کوردستان هەرگیز لە نێو عێراقێکى دیکتاتۆرى و میلیشیایی جێى نابێتەوە
رێبوار حەمەلاو شوانى
سەدەیەکە دەسەڵاتدارانى عێراق بە بەردەوامى ئازار و هەوڵى سڕینەوە و لەناوبردنى گەلى کورد و خاکەکەى دەدەن کە مێژووییەن و نەتەوەییەن و جوگرافییەن هیچ پەیوەندى بە جوگرافیایی عەرەب و عەرەبستانەوە نییە ، واتا خواى گەورە ئێمەى بەکورد خولقاندووە و جیاوازیین لە تورک و فارس و عەرەب
ئەم بە زۆر لکاندنە ناچارییە نەک هەر وایکردووە کە هیچ خۆشەویست و وەلایەک نەبێت بۆ عێراقێکى ساختە ، بەڵکو دەسەڵاتداران و ڕژێمە یەک لەدواى یەکەکانى تا بە ئەمڕۆ بە شێوەیەکى زۆر دڕندانە و نامرۆڤانە و جیاکارییانە مامەڵە لەگەڵ گەلى کورد دەکەن و هەمیشە بە چاوێکى بن دەست و پلە دوو وسێ مامەڵەیان لەگەڵ کردووە وەک ئەوەى خێرمان پێبکەن یان کورد بە زۆرى خۆى لە عەرەب و عێراقدا هەڵواستی بێت
چەند بارە بوونەوەى تاوان و ستەمکارییەکانى عێراق و بەتایبەتى 22 ساڵ حکوومڕانى عێراقى بەناوى فیدڕاڵى و فڕەیی و هاوبەشى ، مامەڵەکردن شۆڤێنییەکان دژ بە کور لە ناو حکوومەتەکانى عێراق و دژایەتیکردنى کوردستان بۆ هەموو مافەرەوا ودەستوورییەکانى هەر لە هاوبەشى لە ناو سیستەمى حکوومرانى بگرە تا ڕێگریکردن لە هەناردەکردنى نەوت و فرۆشتنى تا ماف و شایستە داراییەکانى هیچ ڕێگەیەکى بۆ مانەوەى لەگەڵ عێراق دا نەهێشتۆتەوە ، هەڵبەتە عێراق هەرگیز خاوەن بڕیارى خۆى و سەروەرى خۆى نەبووە ، بەڵکو لە چوارچێوەى فەرمانى دەرەکى مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکرێت و هەموو رۆژێک کێشە و ئاستەنگێکى گەورە لە بەردەم کوردستان دروست دەکەن ، کە مەرامى سەڕەکیی لاوازکردنى سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستانە لەرووى ئابوورى و سیاسى و دیپلۆماسى وەک قەوارەیەکى دەستوورى دانپێنراوەى نێودەوڵەتیی نەک ئەوەى عێراق خێرى بە کوردستان کرد بێت تا ئەم ئەزموون و هەرێمە دروست بکرێت یان وەک دیارى بە گەلى کورد ببەخشرێت .
ئەوەتا دەسەڵاتدارانى عێراق ، زیاتر لە 50 ماددەى دەستوورى و چەندین ڕێککەوتننامەى گرنگیان پێشێڵکردووە ، واتا پابەندى ڕێککەوتن و واژۆکانى خۆشیان نابن ، هەتا ڕێککەوتنى ئەم دواییەى لە بوارى هەناردەکردن و مافى کۆمپانیاکانى نەوت و سەرەڕاى دیاریکردنی تێچوویش ، بەڵام بەغدا دیسان پێشێڵى بریارەکانى پەرلەمان و دەستوورى کرد
ئەوەش ئاماژیە ، بەو راستییەى کە حکوومەتى عێراق دوورە لە هەموو بنەماکانى دەستوورى و و یاسا و تەنانەت بڕیارەکانى پەرلەمان و دادگاى فیدڕاڵى و ڕێککەوتنەکان هەڵسوکەوت دەکەن و واتا دوورن لە هەموو بنەماکانى ( سازان و هاوسەنگى و هاوبەشى)، تەنانەت ئەوانە لە بودجەى سەروەرى کە پشکى هەرێمى کوردستانى تێیدا و بۆ پارێزگاکانى خۆیان دابینى دەکەن ، پشکى هەرێمى کوردستان نادەن
واتە عێراق کەوتۆتە ژێر کاریگەرى دەرەکى و سیاسى و میلیشیاکانى و لایەنەکانى شیعى عەرەبى شۆڤێنى و تایفى ، دەیانهەوێت شکست و گەندەڵییەکانیان لەماوەى 22 ساڵى رابردوو بە دژایەتیکردنى گەلى کورد و هەرێمى کوردستان و نەناردنى ماف و شایستەکانى هەرێمى کوردستان بشاڕنەوە ، ئەوەتا عێراقێکى مێشک پووک و ڕق ئەستوور بەرانبەر بە کورد ئامادەیە دەیان ملیارد دۆلار زیان لە ڕێگریکردن لە هەناردەکردنى نەوتى کوردستان لەخۆى بدات ، بە دەیان ملیۆن دۆلاریش سزا بە تورکیا بداتەوە ، بەڵام ئاستەنگ بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى کوردستان دروست بکات لەکاتێکدا فرۆشتن و هەناردەکردنى نەوتى کوردستان یاسایی و دەستوورییە ، ئەوانە بۆ بەرژوەندى خۆیان لەناو دۆسێیەى نەوت تێکەڵ و ئاڵۆزییان دروستکردووە ، جگە لە نەناردنى مووچە و بودجە ، هەموو ئەمانە پێچەوانەى دەستوور و یاسا و دادگاو فیدراڵییە کە بانگەشەى بۆ دەکەن .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.