پەیامم بۆ هەفتەی بەرەنگاربونەوەی توندو تیژی دژی ئافرەتان
خوشین حاجی حمد ، ئەندام لە
ئەنجومەنی ئافرەتانی سۆران لە ناوەندی وەرتی
هەڵمەتی نیشتیمانی توندوتیژی دژی ئافرەتان هەلمەتێکی گشتگیرە، و لەسەرتا سەری جیهان ساڵانە ئەم هەلمەتە بۆ ماوەی (١٦) رۆژ بەردەوام دەبێت و لە هەرێمی کوردستانیش ئەم هەڵمەتە زۆر بە گرنگیەوە کاری لەسەر دەکرێت، من پێم وایە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان نەک چەند رۆژێک بەلکو، ٣٦٥ رۆژی سال پێویستە ئیمە هەولبدەین بۆ، نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتانمان لە کۆمەلگای ئیمە بە تایبەت کە رۆژانە چەندین توندو تیژی جۆراو و جۆر دەبینین. کە،
توندوتیژی دژی ئافرەت دیاردەیەكی جیهانە و تایبەت نییە بە كۆمەڵگەیەكی دیاری كراو، بەڵام ئاست و هۆكارەكانی لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیكە جیاوازیی هەیە، هەر بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێویستە بە دوای هۆكارەكانی سەرهەڵدان و رەگداكوتانیدا بگەرێین لەناو خودی كۆمەڵگەكەدا.
بۆ نەهێشتنی یاخود كەمكردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت دەبێت سەرەتا ئەوەمان لە پێش چاوبێت کە ئەمە کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە دروستکردنی گۆرانکاری هەیە لە شێوازی هزر و جۆری بیرکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەدا، گۆرینی ئەقڵیەتیش پرۆسەیەکی دراماتیکی نییە و خێرا نایەتە کایەوە، بەڵکو پێویستی بە كاری هەمەلایەنە و بەردەوام و ستراتیژی دوورمەودا هەیە لەلایەن هەموو ناوەندەکانەوە وەک “خێزان، ناوەندەکانی خوێندن، راگەیاندن، دەزگا فەرمی و نافەرمیەکان، رێکخراو و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان” بە تایبەت لە لایەن ئێمەی رێكخراوەكانی ئافرەتان پێویستە كار بکەین بۆ هۆشیار کردنەوەی رای گشتی و لاواز کردنی ئەو نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییانەی کە رەوایەتی بەم دیاردەیە دەدەن و، لە لایەن بەشێك لە تاكەكانەوە پەیرەوی لێدەكرێت هەوڵ بدرێت تاكەكان هۆشیار بكرێنەوە لەوەی کە ئەم رێسا کۆمەڵایەتی و داب و نەریتانە مایەی شانازی نین و، دوورن لەهەر بەهایەكی مرۆڤایەتی، ئەم دوو مرۆڤەش ئافرەت و پیاو جگە لە چەمكی مرۆڤ بوون ناكرێت هیچ چەمكێكی دیكە بكرێتە بنەما بۆ پەیوەندییەكانیان،
“لە کۆمەڵگای ئیمەدا سەرباری ئەو هەموو پێشكەوتنانە، نەتوانراوە دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەت لە هەرێمی كوردستان دەستی بەسەردا بگیرێ”
خێزان لە پەروەردە و پێگەیاندندا پرەنسیپەكانی یەكسانی پەیرەو بكات و مافەكانی كچ و كوڕ وەك یەك و بەبێ جیاكاری بپارێزێت. هەروەها، پێویستە كە دادپەروەری و :یەکسانی لە نێوان هەردوو رەگەزدا لە یاسادا بچەسپێنرێت و یاسا لەسەر بنچینەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دابرێژرێت، ئەو مادە یاسایانەی بەم بوارەوە تایبەتن كارا بكرێن و هەموو ئەو كەسانەی كە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت دەكەن بدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەربگرن، بۆ ئەوەی كۆمەڵگە بێبەش نەبێت لە وزە و توانای ئافرەت كە پێداویستییەكی بەڵگە نەویستە بۆ پێشكەوتنەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی، دیموكراسی، سیاسی و ئابووری هەر كۆمەڵگەیەك و هەر كۆمەڵگەیەكیش وزە و توانای ئافرەت نادیدە بگرێت بە دڵنیاییەوە ئایندەیەكی گەش چاوەرێی ناكات . لە کۆمەڵگای ئیمەدا سەرباری ئەو هەموو پێشكەوتنانە، نەتوانراوە دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەت لە هەرێمی كوردستان دەستی بەسەردا بگیرێ و، هەندێك جاریش ئامارەكان لە بەرزبوونەوەدان، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەم دیاردەیە رەگی لە نێو سترەكتۆری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەدا هەیە و، هەڵقوڵاوی بەشێك لەو كهلتوورە دواكەوتووەیە كە لە كهلتووری نەتەوەكانی دەوروبەر و بەشێك لە كهلتووری بەدەستهاتووی بەناو دابونەریتی كوردەواری خۆمان، كە تێكەڵكراوە بە دەقە ئاینیەكان، كە دەڵێین بەشێك لە كهلتووری بەدەستهاتووی بەناو دابونەریتی كوردەواریی خۆمان، مەبەستمە بڵێم كهلتووری ئێمە لە بنەرەتدا كهلتوورێكی دژە ئافرەت نییە و، توندوتیژیش دژی ئافرەت كهلتووری ئێمە نییە، بەڵام كۆمەڵگەی ئێمە بە درێژایی مێژوو داگیركراوە و، رووبەرووی پرۆسەیەكی بەردەوامی توندوتیژی بۆتەوە، ئەمەش وایکردووە پەروەردەی كۆمەڵایەتی پەروەردەیەكی توندوتیژ و، ناهاوسەنگ بێت بە شێوەیەك كە لەگەڵ یەكەم چركەساتی لەدایكبوونی مرۆڤی مێینە رەنگی داوەتەوە. لێرەشدا، ئافرەت هەوڵ دەدات بوونی خۆی بسەلمێنێت و داكۆكی لە مافەكانی خۆی بكات، لە ئەنجامدا رووبەرووی توندوتیژی دەبێتەوە، كە ئەمەیان خاڵی وەرچەرخانی پرۆسەكەیە و، چونكە بێدەنگی ئافرەت لە ئاست توندوتیژییەكان هۆكارێكی دیكەیە بۆ بەردەوامی توندوتیژی لە بەرامبەری، کە زۆربەی ئافرەت ئەم بژاردەیان هەڵدەبژارد و بێدەنگدبوون لە ئاست توندوتیژییەکان کە ئەمەش لە لایەن کۆمەڵگەوە بە لاوازی ئافرەت لێکدەدرایەوە و، لە راستیشدا ئەمە لاوازی نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە پێکهاتەی رۆحی و مەعنەوی ئافرەتەوە هەیە کە ناتوانێ توندوتیژ بێت. بەڵام ئێستا، خۆشبەختانە ئافرەت لە هەرێمی كوردستان لە رێگەی یاساوە لە بەرامبەر توندوتیژییەکان دێنە دەنگ و داوای مافی خۆیان دەکەن و، هەندێک جاریش لە دەرگای جیابوونەوە دەدەن و رازی نابن بە ژیانی کۆیلە ئاسا و پر لە توندوتیژی، بەرزبوونەوەی رێژەی سكاڵاكانیش ئەوە دەسەلمێنن، لە ئێستادا.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.