ڕێککەوتننامەی 11ی ئادار..بەڵگەنامەی ئیرادە و خۆڕاگری

فرسەت سەید شکور

ئەمساڵ 55 ساڵ بەسەر رێککەوتنی 11ی ئاداری 1970 لەنێوان حکوومەتی ئەوکاتی عێراق و مستەفا بارزانی، سەرکردە و رێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد وكوردستان و شۆڕشی ئەیلوول، تێدەپەڕێت، دەرەنجامەکانی ڕێککەوتنەکە بەڵگەنامەی (حوکمی زاتی- ئۆتۆنۆمی) بوو بۆ گەلی کوردستان.


لەو رێككەوتننامەیەدا جاری یەکەم بوو، حکوومەتی عێراق دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت، به‌پێی رێککەوتنەکە، بڕیار بوو تاوەکوو ساڵی 1977، له ‌ڕێگه‌ی سەرژمێریی گشتی، ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد دیاری بکرێت، بەو مەرجەی کورد بەشداریی حکوومەتی عێراق بکات.
دەستکەوت و مێژوو

ئەوڕۆ، کە 55 ساڵ بەسەر واژۆكردنی ئەو رێككەوتنەدا تێدەپەڕێت، واژۆكردنی رێككەوتنەكە بە دەستكەوتێكی گەورەی سیاسی لە مێژوودا لەقەڵەم دەدرێ، بایەخی ئەو ڕێككەوتنە لەوەدا بوو، بۆ یەكەمین جار لە بەڵگەنامەیەكی فەرمی و یاساییدا، لەلایەن یەكێك لەو دەوڵەتانەی كە بەشێكی كوردستانی دابەشكراوی پێوە لكێنراوە، لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمیدا دان بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەكانی كورددا بنرێت. لەو ڕێککەوتننامەیەدا لە چەندین خاڵدا دان بە مافەکانی کورددا نراوە، ھاوکات گرنگیی بە سنووری جوگرافیی کوردستان و ئازادی و زمانی خوێندن بە کوردی و گەڕانەوەی قوتابیانی دەرکراو و گەڕانەوەی کوردە ئاوارەکان بۆ شوێنەكانی خۆیان و بەشداری لە یاسادانان و كردنەوەی زۆر قوتابخانە لە ناوچە كوردستانیەکان و بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێركردن و قبووڵكردنی قوتابیی كورد لە زانكۆ و كۆلێژی سەربازی و (بەعسە و زەمالە)ی خوێندن بە ڕێژەیەكی عادیلانە، ھەروەھا فەرمانبەرەكان لەو یەكە كارگێڕییانەی كە بەشی زۆری دانیشتوانیان كوردن، دەبێ كورد بن و… ھتد.

گرنگیی ڕێککەوتننامەکە
ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، دەرەنجامی ئیرادەی پۆڵایین و خەباتی بێ وچانی ھێزی پێشمەرگە و خەڵکی (کوردستان) بوو، چۆک پێدانانی بەھێزترین حزب و زلھێزترین سوپای ناوچەکە بوو لەو سەردەمەدا. سەرۆكی نەمر مستەفا بارزانی و خەباتگێڕانی شۆڕشی ئەیلوول ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداریان کردە گەورەترین ڕووداوی سەدەی بیستەم لەم ناوچەیە، کە تیایدا رژێم ناچار بە داننان بە مافەکانی گەلی (کوردستان) و چەسپاندنی ئۆتۆنۆمی كرا، ئەم ڕووداوە ھۆكارێکی سەرەکیی زیندوومانەوەی دۆزی نەتەوەیی کورد بوو.
گەلی کوردستان لە مێژووی خۆیدا، خاوەنی چەندین شۆڕش و سەدان سەروەری و داستانی نەبەردییە، ھەریەک لەو داستانانە، خەباتێکی دوورودرێژ و بێوچانی بەدواوە بووە، ئەمە جیا لەوەی چیرۆکی تراژیدیی دایکە شەھید و پێشمەرگەی نەبەزیوی سەنگەر و بست بە بەستی نیشتمانی پێوە نەخشاوە. گرنگیی ڕێککەوتننامەکە لەوەدا بوو کە حکوومەتی عێراق لەوپەڕی بەھێزیی خۆیدا بوو، بەڵام بەھێزی و توانستی گەورەی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانی، ئەو خەونە مێژووییەی کردە واقیع، کە ساڵانێک بوو کورد قوربانیی بۆ دەدا.

بەند و خاڵەکانی تەواوی ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا بوون، کورد لە شنگالەوە تا خانەقین لە قۆناغی بەگژداچوونەوە و یەکھەڵوێستی و یەکگوتاریدا بوو، ئەم یەکڕزییە وای کرد، شۆڕش لە سەرانسەری کوردستان ئامانجەکانی بپێکێ و چۆک بە حکوومەتی زلھێز و خاوەن چەکی پێشکەوتوو و سوپا و پشتگریی وڵاتاندا بنێت.

ڕۆڵی مستەفا بارزانی (بارزانیی نەمر)

شۆڕشی ئەیلوول لە مێژووی دێرێنی کورددا درێژترین شۆڕش بوو، بە ڕێبەرایەتیی مستەفا بارزانی، بارزانیی لە ماوەی ساڵانی شۆڕشی ئەیلوولدا، تەنیا بۆ یەک جاریش نەچووە بەغدا، دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ دانوستان خۆیان دەھاتنە ناوچە ئازادکراوەکان. مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی کوردستانی بە گیانی تاکی کورددا کردەوە.
لە ماوەی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆکایەتیی بارزانی، چوار ڕژێم لە عێراق گۆڕان، عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف و عەبدولڕەحمان عارف و ئەحمەد حەسەن بەکر، بەڵام شۆڕش بەردەوام بوو لە خەبات تاوەکوو ڕژێمی عێراق ناچار بکات دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت، دواتر ڕێککەوتننامەی 11ی ئادار، لە مێژووی کورددا بە فەرمی و لە 14 ماددەدا واژۆ كرا.
مستەفا بارزانی، لە ماوەی ساڵانی شۆڕشی ئەیلوولدا، ئەوەندەی توانی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان پەرە پێ دا، وەک وڵاتانی ڕۆژئاوایی و هەرێمی، ھەرچەندە ئەوکاتە پەیوەندییەکان سنووردار بوون، ئەوکات دونیا کوردی زۆر نەدەناسی و ئامرازەكانی گەیاندن ئەوکاتە وەك پێویست نەبوون، بەڵام بارزانی توانی دەنگی شۆڕش و کورد بەدەرەوە بگەیەنێت و سەدان ڕۆژنامەنووس و میدیاکار بھێنێتە کوردستان.
بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی و کوردستانیبوونی بە گیانی تاکی کوردا کردەوە و خۆشەویستیی بۆ نیشتمان لە دیدی بارزانییەوە سەیر دەکرا، ھەموو کوردێكی دڵسۆز پشتیوانیان دەکرد کە دواتریش ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ی لێ کەوتەوە.

بەو رێککەوتنە، هەستی کوردبوون و ئومێد بە شۆڕشەکەی تا ئاستێکی زۆر بەرز بووەوە. خۆشاردنەوە و بۆردمانی هەمیشەیی گوندەکانی کوردستان، کە لە 1961 دەستی پێکردبوو، کۆتایی هات، لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، پرسی کورد لە کوردستانی عێراق تا ڕادەیەکی زۆر بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی.
ئێستاش هەرێمی کوردستان لە ئاستی عێراق و لەگەڵ گەلان و وڵاتانی ناوچەکەیشدا، هەمیشە هەڵگری پەیامی لێکگەیشتن و دیالۆگی سەردەمییانە و دۆستایەتیی ڕاستگۆیانە و ڕێزگرتنی ئیرادە و بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەکە.
ئەم دیدگا ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان، لای هەموو لایەک بە چاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانرێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.