1971 لەلایەن ئابووریناسی بەناوبانگ (كلاوس شواب) دامەزرێنراوە، زیاتر لە هەزار كۆمپانیای نێودەوڵەتی و فرەڕەگەز ئەندامن لەو كۆڕبەندە، لە ناویاندا كۆمپانیای نەستەلە و نیكی و مایكرۆسۆفت و دەیان كۆمپانیای زەبەلاحی تری دنیا، گەورە بەرپرسانی كۆمپانیاكانی دنیا و سەركردە سیاسییەكان، ساڵانە لەو شارە كۆ دەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر كێشە گەورەكانی ئابووری و سیاسەت لە دنیا دەكەن، هاوكات گرێبەست و پڕۆژەی ئابووریی هاوبەشی گەورە گەورە لەنێوان وڵاتان واژوو دەكرێ، ئامانجی ئەو كۆڕبەندە، ئابووریی ئازاد و رەخساندنی ژینگەیەكی لەباری وەبەرهێنانە لە سەرتاسەری دنیا بۆ كۆمپانیاكان.

کۆربەندی جیھانی داڤۆس کە زیاتر باسوخواسەکانی ئابووریین، باس لە ھەموو ئەو کێشانە دەکات کە رووبەڕووی جیھان دەبنەوە، جگە لە پەیوەندیی ئابووریی نێوان وڵاتان، بەردەوامیی پەیوەندی و برەودانی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان و داڕشتنەوە سیاسەتی تازە بۆ جیھان، لە کارنامەی کوڕبەندی ئەمساڵی داڤۆسدا، لە ژێر ناونیشانی “هاوئاهەنگیکردن لە جیهانێکی پەرتەوازەدا” لە کۆڕبەندەکە بەشێک لە باڵاترین داڕێژەرەکانی سیاسەت و بازرگانیی جیهانی کۆدەبنەوە.

کارنامەی کۆڕبەندی ئابووری جیھانی داڤۆس بۆ ساڵی 2023

لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھانی داڤۆس، لە ماوەی چوار رۆژدا، زیاتر لە 250 پانێڵ بەڕێوەدەچن؛ زیاتر لە 2 هەزار و 700 سیاسەتوان لە 130 وڵاتەوە بەشداردەبن کە 52یان سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانن. هەروەها 370 کەسایەتیی گشتی، زیاتر لە هەزار و 500 سەرکردەی بازرگانی و 90 داهێنەر و 56 وەزیری دارایی و 19 سەرۆکی بانکە ناوەندییەکان و 30 وەزیری بازرگانی و 35 وەزیری دەرەوە ئامادەی 53یەمین خوولی ساڵانەی کۆڕبەندەکە دەبن. ساڵی رابردوو، مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان لە کۆڕبەندەکە چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرنگی هەبوون لەنێویاندا کۆبوونەوە لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر و نایف حەجرەف، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو.

پێگەی ھەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس

ھەرێمی کوردستان، گەرچی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و لە چوارچێوەی عێراقدایە، بەڵام بەھێزیی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە جیھان و ناوچەکە و بە دیاریکراوی ڕۆڵی مەسرور بارزانی لە ڕووی سیاسی – ئابووری و یەکلاییکردنەوەی گرفت و چەقی گفتوگۆ و ململانێ سیاسی و ئابوورییەکان و زەمینەڕەخساندن بۆ بەھێزکردنی ئاسایش و ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر، هۆکارن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشداریی سەرەکی و کارای کۆڕبەندەکە بێت.

مەسرور چی بە وڵاتان دەڵێت؟

لە كۆڕبەندی داڤۆسی ئەمساڵدا، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە ڕۆژانی سەرەتا کۆمەڵێک دیداری بایەخداری دیپلۆماسی ئەنجامدا لەوانەش، (ئەلیکساندەر دیکرو) سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، (داڕێڵ عیسا) کۆنگرێسمانی ئەمریکی، (تۆنی بلێر) سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، شای بەلجیکا فیلیپ و شاژنی ئەو وڵاتە ماتیل و بەرپرسانی باڵای بەلجیکا، (لەتیف ڕەشید) سەرۆککۆماری عێراق، (عەبدوڵا بن عادل فەخرۆ) وەزیری بارزگانی و پیشەسازی بەحرەین و هتد..
لەڕووی نێودەوڵەتییەوە بۆ ھەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونێکی زۆر باشی پێگەی دیپلۆماسییەتی ھەرێمی کوردستانە، چونکە ڕەنگبێ بۆ سەرکردەی وڵاتانی کاریگەری جیھان قورس بێت کە کۆمەڵە دیدارێکی وەھا لەماوەیەکی کەم ئەنجام بدەن، (داڤۆس) سەکۆی کۆکردنەوە و لێک نزیککردنەوەی وڵاتانە لە ھەموو پایە و سێکتەرە گرنگەکان، بە گشتیی ئەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان گرنگە مەسرور بارزانی گەیاندوویەتیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی گەنگەشە بابەت و پرسە ھەنووکییەکانی ئێستای جیھان وەک
١- پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیھان
٢-گفتوگۆ لەبارەی دۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتیی
٣- زیاترکردنی ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتان بەتایبەت لەبواری بارزگانی و ھەناردەی بەروبوومی کشتووكاڵی
٤-ڕووبەڕوونەوەی داعش و پێگەی ھەرێمی کوردستان و ڕۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگە نەهێشتنی پاشماوەی داعش
٥-ھەنگاوەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری گرفتەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد و ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی لۆژیک و ڕاستییەکان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
٦-ھاوئاھەنگیی بۆ بەرەنگاری کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەشوھەوا
٧-چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەمەجۆرکردنی ئابووری و بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوازییە گشتییەکان
٨-خستنەڕووی نیازپاکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی یاسای نەوت گاز لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز
٩-پابەندی حکومەتی ھەرێم بە دانەوەی ئەو قەرزانەی کە لە کۆمپانیا بیانییەکان وەرگیراوە
١٠-
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لۆژیکییانە چەندان بابەتی بۆ نوێنەر و کاربەدەستی دەوڵەتانی جیهان ڕوون کردەوە.

کۆبەند

خستنەڕووی شەفافانە و بوێرانەی زانیاری و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئیدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش باشتر لەو حەقیقەت و ڕاستییانە دەگەینێت، کە ھەرێمی کوردستان وەک یەكێك لە پارێزەرانی گەورەی ئاسایش و ئارامی و ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر دەمێنێتەوە لەم ناوچەیە، لەڕووی ئابوورییشەوە لەپێناو بەگەڕخستن و ڕەخساندنی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەکان، بێ وچان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی پەرە پێدەدات.جیا لەوانەش لەماوەی داهاتووی کۆڕبەندەکە، سەرۆکی حکومەت له‌ چه‌ند پانێل و گفتوگۆیه‌كدا بەشدار دەبێت، هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی دیکەی جیهان ئه‌نجام دەدات. نیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانی و کابینەی نۆیەمدا ڕەنگی داوەتەوە.
بەشداری ناوبراو لەو کۆڕبەندی داڤۆس، جیا لەوەی خاڵێکی ئەرێنیی بەھێز و گرنگە، ھاوکات ئەو دیدارانە وەڵامدەرەوەی چەندین ئالنگاریی ناوەخۆیی و دەرەکییە، کە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو، کاری بۆ کراوە، بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە و لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، بۆ حکوومەتی ھەرێم.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.