ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان لە ئاست پڕەنسیب و بەرژەوەندیە نەتەوەییەکاندا نیە

نەوزاد محەمەد

ڕاگەیاندن وەکو پیشە، بڵاوکردنەوە و گەیاندنی ھەواڵ و زانیاری و ھزر و ڕاو بوچوونە بە کۆمەڵگا.

لە سەردەمی ئێستامان بە چەند جۆرە ڕێگا و ئامراز کاری ڕاگەیاندن رۆڵی خۆی دەبینێت لە بیسترا و بینراو، زیاتریش لەگەڵ تکنۆلۆژیای سەردەم و ئەنتەرنێت و بە ڕێگای سوشیال میدیا وە بە شێوەیەکی فراوانتر و زوتر ھەواڵ و زانیاری بڵاو دەکرێنەوە.

بۆیە ڕاگەیاندن لەم سەردەمی ئێستامان کاریگەریەکی راستەوخۆی بۆ سەر کۆمەڵگا ھەیە، بگرە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و جولاندنی ڕای گشتی.

ئەوەی گرنگە لەو چوارچێوەیە دا و ئەرکە لەسەر شانی میدیا و میدیاکاران، متمانە و ڕاستگۆیی یە لە گەیاندنی ھەواڵ و زانیاری، واتا ھەواڵ وەکو خۆی بڵاوبکرێتەوە بێ کەم و زیاد و دور لە سازش و فشار و لایەنگری لایەنێک و تا دەگاتە ئەجندای دەرەکی.

ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان، بە دەیان گەناڵی ئاسمانی و لۆکاڵی و بە سەدان پەیجی جۆراوجۆر لە سوشیال میدیا و بە ھەزاران پشەکار لە تەواوی بوارەکانی پەیوەندارەوە ڕۆڵ و ئەرکی جولاندن و گەیاندن لەم سیتکەرەدا دەبینن، وەکو لەشکرێکی میدیایی وایە.

ئەو قەبارەی میدیای کە ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان دا ھەیە لەوانەیە لە ھەندێک وڵات دا نەبێت.

ئەو ئازادیەی ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان دا بە میدیا بەخشراوە، لەوانەیە لە سێ بەشی وڵاتانی جیھان دا نەبێت.

ئەوەی ئەرک وپێویستە لەسەر ئەم لەشکرە میدیایە، دەبێ ھەڵگری پەیامێکی نەتەوەیی بێت، ڕاستگۆ و جێگای متمانە بێت، ھاوکار و پاڵپشت بێت بۆ دەستھەڵات، ڕۆلێکی ئەرینی ھەبێت لە ناو کۆمەڵگادا، بە تایبەت لە کاتی پەیدا بوونی ھەرەشەی دەرەکی بۆ سەر وڵات.

ئەگەر خۆی بە ئۆپۆزسیونیش بزانێت، ناکرێت لە پابەند بونی نەتەوەی لا بدات، بەڵکو دەبێت لە ئاست و خواستی کۆمەڵگا دا بێت، چاودێر و ھاندەر بێت بۆ دەستھەڵات تا زیاتر پابەند بن لە جێ بە جێ کردنی ئەرکەکانیان و خزمەت کردنی زیاتر، بەشێک بێت لە مەنزومەی بەرگری کردن.

بە داخەوە ئەوەی ئێستا دەیبینین لە ھەرێمی کوردستان، سێ بەشی ئەو میدیایە بە پێچەوانەوە ڕۆڵ دەگێرن و بونەتە ئامرازێکی تێکدەرانە، چ لەسەر ئاستی سیاسی یان کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی.

بگرە لە چەواشەکردن، وەستان لە دژی ھەنگاوە ئەرینیەکانی دەستھەڵات، وەستان لە دژی چاکسازی، وەستان لە دژی خزمەت کردن، وەستان لە دژی ئاوەدانی و شارستانیەت، وەستان لە دژی ئازادیەکان، تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئاین بەکار بھێندرێت بۆ چەواشەکاری و فریودانی کۆمەڵگا.

لە ھەمووی ترسناکتر، ھەندێک جۆرە میدیا بونەتە ئامرازێک بە دەست لایەنە دەرەکی و بە سیاسی کراون، ھەندێک بە ناو ڕۆشەنبیران و نوسەران لە پێناو بەرژەوەندی کەسی بونەتە قەلەم فرۆش، بە تەواوی کەوتونەتە بازنەی تابوری پێنجەم و خزمەتی ئەجندای دوژمنان دەکەن.

ئەو میدیانەی کە ئاسایین لە کارەکانیاندا، ئەوانیش نەگەیشتونەتە ئاستی خوازراو لە ڕۆڵ گێران و پابەند بوون و خزمەت کردنی پرسی نەتەوەی و ھوشیاری کۆمەڵگا.

بۆیە ئەوەی بۆ ئەم قۆناغەی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و دەبێ ھەرچی زووترە لەبەر چاو بگیرێت، سنور داناتە بۆ ڕاگەیاندنی چەواشەکار و دور لە پڕەنسیبە نەتەوەییەکان، دەبێ دەستھەڵات قسەی یەکلاکەرەوەی خۆی ھەبێت، بە پێی یاسا دەرفەت بە کاری میدیا و ڕاگەیاندن بدرێت و بە پێی یاساش مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

نوقتە و سەری دێر.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.