ڕاپەڕینی 1991 پەند ووانەیەك كە داگیركەر لە كوردستاندا جێی نابێتەوە


رێبوار حەمەلاو شوانی
ڕاپەرینە مەزنەی كە بەهاری ساڵی 1991 لە ئەنجامی ئەو زۆرداری و چەوساندنەوەی گەلی كورد بوو كە بەدرێژایی یەك سەدەی رابردوو و تا ڕژێمی بەعسی رووخاو بە ئاگر و ئاسن و كیمیابارانكردن و ئەنفاڵكردن و تیرۆر و گوللەبارانكردن و داگیركاریكردن و سووكایەتیكردن دژی خەڵكی كوردستان بەكاریان هێنا ، بەڵام گەلی كورد كۆڵنەدەرانە ، دوژمنان وداگیركەرانی لە سەر خاكەكەی ڕەتكردەوە ، بۆیە هەموو كات لە دوای دەرفەتێك دەگەڕا تا خۆی لە بن دەستی و ستەمكاری رزگار بكات و هاواری ئازادی و سەروەری و گەراندنەوەی شكۆی خۆی بكات ، بۆیە ، ڕاپەرینە مێژووییەكەی گەلی كورد ، بووە پەند و وانەیەكی بەهێز و بۆ دوژمنان وداگیركەران سەلمێندرا كە هیچ داگیركەرێك ناتوانێت بە ئاسانی لە سەر خاكی كوردستان بژێت و جێی نابێتەوە .
بۆیە،ڕاپەڕینە شكۆمەندەكەی بەهاری ساڵی 1991 بە وەرچەرخانێكی مێژوویی خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كورد و شۆڕش وڕاپەرینەكانی هەژمار دەكرێت كە بۆ یەكەمینجار بوو كە توانیی شۆڕشی گەلی كورد بگەێنێتە ئەنجام ئەو ڕزگاری خاك و نیشتیمان و گەلێك بوو كە دەیان ساڵ بوو بە دەست ستەمكارییەكانی رژێمەكانی عێراقەوە تووشی نەهامەتی و كاوڵكاری و كوشتن و لەناوبردن ببووە
پێشێینیەكانی سەرۆك بارزانی، لە داستانی 46 رۆژی خواكورك لە ساڵی 1988 بۆ تێكچوونی رەوشی عێراق و گۆرانكاریی لەناوچەكە و دواتر ئامادەكارییەكانی لەگەڵ هێزولایەنەكوردستانییەكان كە ئەو كاتە بەرەی كوردستانی بوو ، ڕێنەمایكردن و دانانی نەخشە و پلانی وردبینانە و ناردنی پەیام بۆ هەموو هێزەكانی سەربەعێراق تا ڕووبەڕووی ڕاپەرینكاران و هێزی پێشمەرگە نەبونەوە ، ڕێنەمایی پێوست بۆ حزب ولایەنەكان ئاماژەیەكی روونن بەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان ، رابەرایەتی سەرۆك بارزانی ئەندازیاری راپەرین و ئەزموونی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بووە .
سەرۆك بارزانی ، وەك ئەندازیاری و نەخشەرێژ و كارەكتەرێكی بەهێز و بەتوانا توانی گشت هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ژێر یەك ڕەشماڵدا كۆبكاتەوە و دواتر بە هەماهەنگی لەناوشارەكانی كوردستان شۆڕشێك لە دژی ڕژێمی بەعس بەرپا بكاتەوە و لە ماوەی چەند رۆژێكدا بڵێسەی ئاگری راپەرین و ئازادی بگەێنێتە سەرانسەری كوردستان .
هەر ئەو راپەرینە شكۆمەندە بوو كە توانی خەباتی چەكداری بگۆڕێت بۆ خەباتی شارستانی و دیموكراسی و دوای بانگەوازییە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی لە شاری كۆیە ، ببێتە هەوێن و دارێژەی بەرنامەی حكومرانی كە خۆی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانە و پێكهێنانی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دواتر ڕووبەڕووی هەموو ئەو ئاڵنگاری و پیلانگێرییانە ببێتەوە كە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجامدران ، هەروەها لە رووی ئاستی دیپلۆماسی و سیاسییەوە ، پەیوەندییەكانی كوردستان و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان بەدەستبهێنرێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك هەمیشە كاری و خەباتی بەردەوامە لە پێناو ئاشتی و پێكەوەژیان و یەكریزی و تەبایی نێوماڵی كوردستانی و فەراهەمكردنی ژیانێكی خۆشگوزەران و شایستە ، بۆیە، مێژوویی پرسەروەری راپەرین و ئەزموونە دیموكراسی و دەستكەوتە یاسایی و دەستوورییەكانی و پێشكەوتنەكانی لە گشت بوارەكانی بكەینە هەوێنی گەشەسەندنی زیاتر و پێشكەوتنی زیاتری هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی و پێوستە هەموو لایەنەكانی پشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی كابینەی نوێی بن و بەرهەمی راپەڕین و دەستكەوتەكانی بپارێزین كە توانی وەرچەرخانێكی گەورە و مەزن كە ئەویش ئازادی و سەربەستی بوو بۆ كوردوكوردستان .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.