ڕاپەڕین (وەستانەوە دژی ستەم)

زانا عبدالباقی

لە سەرەتاکانی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەتایبەتی ڕژێمی بەعسی فاشیست بەردەوام و بەهەموو شێوەیەک ستەمی لە گەلی کورد دەکرد، گەلی کوردیان زیندەبەچاڵکرد، لە سەر خاکی خۆی ژێردەستەکران، ماڵیان وێران کرا، کیمیابارانکران، بەعسی خوێنڕژ بەهەموو جورێکی دڕندانە ئەو گەلەیان ئازاردا و هەوڵی ژێردەستکردن و لەناوبردنیان دا بەڵام گەلی کورد نەک لە ناونەچۆن بەڵکو بەهەموو شێوەیەک ڕەتیانکردەوە بە ژێردەستی بژین ئەوەبوو لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ توڕەیی گەلی کورد بەرامبەر بە ڕژێمی بەعسی ڕوخاو گەیشتە تروپک و بە ڕویی دوژمناندا تەقییەوە بە ئیرادەیەکی پۆڵاین لەبەرامبەر ستەمی بەعس وەستانەوە.

چونیەتی دەستپێکردن و کۆتایی ڕاپەرین.
-ڕۆژی ٥ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ لە بەیانییەکی مێژووییدا لە شاری ڕانیە ڕاپەڕین دەستی پێکرد، خەڵکی شارەکە کۆبوونەوە و پێکەوە بە یەک دەست هێرشیان کردە سەر یەکە سەربازی و حکومییەکانی ڕژێمی بەعس و تاوەکو عەسر شارەکەیان لە چەکدارانی ڕژێم پاککردەوە، دواتریش ناوچەکانی حاجیاوا و چوارقوڕنە و دەشتی بتوێن و چەند ناوچەیەکی دی ئازادکران. لەو ململانێ سەختەدا زیاتر لە ٥٠ چەکداری بەعس کوژران و بەداخەوە دەیان هاووڵاتی شەهید بوون. لەدوای ئەم هەڵمەتە شاری ڕانیە بە دەروازەی ڕاپەڕین ناسێنرا.
-لە ٧ و ٨ی ئاداری ١٩٩١ ڕاپەرین گەیشتە سلێمانی و دەورووبەری، خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و چەمچەمال و قولادزێ و تەواوی سنووەەکە پێکەوە هەڵیانکۆتایە سەر بازگەکانی بەعس و توانییان بەعس لەو سنورە وەدەرنێن.
-لە ٩ و ١٠ی ئازاری ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕین گەیشتە کۆیە و شەقلاوە و مەسیف، تەقتەق و ڕەواندوز و قەرەهەنجیر، هەریر و باتاس و خەلیفان و سپیلک و سۆران و چۆمان و حاجی ئۆمەران و مێرگەسوور و سەرجەم ئەو ناوچانەش لە ڕژێم پاککرانەوە و ئازادکران.
-لە ١١ی ئاداری ١٩٩١ لە هەولێر هاووڵاتیان دژی ڕژێم ڕاپەڕین، ڕاپەڕینەکە لە گەڕەکی شۆڕش دەستی پێکرد و دواتر تەشەنەی سەند تا گەیشتە تەواوی کۆمەڵگە و ناوچەکانی دەوروبەری وەکو کەسنەزان، کۆمەڵگەکانی قوشتەپە و شاوێس و پیرزین و مەلائۆمەر و جدیدە و تۆبزاوا پاش ئازادکردنی ئەو کۆمەڵگانە، دواتر کۆمەڵگەی زۆرەملێی خەبات هەڵیان کوتایە سەر بازگەی ئاسکی کەلەک و هەر زوو کۆنتڕۆڵیان کرد و دواتر کۆمەڵگەکانی کەورگۆسک و بەحرکە و بەرحوشتریش ئازادکران.
-لە ١٢ی ئاداری ١٩٩١ ڕاپەڕین لە جەلەولا و مەخموور و ئاکرێ و بجیل و بەردەڕەش و دینارەتە دەستی پێکرد و تەواوی ئەو ناوچانە ئازاد کران. دواتریش شێخان و خازر و خانەقین ئازادکران.
-لە ١٣ی ئاداری ١٩٩١ جەماوەری زاخۆ و پردێ و چەند ناوچەیەکی تر ڕاپەڕین و ئەو ناوچانەش ئازادکران.
-لە ١٤ی ئاداری ١٩٩١ جەماوەری دهۆک دەستیان کرد بە ڕاپەڕین دژی ستەمکارییەکانی ڕژێمی بەعس و پاش گرتنی دامودەزگا و بازگەکانی بەعس دەستیانکرد بە ئازادکردنی ناوچەکانی زاوێتە، مانگێش، باگێرا، سەرسەنگ، ئەنیشک، بامەڕنێ، دێرەلوک، ئامێدی، سیریێ، شێلادزێ، باتوفە، بێ گۆڤا.
-کۆتا ڕۆژەکانی ڕاپەڕین لە کەرکوک بوون کاتێک لە ٢١ی ئاداری ١٩٩١ تەواوی شاری کەرکوکی دڵی کوردستان لەلایان خەڵکی سەربەرزەوە لە ڕژێمی بەعس پاککرایەوە و کەرکوکیش ئازادکرا.

ڕاپەڕین وەرچەرخانێکی گەورەبوو لە مێژووی گەلی کورددا، ئەوە بەتەنیا ناڕەزایەتییەکی ئاسایی نەبوو بەڵکو ڕەتکردنەوەی ئەو واقیعەبوو کە بەسەریدا سەپێنرابوو، وەستانەوەیەکی مێژوویی بوو دژی ستەم و ژێردەستی لەلایەن گەلێکی خۆڕاگرەوە. ڕاپەڕین بۆوە هۆی بەرهەمهێنانی حکومەتێکی کوردی و ژیانێکی ئازاد و سەربەرزی. مەبەستی ڕاپەڕین گەڕاندنەوەی ماف و خاکی گەلی کوردستان بوو،
ڕاپەڕین بەتەواوەتی پایەکانی دەوڵاتی عێراقی هەژاند و گۆڕانکاری لە دیمۆگرافی و سیاسەت و حکومڕانی ئەو وڵاتەدا کرا، لەدوای ڕاپەڕینەوە وردە وردە کار بۆ دروستکردنی عێراقێکی نوێ کرا کە لەو عێراقەدا کوردەکان مافی فیدرالییەتیان وەرگرت و لەو چوارچێوەیەدا هەرێمێک بۆ گەلی کورد دامەزرا و زمانی کوردی وەکو زمانێکی فەرمی دەوڵەتی عێراق ناسێندرا، ئەو هەرێمە کە بەرهەمی ڕاپەڕینە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو بەهێزی و خۆشگۆزەرانی و پێشکەوتن هەنگاوی دەنێت، کوردەکان توانیان ببن بە بەشێکی گرنگ لە عێراقی نوێدا و توانیان ببن بە جێی سەرنجی جیهان و خاوەنی پێگەیەکی کاریگەر لە ناوچەکە. تەواوی ناوچەکە بەو پێشکەوتنە خێرایەی هەرێمی کوردستان سەرسامن بۆیە بە داخەوە لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام هەوڵدراوە و هەوڵدەدرێت دەسکەوتەکانی ڕاپەرین لەناو ببردرێن و هەموو جورە ڕێگایەکیان تاقی کردەوە و تا ئێستاش بەردەوامن لەسەر ئەوە بۆیە دەبێ هەموومان پێکەوە کار بکەین تا دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین نە شێوێندرێن و لەناو نەبرێن. دەبێت ئەم هەرێمە هەر وا بەردەوامبێت لە پێشکەوتن، ئەو هەرێمەی بە خوێن دروستکرا بەخوێنیش دەبێ بپارێزرێت، تا جارێکی تر عەرەبێکی پێ پەتی لە بیابانەوە نەیەت حوکمی چیاکان بکات و بە چاوی کویلە و ژێردەستە سەیری گەلی کورد بکات، ئەم هەرێمە بە هەموو قەیرانەکانییەوە بۆ هەموو تاکێکی کورد شەڕەفمەندییە تەنیا لەم هەرێمەدا دەتوانین بە ئازادی و سەربەرزی بژین، بە زمانی خۆمان بدوێین، بێ ترس و دوو دڵی منداڵەکانمان پێبگەیێنین، چونکە هیچ شتێک نییە لە ئازادی بەنرختر و جوانتربێت.
ڕاپەڕین و ڕیفراندۆم دوو گەورەترین ڕووداو بوون لە مێژووی گەلی کورد.
ڕاپەڕین ڕەتکردنەوەی ژێردەستی و ستەم بوو، ڕیفراندۆم دووپاتکردنەوەی ئەو ڕەتکردنەوەیە بوو.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.