گرنگی نامەکەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ مەسرور بارزانی

فرسەت سەید شکور

لەدوای ساڵی 2003 و بەھێزبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە، بەریتانیا کە خۆی یەکێکە لە زلھێزەکانی جیھان یەک بوو لەو دەوڵەتانەی بەگرنگییەوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیڕوانی.

ڕۆژی 3ی ئەیلولی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نامەیەکی لە سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوویی بەریتانیا “لیز ترەس” پێگەیشت،
لە نامەکەدا سەرۆک وەزیرانی شانشینی یەکگرتوو ئاماژەی بە
سەردانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بۆ بەریتانیا کردووە لە مانگی چواری ئەمساڵ و گوتوویەتی ” کە خۆشحاڵبووە کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، لە لەندەن پێشوازی کردووە لە مەسرور بارزانی کرد و ھیوای خواستووە کە سەردانەکە بەرهەمدار بووبێت“

لە ڕوانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکانەوە، ھەر جووڵەیەکی سیاسیی یان دیپلۆماسیی نێوان وڵاتان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، زۆربەی کات ئەو پەیوەندییانە پەل دەھاوێت بە برەودان بە ھەموو ئاڵوگۆرە سیاسیی و ئابووریانەگ کە ھەیە، بەڵام نامەکەی لیز ترەس لەم قۆناغەدا بۆ ھەرێمی کوردستان چەندین بەھای گرنگی ھەیە، لە کاتێکدا عێراق و ناوچەکە بە دۆخێکی ناھەموار و ناسەقامگیر تێدەپەڕێت، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بە سەقامگیریی و ئارامی ھەرێمی کوردستان داوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە دەبێت پەرە پەیوەندیی مێژوویی نێوان ھەردوولا بدرێت و بەھێز بکرێت.

خاڵێکی دیکەی کە شیاوی ھەڵوەستە لەسەرکردنە، ئاماژەدان بە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر کە تائێستاش بەریتانیا ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشێکی کارا و گەورەی خۆی لە بەگژداچوونەوەی ھەموو ئەو ئاڵنگارییانەی کە لەناوچە دێنە پێش دەبینێت.

پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانییدا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم نامەی لیز ترس بۆ مەسرور بارزانی و دوایین سەردانی بۆ شانشینی یەکگرتوویی بەریتانیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەریتانیا، جیا لەوەی خاڵێکی ئەرێنیی بەھێز و گرنگە، ھاوکات ئەو سەردانانە وەڵامدەرەوەی چەندین ئالنگاریی ناوەخۆیی و دەرەکییە، کە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو، کاری بۆ کراوە، بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە و لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، بۆ حکوومەتی ھەرێم. لە ھەمان کاتدا، ئەو پەیامەشیان بە دەسەڵاتدارانی عێراق دا، کە ھەرێمی کوردستان، پێگە و تواناکەی لەوە گەورەترە، بە بڕیاری میزاجی و دەستلەپشدانی دەوڵەتانی ناوچەیی فشاری بۆ بھێنرێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.