پەرە سەندنی ستراتیژیەتە هاوپەشەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا

نەوزاد محەمەد

زۆرن ئەو خاڵانەی دەکەونە بازنەی پلانی ستراتیژی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، یان لە نیوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا.

قۆناغی شەری دژی تیرۆریستانی داعش قۆناغێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ ئەمریکا، کە بگاتە ئەو باوەریە کە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان باشترین و بەهێزترین هاوپیمان لە ناوچەکە و لە شەری دژی تیرۆر.

لەو کاتەوە ئەمریکا جگە لە پەیوەندیە سیاسی و دیبلوماسی و ئابوریەکان، دەستی کرد بە بەهێز کردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی لەشکری.

ناوبردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هاوپەیمان سەرەتایەکی نوێ بو لە ستراتیجیەتی لەشکری ئەمریکا لە ناوچەکە بە گشتی، دەستکەوتێک بو بۆ هەرێمی کوردستان کە ببێت بە ئەندامێکی کارا لە هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی لە شەری دژی تیرۆر.

ئەم هەنگاوە ئاماژیەیەکی روون بو کە لە داهاتوودا پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت و زیاتر دەبێتە مایەی گرنگی پێدان لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی یەوە.

گرنگی دان بە ئامادە کردن و مەشق پێکردنی هێزی پێشمەرگە.
دابین کردنی سیستەمی موشەکی پاتریۆت بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە دژی هێرشی موشەکی و فرۆکەی بێ فرۆکەوان.
بونیادنانی گەورەترین کونسلخانە لەسەر ئاستی ناوچەکە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کورستان.
کومەک کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ زیاتر لە جارێک بە پێداویستی سەربازی و لەشکری.
دواجاریش هەواڵی دابین کردنی فڕۆکەی بێ فرۆکەوان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان

ئەمەیان هەموویان لە چوارچێوەی ستراتیژیەتی نوێی ئەمریکا یە لە ناوچەکە، کە تایبەتمەندی و گرنگی بە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دراوە و بۆ ئایندەش وەکو هاوپەیمانێکی بەهێز لە ناوچەکە دەبیندرێت.

پێمان وایە قۆناغی داهاتوو قۆناغی یەکلاکردنەوەی کێشەکان دەبێت لە عیراق بە گشتی، دۆخی سیاسی عیراق و حکومەتی داهاتوو، میلیشیا چەکدارە نا شەرعیەکان، ناکۆکیەکانی نێوان عیراق و هەرێمی کوردستان، شەری داعش، دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری عیراق و هەرێمی کوردستان.

ئاماژەکان بۆ ئەم پێشبینی یە، ئەوەیە کە پاش هێرشەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەرسەنگەرەکانی پێشمەرگە لە سنوری مەخمور، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لایەک و سەرۆک وەزیرانی عیراق لە لایەکی ترەوە خۆیان گەیاندە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی و لەشکری هەرێمی کوردستان کۆبونەوە، بێ گومان ئەم سەرەدانانە سودفە نین، بەڵکو رێکخراون و پەیامی تایبەت خۆیان بە دواوەیە.

لە هەمان کاتدا ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیونی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە عیراقیەکان و گۆڕانکاری بەسەر ستراتیجیەتی هێزی پێشمەرگە لە حالەتی بەرگری کردن بۆ هێرش بردن کە ئەمەیان خاڵێکی زۆر گرنگە.

تەواوی باڵانسەکان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دان، ئەوەی گرینگە هەرێمی کوردستان بتوانێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت کە لە کاتێکی هەستیار دایە، تەنها پێویستی بە سەلماندنی یەک گوتاری سیاسی و لێهاتوویی و یەکگرتوویی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.

  • نڤیسەرێ هێژا دکاری ئەو ناڤێ تە لخارێ هاتیە نڤیسین هەموو بابەتێن خۆ بینی …. دگەل رێز

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.