کوردایەتی شانازی بۆکێیە

ئازاد نەسرەت

ئەوەی لە دۆخی سیاسیی کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستانی مەزن بڕوانێت پێویستە دڵخۆش بێت بەو ئەزموونە ئازادیخواز و زیندووە کەوزەیەك و توانای ڕێکخستن و چالاککردنی بەشێکی گرنگیی کۆمەڵگایەکی تەواو چەوساوە و ھەژار و پەراوێزخراوی سیستماتیکیی، ھەیە. بە تایبەتی لە ھەلومەرجێکی تەواو نەخواستراوی پڕفشار و دەستدرێژیی و پەلاماردانی ڕۆژانەی ھەمەلایەن، ھەلومەرجێك پڕ لە گرتن وکوشتن بێ ماف و بێ ڕێزیکردنێکی پلان بۆدانراوی بەرفراوان. میلەتێکی زیندوو ئامادەیە کە ھێشتا خەریکی تەکاندنی تەپۆتۆزی سەدەیەك تواندنەوە و بە عەرەب وتورك و فارس کردنێکی قوڵ و ھەمەلایەنە، گەلێکی بەهێز و زیندووش ھەیە کە لەم ساتەدا ھەزاران چالاکەوان و ھەواداریان لەناو زیندانەکانی دوژمنەکاندایە و بەسەدەھا شێوازیش فشاریی ڕۆژانەی بەردەوام و ھەمەجۆریان لەسەرە. ئەوەی لە کوردا ئامادەیە ئەو فۆرمانەیە لە زیندووبوون کە دەشێت ئومێد و چاوەڕوانی پۆزەتیڤیان لەسەر بنیادبنرێت. ئەوەی دەبینرێت وزەیەکی گەورە و سەرسوڕھێنەری ئیشکردن و نەبەزینە کە دەتوانێت سەرچاوەی وانەێکی ڕەوشتی و سیاسیی گرنگ بێت بۆ ھەموو ئەو کەس و ھێز و لایەنانەی کە نووقمی ناو باوێشك و خەواڵوبوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەمەجۆرن.

بەداخەوە هەندێك لە کەسایەتی سیاسی و لایەنی سیاسی هەن گوتارێکی بێمانا و ترسناكیان هەیە و ئامادەن کە جگە لەوەی سادەبوونێکی کوشندە ئاراستە دەکەن و پێیان وایە کوردبوون دیاردەیەکە پێویستە بەزەوقی ئەوان بجوڵێتەوە و یەك شێوە و یەك مانا و یەك دەرکەوتی ھەبێت و ھەموو ئەمانەش لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی ئەواندا تەبابێت، ھاوکات گوتارێکی تەواو تاریك و نائومێدکەریشە کە ئەرکی ژمارەیەکی شاردنەوەی تواناکە نامرۆڤایەتی ئێمە و ئیھانەپێکردن و سڕینەوەیەکی ھەمەلایەنی ڕەھەندە سیاسییەکانی ناو کەسایەتیانە مرۆڤانەیە. نیشاندانیشیەتی وەك بوونەوەرانێکی بێ کردەوە و بێ توانا و نەزان و ناچالاك، وەك کەسانێکی نەفام کە ھیچ شتێکی ماناداری لەناو مێژوو و ژیانی خۆیاندا ئەنجام نەداوە. وەك کیسە و نایلۆنێکی بەتاڵ بەناو دونیادا تێپەڕیون و تێدەپەڕن لەسەرێکی دیکەوە ئەم گوتارە ڕۆحیەتێکی نارسیستماتیك و خۆپەرستانەی سەرسوڕھێنەر ئاراستەی دەکەن کە زمان و دەستەواژەی سەرەکیی بۆ قسەکردن لەسەر ئەم کۆمەڵگایە بریتییە لە بە گەمژە ناساندن و بە ھیچ تەمەشاکردن و بە بێ نرخ نیشاندانی کردە مێژوویی و سیاسیەکان .
بۆیە لەکۆتاییدا دەڵێم کورد بوون و شانازیكردنتان تەنها قسەکردن و جل و بەرگ لەبەر کردن نییە کار و کردەوەو ڕەفتار و دڵسۆزیتانە بۆ نەتەوەو خاكی پیرۆزی کوردستان .

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.