چەند ئەشکەوت و مەزارگەیەک لە بناری چیای سەفین

ئامادەکردنی محمد هەسنانی ـ باس کورد
ئەشكەوتی (مارترۆنیس) لە زنجیرەچیای سەفین دەڕوانێتە سەر قەزای شەقڵاوە، شوێنەواری ژیانی پێوە دیارە و دەگوترێت لە كۆنەوە وەك شوێنی خوداپەرستی و مەزارگە بەكار هێنراوە.

نادر ڕوستی، لێكۆڵەر و نووسەر و شارەزا لە بواری گەشتیاری بە (باسكورد)ی ڕاگەیاند: “ئەشكەوتی (مارترۆنیس)، واتە شەهیدی بچووك، مەزارگەیەكی مەسیحییەكانە لە زنجیرەچیای سەفین، دەڕوانێتە سەر قەزای شەقڵاوە، لە یەكێك لە گەلییەكانی چیاكە چەند ئەشكەوتێك هەن و لە یەكەوە نزیكن، كە زۆربەیان شوێنەواری ژیانیان پێوە دیارە و لە كۆنەوە وەك شوێنی خوداپەرستی و مەزارگە بەكار هێنراون، یەكێك لەو ئەشكەوتانە، كە لە هەموویان فراوانترە و لە دوو ژوور پێكدێت، ژووری یەكەم دەكەوێتە پێشەوەی ئەشكەوتەكە و ئەوەی دیكە كەوتووەتە دواوە، بەتایبەت ژووری دەوەمی ئەشكەوتەكە بە دەست چاك كراوە، ئەم ئەشكەوتە پێی دەگوترێت (ترۆنیس یان ئەنتۆنیس) و شوێنی پەرستگا بووە، جێگەی مانەوە و خواپەرستی بووە. دیارە برا مەسیحییەكان لە سەردەمانێكدا زۆر پەنایان بۆ ئەشكەوت و شاخ بردووە، رەنگە ترسیان لەسەر هەبووبێت، یان رێیان پێنەدرابێت.

دووەم: لە سروشتی ئایینی مەسیح وایە، ئەوانەی ژن ناهێنن، ژیانی خۆیان تەرخان دەكەن بۆ خوا، دەچن لە ئەشكەوت و شوێنێك عیبادەت و نزا دەكەن و تێكەڵ بە خەڵكی نابن، بۆیە ئەم شوێنانە لە زنجیرەچیای سەفین، بەتایبەتی كە دەڕواننە سەر شەقڵاوە، چەند شوێنێكن، بۆ نموونە رەبەن بۆیە، یەكێكە لەم شوێنانەی ئێستا بووتە مەزارگە و خزمەتگوزاریی بۆ دابین كراوە و ساڵانە ڕێوڕسمی بۆ دەكرێت.”

ئەوەش دەخاتە ڕوو: “جگەلەوە، ماریوسف هەیە، مارگورگیس هەیە، هەورەها مارترونیس هەیە، ئەمانە هەموو ئەشكەوت و مەزارگەی دیارن لە ناوچەكەدا، بۆ خوداپەرستی و عیبادەت بەكا هێنراون، ئەم شوێنانە لە رووی گەشتیارییەوە گرنگن، بەڵام كەمتر ناسێندراون و كاریان لەسەر كراوە و وەك شوێنەوار ماونەتەوە، زۆربەی ئەم ئەشكەوتانەش جێدەستی مرۆڤیان پێوە دیارە، كە كاریان تێدا كردووە، بۆ ئەوەی بتوانن تێیدا بمێنەوە و خواپەرستی تێدا بكەن.”

نادر ڕوستی، دەشڵێت: “خۆم وەك كەسێك شارەزا لە بواری گەشتوگوزار و لێكۆڵەرەوەیەكی شوێنەواری و شوێنە گەشتوگوزارییەكان، بەدواداچوون دەكەم بۆ ئەو شوێنانە، بە مەبەستی كۆكردنەوەی زانیاریی زیاتر و بۆ چ شێوازێكی گەشتیاری سوودیان لێوەردەگیرێت، یەكێك لەوانەی لەنزیكەوە سەردانم كرد، ئەشكەوتی (مارترۆنیس)ە، كە شوێنەواری مرۆڤ لەناو ئەشكەوتەكە و دەرەوەی دیارە، بۆیە دەكرێت سوود لەم ئەشكەوتە وەربگیرێت و بناسێندرێت و خزمەتگوزاریی پێشكەش بكرێت، بۆ ئەوەی شاخەوانان و گەشتیاران سەردانی شوێنەكە بكەن.”

ئاشكراشی دەكات: “لە یەكەم گەشتمدا لەگەڵ گرووپی شاخەوانیی قەڵای هەولێر، سەردانی ئەم شوێنەم كرد، بە ڕێبەری برادەرێك، كە شارەزایی لە ناوچەكەدا هەبوو، بەناوی سەعید خۆرانی، لەبارەی شوێنەكەوە زانیاریی زۆری پێ دایین، هەرچەندە مێژووێكی دیاریكراو نییە، كە بزانین لە چ سەردەمێكدا ئەوانەی لەناو ئەشكەوتەكەدا بوونە و چۆن ماونەتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم شوێنە بۆ خوداپەرستی بەكار هێنراوە و ئێستا وەك مەزارگەیەك سەیری دەكرێت.“

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.