کۆمپانیایەک، زیانی راگرتنی ئینتەرنێت لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا 50 ملیۆن دۆلار بووە

کۆمپانیایەکی بواری ریکلام و دیجیتاڵ مارکیتینگ رایدەگەیێنێت راگرتنی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لەکاتی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم و دووەم نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار زیان بە بەشداربووانی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت بەبێ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنیش دەڵێت: “راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی گشتییەوە هەیە و بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانە بەبێ کێشە، هیچ کەسێکیش سکاڵای تۆمارنەکردووە و داوای قەرەبووی نەکردووەتەوە”. بیلال سەعید، خاوەنی کۆمپانیای ماهیار بۆ ریكلام و دیجیتاڵ مارکێتینگ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “لەماوەی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم و دووەمی ساڵی خوێندنی 2021 نزیکەی 64 کاژێر خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت راوەستاوە و بەهیچ شێوەیەک کۆمپانیاکانی گەیاندن پابەندنەکراون بە گەڕاندنەوەی ماف و قەرەبووکردنەوەی بەشداربووان و کۆمپانیاکانیش لە راگرتنی هێڵەكانی ئەنتەرنێت بەبیانووی تاقیكردنەوەكانی قوتابیان لە كوردستان زەرەر و زیانێكی گەورەی ماددی دەکەن”. کۆمپانیای ماهیار بۆ خەمڵاندنی زیانە ماددییەکانی ئینتەرنێت پشتی بە خەمڵاندنەكانی رێكخراوی نێتبلۆكس بەستووە و دەڵیت: “بۆ هەر كاتژمێرێك راگرتن و پچڕانی ئینتەرنێت زیانی ئابووری 5.6 ملیۆن دۆلار بەر عێراق دەكەوێت، بەمجۆرە تەنیا لەماوەی تاقیكردنەوەكانی وەزاریی خولی یەكەم و دووەم، كە دەكاتە 64 كاتژمێر عێراق زیانی 350,887,319  دۆلاری بەردەكەوێت، لەو ژمارەیە نزیکەی 50 ملیۆن دۆلاری بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت”. دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەکاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکاندا لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردەیە و بۆ بەرژەوەندیی گشتییە بۆ ئەوەی تاقیکردنەوەکان بەبێ کێشە بەڕێوەبچن”. دیلان رەشاد گوتیشی: “لە راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت تەنیا بەشداربووان زەرەرمەند نابن، بەڵکو کۆمپانیاکانی گەیاندنیش زەرەریان پێدەگات و هیچ کامیان قەرەبوو ناکرێنەوە و لەکاتی کڕینی ئینتەرنێت گرێبەستێک لە نێوان کڕیار و فرۆشیار هەیە و بەپێی ئەو گرێبەستە کارەکان دەکرێن و تائێستا هیچ سکاڵایەک لەسەر پرسی بچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت تۆمارنەکراوە”. بەگوتەی بیلال سەعید، خاوەنی کۆمپانیای ماهیار بۆ ریكلام و دیجیتاڵ مارکێتینگ لەسەر ئاستی جیهان راگرتنی هێڵەكانی ئینتەرنێت بابەتێكی گەرمە، ئێستا زیاتر لە 238 رێكخراو لە 106 وڵاتی جیهان بەئامانجی دروستكردنی گوشار لەسەر وڵاتان بۆ ئەوەی پەنا نەبەنە بەر بڕینی هێڵەكانی ئینتەرنێت داكۆكی لە مافی بەكاربەران دەكەن لە ژێر ناوی (#Keepiton. سەبارەت بەراگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا، بیلال سەعید گوتی: “ماوەی چەند ساڵێكە عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند وڵاتێكی عەرەبی لەكاتی تاقیكردنەوەكاندان هێڵەكانی ئینتەرنێت رادەگرن بە ئامانجی كەمكردنەوەی دیاردەی گزیكردن! ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت كە ئەم باسە وەك مەترسییەكی نیشتیمانیی دەبینرێت بەڵام راستییەکەی كێشە سەرەكییەكە بریتییە لە حكومەت نەوەك قوتابیان، چونكە لە بنەڕەتدا كێشەیەكی گەورە بەهۆی چارەسەری كێشەیەكی بچووكەوە دروست دەكرێت”. بەپێی بەدواداچوونی کۆمپانیای ماهیار، عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە دێن كە ئینتەرنێت بە هۆكاری جیاواز دەپچرێنن و تەنیا لە 2019دا زیانی 2.3 ملیار دۆلار بۆ 263 كاتژمێر پچڕاندن بەر ئابووری وڵاتان كەوتووە، بەڵام بۆ هەر كاتژمێرێك لەسەر ئاستی جیهان زیانی پچڕانی ئینتەرنێت بریتیە لە 2.1 ملیۆن دۆلار. سەبارەت بە چارەسەری ئەو گرفتە، بیلال سەعید دەڵێت: “لێژنەیەك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گزی و قۆپی لە تاقیكردنەوەكان دروستبكرێت، كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن و ئەنتەرنێت ناچاربكرێن بە قەرەبووكردنەوەی بەكاربەرەكانیان، هەروەها وەزارەتی پەروەردە و گەیاندن بە پاڵپشتی شارەزایانی تەكنەلۆژیا كۆببنەوە بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە”. ئەمساڵ لە کاتی تاقیکردنەوەی کۆتایی  خولی یەکەمی پۆلی شەشی ئامادەیی و پیشەییەکان، رۆژانە بۆ ماوەی 4 کاژێر ئینتەرنێت راگیرا و لە ماوەی 10 رۆژی تاقیکردنەوەکاندا 40 کاژێر ئینتەرنێت نەبووە، بەڵام لە خولی دووەم راگرتنی ئینتەرنێت بۆ سێ کاژێر کەمکراوەتەوە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.