کێ ڕۆژنامەنووسە…؟
ئارام حسێن، هەولێر:
لە سەردەمی ئێستا کە تەکنەلۆژیا ڕۆژ بەڕۆژ لە پێشکەوتندایە و پەیدابوونی زۆر سۆسیال میدیا و دروست کردنی پەیج و ئەکاونتی بێ دەزگا و جێگای تایبەت بۆ بەرێوەبردن و دیاریکردنی کارەکانیان، زۆرجار ئەم پرسیارە دەکرێت و روو بەروو دەکرێتەوە بەتایبەت لە باسکردنی ئازادی و ئازادی رۆژنامەنووسیدا کە کێ رۆژنامەنووسە؟
یان پەیج و ئەکاونتی تایبەت کاری رۆژنامەنووسین یان نا، لە پێناسەیەکی گشتیدا دەتوانین بڵێن، رۆژنامەنووس ئەو کەسەیە کە پیشەی ڕۆژنامەگەری ئەنجام دەدات، جا بە قسەکردن بێت یان بە نووسین، کاری ڕۆژنامەنووس بریتییە لە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر ڕووداوە هەنووکەییەکان و پرسی خەڵک و دروستکردنی ڕاپۆرتەکان، پیشەی ڕۆژنامەنووس ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکانە بۆ ئەوەی پەخش بکرێت یان بڵاو بکریتەوە لە میدیای جۆراوجۆر وەک ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و گۆڤارەکاندا.
ئەی کێ رۆژنامەنووسە؟ بە پێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان
لە یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت یاسای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، کە یاسای ژمارە 40ی ساڵی 2004 یاسای یەکەم هەموارکردنی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 1998، لە ماددەی یەکەم و پێناسەکاندا لە برگەی(د) بەم شێوەیە پێناسەی رۆژنامەنووسی کردووە (رۆژنامەوان : هەرکەسێ کاری رۆژنامەوانی بکاو، ئینتیمای سەندیکاکەی کردبێ و ئیلتیزامی خۆی بەجێ هێنابێ) لە هەمان یاساداو لە فەسڵی دووەم و ماددەی شەشەم رۆژنامەنووسی پۆلین کردووە بۆ سێ جۆر کە ئەوانیش رۆژنامەنووسی کارا و مەشقکار و بەشدار و هەریەکەیان پێناسە و کارەکەی دیاری کراوە، بە کورتی رۆژنامەنووسی کارا ئەو کەسەیە کە تەنها پیشەی رۆژنامەنووسییەو لەسەر ئەم پیشەیە دەژیت، بەڵام رۆژنامەنووسی بەشدار ئەم کەسەیە کە پیشەی رۆژنامەنووسی دەکات بەڵام نەی کردۆتەی پیشەی سەرەکی واتا لەگەڵ کاری رۆژنامەنووسیدا کارێکیتریش ئەنجام دەدەت، هەرچی رۆژنامەنووسی مەشقکاریشە کاری سەرەکی تەنها رۆژنامەنووسییە بەڵام لە دووساڵ کەمترە ئەم کارە دەکات. هەر بۆ زیاتر روونکردنەوەی ئەو کارانەی کە لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکرێت لە هەمان یاساداو لە فەسڵی حەوتەم و ماددەی بیست و سێدا هاتووە کە رۆژنامەوان ئەوکەسەیە کە یەکێ لەم ناونیشانانەی خوارەوەی هەیە: خاوەن ئیمتیاز + سەرنووسەر + جێگری سەرنووسەر + بەرێوەبەری نووسین + سکرتێری نووسین + نووسەر + وەرگێر + پەیامنێر + وێنەگری رۆژنامەوانی + کارکاتێرست + نەخشەساز + هەڵەچن + ئەرشیف + ژنەفتکار(منصت) . بەڵام لە یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان ژمارە 35ی ساڵی 2007 لە بەشی یەکەم و پێناسە و پرەنسیپەکان و ماددەی یەکەم و خاڵی پێنجەم بەم شێوەیە پێناسەی رۆژنامەنووسی کردووە (رۆژنامەنووس: هەرکەسێک کە لە بواری رۆژنامەگەرییدا لەهەر کەناڵێکی راگەیاندندا کاردەکا) هەروا لە یاسای سندوقی خانەنشینی رۆژنامەوانانی کوردستانی – عێراق ، لە ماددەی یەکەم و خاڵی دووەمدا وەها پێناسەی رۆژنامەوانی کردووە( هەر ئەندامێ ئینتیمای لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کردبێ و ئیلتیزامی خۆی بۆ بەجێهێنابێ، ئەوە دەگرێتەوە)
گرنگە دوای پەیدابوونی سۆسیال میدیا و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا سەرلەنوێ پێناسەی رۆژنامەنووس و کاری رۆژنامەنووسی بکرێتەوە چونکە لە یاسای سەندیکا و سندوقی خانەنشینی رۆژنامەنووسان ئینتیماکردن بۆ سەندیکا واجبکردووە، بەڵام لە یاسای رۆژنامەگەری واجبی نەکردووە رۆژنامەنووس ئینتیما بکات، ئەمەش دوفاقیەک دروست بووە و پێویستە یاسای تایبەت بەم بوارە دەربچێت ئەمیش زیاتر بەمەبەستی رێکخستنەوەی کاری رۆژنامەنووسی یان هەموارکردنەوەی یاساکان.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.