▪ پەیامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان پارتی دیموکراتی کوردستان

▪ پەیامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان
پارتی دیموکراتی کوردستان

نەبەردی شارەستێن لە 26-12-1976 ئەستێرەیەکی ھەمیشە پرشنگدار و درەوشاوەی ئاسمانی کوردستان

سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەھیدانی نەبەردی شارەستین و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان دادەنوێنین .

سڵاو بۆ پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی قیادەی مؤقتەو بەرپرس و فەرماندەو ھاووڵاتییانی بەشداربووی نەبەردی شارەستین و سێدەر وناوچەی جافایەتی و سەرگەڵو و قامیش و گەڵاڵە کە جوانترین نەبەردیان لە مێژویی کوردو کوردستان تۆمار کرد.

لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ، لە 26-12-1976 پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان – قیادەی موەقەتە – ھەڵۆ ئاسا و باوەڕ بە خۆ و بە خوا و بە ڕەوایەتیی پرسی کورد و کوردستان و بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و بە سەرکەوتن، لە بەرەبەیانییەکی تەموومژاوی و بەباران و زۆر سارددا ڕووبەڕووی ھێرشە دڕندانەکانی سوپای ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس بوونەوە، لە سنووری قەزای دوکان و ناوچەی جافایەتی (شارەستێن و سێدەر) و ناوچەکانی
سەرگەڵو و شینکایەتی (قامیش و گەڵاڵە) لە یەك ڕۆژ و لە یەك کاتدا. کە مەبەست لەو هێرشانە ڕاگواستنی دانیشتووانی ناوچەکانی قەڵای شۆڕش و مەردایەتی و، داگیرکردنی ناوچەکە بوو. پێشمەرگە دڵسۆزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان – قیادەی موەقەتە – مەردانە و سەربەرزانە ھەڵۆ ئاسا لێیان ھاتنە دەست و تێکیانیان شکاند و وانەیەکیان پێدان ھەرگیز لە یادیان نەچێت.

لە شارەستێنی سەربڵند و لە گشت بەرەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەدا ڕۆژی 26-ی 12-1976 ھێزەکانی دوژمنی ستمکار و داگیرکەر تێکدران و ھەڵتەکێندران و شیرازەیان لە دەست دا و بە شێوازێك ھەڵاتن و ڕاونران و بە جۆرێک سەریان لێ شێوابوو ئێستاش نازانن چۆن و بە چ ڕێگایەك ڕایان کرد و چییان بەسەر ھات و چۆن دەربازیان بوو!!!، تەنھا لە نەبەردی شارەستێن سێ ھێلیکۆپتەریان لێ خرایە خوارەوە و (163) سەرباز و پلەداری سەربازی و لە نێویابدا ئەفسەر بە پلەی جۆراوجۆر کوژران و بە دۆزەخ مشەڕەد کران و کەرەستە و کەلوپەلی زۆری سەربازییان لێ بەجێ ما و ئەوانەی کە قورتار بوون ئێستاش نازانن چۆن و بە چ ڕێگایەکدا ھەڵاتن و چۆن زیندوو ماون و بە چ شێوەیەك دەربازیان بووە؟!!

نەبەردەی شارەستێن بە گیانی پاکی (7) حەوت شەھیدی پێشمەرگەی قارەمان و (16) شانزە شەھیدی ھاووڵاتیی سەربەرز لە نێویاندا کەسایەتی سەربەرزو ناسراو حاجی مامۆستا مەلا ڕەسوڵی شارستێنی و (52) پەنجاو دوو برینداری ئافرەت و منداڵ و پیر و گەنجی سڤیلی ناوچەکە و برینداربوونی (9) نۆ پێشمەرگەی دلێری پارتی دیموکراتی کوردستان – قیادەی موەقەتە – و برینداربوونی بەرپرسی ھەرێمی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان – قیادەی موەقەتە – و جێگرەکەی تۆمار کرا و، ناوچەکە لە ڕاگوستن و داگیرکاری پارێزرا.

لە ھەر چوار بەرەی دیکەش دوژمنانی ماف و خاكی کوردستان تێکشکێنران و ڕاونران و کوژراو و بریندار و دیلیان لێ بەجێ ما و کەوتنە دەستی پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتیمان پارتی دیموکراتی کوردستان – قیادەی موەقەتە – و کەرەستە و کەلوپەلێکی سەربازیی زۆریانیش لێ گیرا و چەند ئۆتۆمۆبیلی سەربازییان لە کاتی ھەڵاتندا وەرگەڕان و بە جێ مان.

لەو سەردەمە ھەستیارەدا، نەبەردی شارەستێن خەم و دڵتەنگی و بێئومێدیی دڵسۆزانی گەلی کوردستانی ڕەواندەوە و دڵخۆشی و ئومێد و باوەڕ بە سەرکەوتنی بۆ دڵ و ئاوەزیان گێڕایەوە.

لە هەمان کاتدا، نەبەردی شارەستێن بێئومێدی و ڕسوایی لە دڵ و دەروونی نەیارانی کوردستان و پیلانگێڕانی ڕێککەوتننامەی جەزائر و خائین و خۆفرۆشان چاند.

نەبەردی شارستین لە میدیاکانی جیھانی و ڕادیۆی (بی بی سی) دەنگی دایەوە و بە دنیای دەرەوەی ڕاگەیان کە شۆڕشی کوردستانی عێراق بەردەوامە و پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانی بۆ بەدەسھێنانی مافەکانیان شەڕی پارتیزانی لە دژی ڕژێمی بەعسی بەغدا دەکەن و، بە وردی و وردەکارییەوە باسی نەبەردی شارەستێنی کرد.

سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی نەبەردی شارەستێن و گشت شەھیدانی کورد و کوردستان
سڵاو لە دانیشتووانی ناوچەکە و بەشداربووانی نەبەردی شارەستێن لە 26-12-1976.
سلاو لە گشت پێشمەرگە سەربەرزەکانی کوردستان و دڵسۆزانی گەلەکەمان لە کوردستان و عێراق و لە ھەندەران.
سڵاو بۆ ڕوحی پاکی ھەڵۆی بەرزەفڕ بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد.

د. کەمال کەرکوکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان -ی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٦-١٢-٢٠٢٢

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.