ڕۆژی جیهانی کچان

لیا سیف الدین

‎ڕۆژی چوارشەممە، 19ی کانوونی دووەم(دێسەمبەر)ـی 2011، لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڕیارنامەی 66/170ی پەسەندکرا بۆ ڕاگەیاندنی 11ی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر) وەك ڕۆژی جیهانی کچان، لەو بەروارەوە هەموو ساڵێك ١١ ـی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر) وەك ڕۆژی جیهانی کچان ناسێنراوە.

‎ ڕاگەیاندنی ڕۆژی جیهانی کچان، لەلایەن دامەزراوەیەکی گەورەی وەك نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها دیاریکردنی ڕۆژێك نەبوو بۆ کچان، بەڵکو لەدوای هەستکردن بوو بەو کێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی کچانی کۆمەڵگە جیایاکانی جیهان بووبوونەوە، ڕاگەیاندنی ئەم ڕۆژە بۆ داننان بوو بە مافەکانی کچان و ئەو ئالەنگاری دژوار و جۆراوجۆرانە بوو کە کچان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە سەرانسەری جیهاندا.

‎ڕۆژی جیهانی کچان سەرنج دەخاتە سەر پێویستیی هەنووکەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەوئاریشانەی کچان ڕووبەڕوویان دەبننەوە لە بەرەوپێشچوون یان بەدیهێنانی مافە مرۆییە سەرەتاییەکان تا سەرجەم مافەکانی دیکەیان.

‎یەکێکی تر لەهۆکارەکانی دیاریکردنی ئەو ڕۆژە وەك ڕۆژێکی جیهانی، دەگەرێتەوە بۆ لاسەنگی لەبەدەستهێنان و مومارەسەکردنی مافەکان لە نێوان توخمی نێر و مێ، ڕەنگدانەوەی زاڵبوونی توخمی نێر بەسەر توخمی مێدا لە ناو کۆمەڵگە جیاجیاکان بەگشتی و خێزان بە تایبەتی.

‎لەهەرێمی کوردستان بەهۆی ڕیشە درێژبوونی ئەقڵییەتی پیاوسالاری لە تەواوی کۆمەڵگەو خێزان بە ڕوونی هەست بە لاسەنگی جێندەری دەکرێت لە نێوان کور و کچەکانماندا، وەک سنودارکرنی تواناکانی کچان، بێبەشکردنیان لە مافی خوێندن، دەستدرێژی سێکسی، ئەنجامدانی توندوتیژی دەروونیی و جەستەیی، ناچارکردن و بەزۆر بەشوودان، کار پێکردنی زۆر و تەماشاکردنیان بە چاوی خزمەکار لە ناو ماڵ…هتد.

‎چۆن گرنگی بە توانای کچان بدەین؟

‎ڕۆڵی خێزان:
‎خێزان ڕۆڵی سەرەکی و بەرچاوی هەیە لە پەروەردەکردنی تاک بۆ کۆمەڵگە، بەتایبەت دایك ڕۆڵی گرینگ و بەرچاوی هەیە لەگرنگیدان بە توانای کچەکەی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ڕەگەزەکانی خێزان، پێوستە دایکان هۆشیاریی گشتیی و بەتایبەت هۆشیاری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییان لەئاستێکی گونجاو یاخود بەرزبێت تا بتوانن هاوکار و پشتیوانی کچەکانیان بن و گرنگی بە تواناکانیان بدەن و هاوکاریان بن بۆ سەرکەوتن و زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتە تایبەت و کۆمەلایەتیەکان، داکۆکیکاری سەرسەختی بەدەست هێنانی مافەکانیان بن.

‎ڕۆڵی حوکمەت و ناوەندی پەروەردە:

‎لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە پێویستە کچەکان وەك ڕەگەزێکی گرینگ و هاوبەشی کۆمەڵگە سەیر بکرێن، ئەمەش لە ڕێگەی ژینگەیەکی ئارام و پارێزراو و دوور لە هەر توندتیژیی و جیاوازییەکی رەگەزی و دابینکردنی ماف بە یەکسانی بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا.

‎هەڵبەت ئەگەر وەک مرۆڤ و دوور لە جیاکاری ڕەگەزی سەیری کچان بکرێت ئەوا جگە لە ئەرکی دایکایەتی و بەڕێوەبردنی ماڵ، لە بەرەوپێشچوون و پێشکەوتنی کۆمەڵگەش ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاویان دەبێت، ناتوانرێت چاوەرێی پێشکەوتنی کۆمەڵگە بکرێت ئەگەر تواناکانی کچان سنوداربکرێت و لە ماڵەوە بەندبکرێن و بکرێنە قوربانی کولتوری پیاوسالاری.

‎خۆشبەختانە:
‎سەرباری هەموو ڕێگریی و بەربەستەکانی بەردەم کچان، بەڵام بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو، کچان لە هەرێمی کوردستاندا توانیویانە خۆیان لەگەڵ بەرەوپێشچوونە جیهانییەکان بگونجێنن و لە ئێستادا ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاویان هەیە, هەرچەندە کەموکوڕیمان زۆرە و هێشتا زۆر کەس بەبینینی کچێک و دەرکەوتنی تواناکانی لە هەر بوارێکدا بێت لەسەر تیڤی یان سۆشیال میدیا هێرشی دەکەنە سەر، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبینین زۆرێکی دیکە رایان جیاوازە و بەرگری و دەستخۆشی لێدەکەن.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.