پەکەکە پوینتەری دەستی تورکیایە و دەبێت لە کوردستان دەربکرێت

نووسینی: جیگر ڕەشید هەرکی

دەبێت پەکەکە لە کوردستان نەمێنێت، چونکە ئەگەر بیری لێبکەینەوە لەسەرەتای دامەزراندنی پەکەکەوە هەتا ئێستا پەکەکە یەک دەستکەوتی نییە کە شایەنی باسکردن بێت و خزمەت بە دوزی ڕەوای گەلی کورد کردبێت، جگە لە مالوێرانی و بە کوشتدانی خەڵکی سڤیل و ڕفاندنی منداڵی هەرزەکار و خەڵکی هەژار بۆ ڕیزەکانی بۆ ئەوەی بە زۆرە ملێ بچنە ژێر باری داواکارییە دژە کوردەکانیان.

زۆر زەرۆرە پەکەکە لە کوردستان دەربکرێت، چونکە بونەتە بەکرێ گیراوی وڵاتان و بەڵای سەری کوردستان، لەو کاتەی بە پلانێکی ئەقلیمی دژەکوردانە بۆ کوردستان بە ڕێ کران، بووینە هۆکاری ئەوەی خەڵکی کوردستان نەتوانێت لە گوند و دێهاتەکانیدا بە ئازادانە بژین و ژیان بەسەر ببەن، چونکە هەر جارێ چیڕۆکێکی پیسی و کردەیەکی چەپەل ئەنجام ئەدەن جا لە کاری تیرۆرستی بگرە هەتا بە ئامانجگرتنی دەستکەوتەکانی کوردستان.

تورکیا هەر کارێک لە کوردستان ئەنجام بدات کە خەڵکی سڤیل ببێتە قوربانی هۆکار و بیانوو بە پەکەکە دەگرێت ، کەواتە دەبێت بە خۆشی بێت یان ناخۆشی پەکەکە کوردستان چوڵبکەن و هێندە زیاتر بیانوو بە تورکیا نەدەن خەڵکی سڤیل بکاتە قوربانی، ئەگەر ڕاست دەکەن و پوینتەری وڵاتی تورکیا نین با بفەرموون سەنگەری خەباتی خۆیان بۆ باکووری کوردستان بگوازنەوە و دژی تورکیا شەڕبکەن.
هەرکاتێک تورکیا بیەوێت شوێنێک داگیربکات یان تۆپباران بکات پێشتر پەکەکە وەک پوینتەر( ماوسی) بۆ ئەوێ دەنێرێت نمونەش زۆرن وەک: ئەگەر پەکەکە بیانوو نەبووا تورکیا سنوورەکانی کوردستانی نەدەبەزاند و تۆپبارانی گوند و دێهاتەکانی کوردستانی نەدەکردن، ئەگەر بیانوویان بە تورکیا نەدابووا عەفرینی داگیر نەدەکرد، ئەگەر هۆکار نەبووان شنگال و مەخمووری تۆپباران نەدەکرد. ئەم هۆکارانە و چەندین هۆکاری تر کە کەشێکی وایان خولقاندووە چارەسەر تەنیا ئەوەیە دەبێت پەکەکە کوردستان چۆڵبکەن و چیتر نەبنە هۆکاری ئەوەی خەڵکی سڤیلی کوردستان بکرێتە قوربانی.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.