کۆنگرەی ١٤ی پارتی و ئامانجەکان

نەوزاد محەمەد

لە ئەنجامی ئامادەکاریەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەستنی کۆنگرەی ١٤ کە بڕیار وایە رۆژی ٣ی تشرینی دووەمی لە شاری دهۆک ببەسترێت، بە تایبەت سەرپەرشتی کردنی ڕاستەوخۆی جەنابی ڕابەر و سەرۆک بارزانی بۆ ئامادەکاریەکان.

دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە کۆنگرەی ١٤ بە هەموو پێوەرەکان کۆنگرەیەکی نەوعی و جیاواز دەبێت.

بۆ یەکەم جار لە مێژووی کۆنگرەکانی پارتی، رێژەی پالیوڕاوان بۆ سەرکردایەتی بەم رێژە بەرزەو و نەوعیەتە بێت.

ڕێژەیەکی زیاتر لە خۆ پاڵاوتن، رێژەیەکی زیاتر لە گەنجانی خاوەن ئاست و ئەزمون.

ئەم خاڵە وەکو ئەوە وایە نەخشە رێگایەک بەرچاو بکەوێت، لە ئامانجی پارتی لە کۆنگرە و ئەنجامەکانی و هەروەها بۆ قۆناغی دوای کۆنگرەش.

پارتی لەم کۆنگرەیەدا، دەیەوێ دوو ئامانجی سەرەکی بپێکێت …

یەکەم : پێداچونەوە بە قۆناغی پێشو و ڕاست کردنەوەی هەڵەکان، نوێ بونەوەو گۆڕانکاری، بەخشینی خوێن و هێزێکی نوێ و گەنج بە حزب، لە رووی هزری و گونجاندن لەگەڵ قۆناغی ئێستای سیاسی و زانست و زانیاری، کە ئەمانە دەبنە هۆکاری ئەوەی هێزێکی عەقلی و بیرکردنەوەیەکی ئاست بەرز لە رووی سیاسی و دیبلوماسی و ئیداری بە حزب ببەخشێت.

دووەم : پارتی دەیەوێ بە تەواوی پێداچونەوە بە سیاسەتەکانی دا بکاتەوە، لە رووی سیاسەت و دیبلوماسیەتی دەرەوە، پەوەندیەکانی لەگەڵ هێز و لایەنەکان، جگە لە ئامانجە نەتەوەیی و دور و نزیکەکان بە پێی قۆناغ و رژد بوون لەسەر پەیامە نەتەوەیەکەی و زیاتر قۆل بوون لە تێگەیشتن بۆ ئەم ئامانجە و کردنی بە پێوەر لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ هێز و لایەنە کوردستانیەکان بۆ قۆناغی داهاتوو.

کە واتا ئامانجی پارتی زیاتر شۆڕبونەوەیە بەڕەو هێزی سیاسی نەتەوەیی و خزمەت کردن لە پێناو ئامانجە سەرەکیەکان، بەو پێوەرە پەیوەندیەکانی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان ڕێکدەخاتەوە، جکە لە سیاسەتی دەرەوە کە زیاتر هێز و توانای پێ دەبەخشرێت.

ئەم نوێ بونەوەیە دەبێتە ئەمری واقع لە بەرامبەر لایەنەکانی کوردستانی و تا عیراقیش، بە شێوەیەک کە دەرفەتی ئەوەی تێدا نامینێت هەوڵی سیاسەتی هەڵە و نا بەرپرسانە بدرێت چ بەرامبەر بە خودی پارتی یان پرسە پەیوەندارەکان بە چارەنوسی گەلی کورد و دۆزە ڕەواکەی بە گشتی، کە لەم ڕوانگەشەوە پارتی خۆی بە خاوەن و بەرگریکار لە بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان دەزانێت.

هەر بۆیە زۆر گەشبینین لەوەی کە ئەم کۆنگرەیە، کۆنگرەیەکی جیاواز و نەوعی و سەرکەوتوو بێت و ئەنجامی باش و ئەرینی لێبکەوێتەوە، نەک تەنها بۆ ناوخۆی پارتی لە چارەسەر کردنی هەندێک کێشە و دیاردە و ڕاست کردنەوەی ئاراستەکان، بەڵکو لە بەرژەوەندی دۆزی گەلی کورد و ئامانجە نەتەوەییەکانی بە گشتی دەبێت،

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.