پەروەردەی بێ ھەڵە … پەروەردەی شکستخواردو
*مەعروف حەمەدسەعید
مامۆستا گیان…. کاتێک کە لە قوتابییەک توڕە و پەست دەبیت بەھۆی ھەڵەیەکەوە، بەر لەوەی تووشی ھەڵچوون ببیت و دەنگ بەرزکەیتەوە و بیر لە سزادان و تۆلە بکەیتەوە، ساتێک بەھێمنی لەگەڵ خۆت بدوێ و بیر بکەوە ئاخۆ ئەو قوتابییە چ ھەڵەیەکی کردووە؟ وڵامی پرسیارەکەتی بە راستی نەداوەتەوە … ئەرکەکانی پێتسپاردبوو ئامادەی نەکردوە …. وەکو ئەوەی تۆ پێشبینیت کردووە ئەو لە بابەتەکە تێنەگیشتووە … ھەوڵیداوە لە تاقیکردنەوە گزی بکات … یان لە کاتی وانەگوتنەوەدا سەرقاڵی شتێکی دیکە بوو یانیش لەگەڵ ھاوپۆلەکەی قسەی دەکرد و …. ھتد؟ پاشان لەخۆت بپرسە ئاخۆ ئەو رەفتارانەی بای ئەوەندە دێنێ بەھۆیەوە سەرزەنەشتی بکەی و لەبەردەم ھاوڕێیەکانی سووکایەتی پێبکەی و کەسایەتی لەکەدار بکەی؟ ساتێک لەگەڵ خۆت بدوێ کەوا لە پێشوودا تۆ کامە لەو ھەڵانەی ئەوت نەکردووە…
ھەوڵ بدە ئاگاداری ئەو راستییە بیت کە فەیلەسوفێکی فەڕەنسی لە بواری بیداگوجیا بەناوی (گاستۆن باشلار) لە میانی وتەیەکیدا باسیکردووە و گوتوویەتی: راستییە زانستییەکان ئەو چەوتی و ھەڵانەن کە راستکراونەتەوە.
بە تێگەیشتن لەوە بۆت دەسەڵمێت کەوا ڕاستییەکانی ئەمڕۆ دەرەنجامی ئەو ھەڵانەن کە لە رابردوودا کراون، پەروەردە و نەشونما و پێشکەوتنی ھەر گەل و نیشمان و وڵاتێک لە ھەڵەی رۆڵەکانییەوە دەست پێدەکات و دواتر دەچێتە قۆناغی بەدەستخستنی زانیارییەکان و سوود وەرگرتن و خۆلادان لە زیانەکانی و وەبەرھێنانکردن لەو ھەڵانە بەشێوەیەک وەکو ئەزموون دەخرێنە خزمەت کایە و مرۆڤەکان.
لەکاتی شێنەییدا ھیچ کەسێک نیە ئەو دەستەواژەیە نەڵێت: (ئەوجا چیە … لۆ کێ ھەیە غەڵەت نەکات… دەبی ھەمووان غەڵەت بکەن ھەتاکو سوودی لێ وەرگرن و دووبارەی نەکەنەوە، سوار ھەتا نەکەوی نابیتە سوارچاکێکی باش … )، مەرجە کە ئەم بیرکردنەوەیە لە ھەڵوێستی رۆژانە و لە ئەرک و کار و رەفتارەکانیشماندا وەکو پرانسیپ پیادەی بکەین و وەکو تاگوری مەزن دەڵێت ئەگەر دەمانەوێ راستییەکان بھێنینە نێو ژیا ن و لەبەر دەرگا نەمێننەوە؛ با دەرگا لەسەر چەوتییەکان دانەخەین.
لە ئەرکی مامۆستایەتیدا دەبێ ئەوە ئاگادار بین کە نابێت ھەڵە تەنھا بە شکست و لەڕێلادان بزانین، بەڵکو وەکو دیاردەیەکی پەروەردەیی لێکدانەوەی بۆ بکەین کە دەکرێ ببێتە خاڵی دەستپێکی زانین… چونکە ئەم راستییەکان لە سەرەتاوە بە کۆمەڵێک ھەوڵی ھەڵەدا تێدەپەڕن تاکو لەشێوەی بیرۆکەیەک بۆ فێربووندا بەرجەستە دەبن و دوایی دەبنە رەفتار و دەرەنجام. واتە فێربوون تەنھا کاتێک ڕوودەدات کە لە زانیاری پێشووەوە دەست پێبکات بە ڕاستکردنەوە و بنیاتنانی ئەو شتانەی کە قوتابی لە پێشوودا پێی وابووە کە راستن، بەڵام کاتێک بۆی ئاشکرا دەبێت کە راستییەکی دیکە ھەیە ئەو دەرکی پێنەکردوە ئەوکاتە پشت بەو بنەمایە نوییە دەبەستێت و ھەڵەکانی پێشووی پشتگوێ دەخات و پەنای بۆ ناباتەوە.
لەوبەینەدا ئەرکی مامۆستا ئەوەیە لەگەڵ قوتابییەکەیدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە ڕاستکردنەوەی ھەڵەکان، نەک بۆ شکاندنەوە و ریسواکردن و چاودێری ھەڵەکانی. گرنگترین شت کە تیۆریزانان لەسەری کۆک و ھاوڕابوونەوە ئەوەیە کە پێویستە ھەڵە وەک شتێکی ئاسایی و بەسوود لێکدانەوەی بۆ بکرێت، نەک بەچاوێکی ڕەخنەگرانە سەیر بکرێ کە رێگر و بەربەست بێت لەبەردەم فێربوون و ئەو ھەستە بۆ قوتابی دروست نەکرێت کە ئەو ھەڵانەی ئەو دەیکات تاوانن و شیاوی سزادان و لێپیچینەوەن.
جاریوا لەوانەیە قوتابی خۆی لەبەردەم بابەتێکدا ببینێتەوە کە لەگەڵ ئارەزووەکانیدا ناگونجێت، جاریوا ھەڵبژاردنی شێوازی وانەگوتنەوە یان ھەڵبژاردنی چاڵاکی نەگونجاو یان سەرنەکەوتنی مامۆستا بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ قوتابیدا وابکات ئەو لەڕووی ھزری و دەروونییەوە ھاوسەنگ نەبێت و وڵامدانەوە و رەفتارێکی وا بنوێنێت و لە ڕوانگەی مامۆستاوە وەکو ھەڵە ناوزەد بکرێ. دواجار دەبێ ھەمووان بزانین کە ئەستەمە لە پرۆسەی فێربووندا بتواندرێ ھەڵە بنبڕ بکرێ.. پێویستە بای ئەوەندە سینگمان فراوان بێت و تێبگەین کەوا ھەڵە مەرجێکە بۆ فێربوون و مافی ھەر مرۆڤێکە ھەڵە بکات. باشتر وایە ھاوکاری و پشتیوانی قوتابی بکرێ و رێگاکانی پیشان بدرێ و ئەرکی دۆزینەوەی ھەڵەکان بۆ قوتابی جێ بھێڵدرێ و خۆی ڕاست بکاتەوە بۆ ئەوەی متمانەی بۆ دروست ببێت و گەشە بە کەسایەتی و پێزانین و لایەنی ھزری خۆی بدات.
با وا لێکدانەوەی بۆ بکەین کەوا ھەڵەی قوتابی ھەنگاوێکە بۆ فێربوون و پێویستی بە ڕۆڵی تۆ ھەیە وەکو مامۆستا ھاوکاری و ڕێنمایی بکەی.
کە قوتابی ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکا چاوپۆشیکردنی مامۆستا بە ڕەچاوکردنی ئەوەی ھەست و سۆزی قوتابی بریندار نەکات و قوتابی لەپێش ھاوڕێیەکانی ھەست بە شەرمەزاری نەکا، بۆ ئەوەی نەڕووخێت و تووشی دڵساردی و نائومێدی نەبێت لەوەی بە گەرموگوڕی و خۆشەویستییەوە بڕوانیتە خویندن و قوتابخانە و ببێتە ھۆی دابڕانی و رقی لە قوتابخانە ببێتەوە. ھەڵبژاردنی بێدەنگی بەرامبەر ھەر ھەڵەیەکی قوتابی و وەڵامدانەوەی بە وشەیەکی پەروەردەییانە و رەفتارکردنی مامۆستا وەکو کەسێکی نزیک و باوک و دایک و خوشک و برای ئەو قوتابییە، ئەمە وا دەکا بە ھەڵەکانیدا بچیتەوە و دووبارەی نەکاتەوە. پەرچەکرداری مامۆستا بەشێوەیەکی رق و کینەوە یان تەنانەت بە نیگایەکی توند؛ قوتابی لەبەرامبەردا رەفتارێکی ھاوشێوە بنوێنێت. بۆیە کاری مامۆستای تێگەیشتوو و پێگەیشتووە بە رێگایەکی زانستی قوتابی بھێنێتە سەر رێگای راست و رێنیشاندەری بێت.. کە مامۆستا بەشێوازێکی پەرورەدەییانە رەچاوی بارودۆخی قوتابی دەکا و ڕووخۆش و قسەخۆشە لەگەڵیاندا، بەوە قوتابیان زیاتر ئارەزووی بابەتەکەی دەکەن و لێی فێر دەبن و خۆشیان دەوێ، لەبەر ئەوەی ژینگەیەکی پەروەردەییانەی فەراھەم کردووە؛ قوتابیان فێری ئەوە دەبن تەنانەت لەناو خێزان و کۆمەڵگاش بە جوانی ھەڵسوکەوت بکات. کەواتا گۆڕانکاری لە خێزان و کۆمەڵگا و وڵات لە پەرورەدەوە دەستپێدەکا و مامۆستا لەو گۆڕانکارییەدا رۆڵی کاریگەری ھەیە.
ھەر مامۆستایەک لەلای قوتابییەکانی خۆشەویست بێت؛ بابەتی وانەکەی ئاسان و سووک و بێ گرفت دەبێت، ئەمە تێکڕای قۆناغەکانی خوێندن دەگرێتەوە و مامۆستا لە رێگەی بەدەستھێنانی متمانە و خۆشەویستی قوتابییەکانی دەتوانێت پشتیوانی لەو راستییە بکات کەوا ھەموو ئامانجەکان لەڕێی خۆشەویستییەوە بەدی دێن… لەبەر ئەوەی ھیچ شتێک بەقەدەر پەراوێزخستن و و رق و ناحاڵیبوون و خۆدزینەوە لە ئەنجامدانی ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکان نەبۆتە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنەکاندا.
مامۆستا بۆ لەبەردەم ھەندێک ھەڵەی قوتابیان کە بەدەرن لە تواناکانی ئەو؛ دەتوانێت پەنا بۆ کارگێڕی قوتابخانە ببات و بە یارمەتی ئەوان چارەسەری بۆ بکەن و دواجار قوتابی بۆی روون ببێتەوە کە رێگای راستتر و گونجاوتر بۆ دەربڕین و داواکان و فێربوون ھەیە. گەورەترین پادداشت و رێز و سوپاس ئاسوودەیی ویژدانی مرۆڤەکانە، کە مامۆستا لە رۆشنکردنی رێگا و دنیابینی قوتابییەکانیدا سەردەکەوێت ئەوا ئەو سەرکەوتنەی بە سوودی قوتابییەکە و تێکڕای کۆمەڵگا تەواو دەبێت، قوتابییەکانی لە کۆتاییدا دەرک بە گەورەیی و کارامەیی و دڵسۆزی ئەو دەکەن و دەبێتە پێشەنگ و جێی شانازی ھەمووان.
قوتابی ھەر رەفتارێکی نابەجێ بکات؛ وەکو شەڕ و دزی و گزی… ئەوا ئەگەر وەڵامی مامۆستا پەروەردەییانە بوو لە ئەنجامدا گرێیەکان دەبنەوە و ھەڵەکان بەرەو چاکبوونەوە و راستبوونەوە دەچن.
قوتابییەک دوای ٣٥ ساڵ مامۆستایەکی خۆی دەبینێتەوە و پێی دەڵێت: مامۆستا دەمناسیتەوە؟
ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت: نەخێر.
قوتابییەک دەڵێت: من ئەو قوتابییەی تۆ بووم کە کاتژمێری ھاوڕێکەمم دزی، تۆ داوات لێکردین ھەمووان ھەستینەوە تاکو گیرفانمان بپشکنیت … من ئەوکاتە ترس دایگرتم نەبادا ئابڕووم بچێت و ببمە جێی گاڵتە و تانەی ھاوپۆلەکانم. لەناکاودا گوتت ھەمووتان چاوتان داخەن… کاتژمێرەکەت لە گیرفانی چاکەتەکەم دەرھێنا و لەبری ئەوەی سەرنەزشتم بکەی و ناوم بڵێی کاتژمێرەت دایەوە خاوەنەکەی…. لەو رۆژەوە منیش گفتم لەگەڵ خۆمدا چیتر کاری وا نەکەم.
مامۆستاکە؛ رووداوەکە و قوتابییەکەی بیر دەکەویتەوە و پێی دەڵێت: با شتێکت پێ بڵێم… من ئێستا لە زاری تۆوە زانیم کەوا تۆ بوویت کاتژمێرەکەت بردبوو لەبەر ئەوەی کە گیرفانی قوتابییەکانم دەپشکنی منیش چاوەکانم داخستبوو تاکو نەزانم کێ ئەو کارەی کردووە…
*بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.