گرنگی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ئێستا و ئایندەی کوردستان
گرنگی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ئێستا و ئایندەی کوردستان
زێ بادینان ، نەوزاد محمد .
یەکێک لەو خاڵانەی کە کۆمەڵکا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەهێز بوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی ناو خودی کۆمەڵگان.
ئەم پەیوەندیانەش هێزی خۆیان لە بنەما مێژووی و ئاینی و کەلتوری و جوگرافی وەردەگریت و کۆمەڵگا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
کۆمەڵگای کوردەواری بە سروشتی خۆی خاوەن هێزێکی تایبەتە لەم بوارەدا، بە حوکمی کە پێکهاتەیەکی عەشائیری یە و لەسەر بنەمای عورف و عادات و تەقالیدی کوردەواری بونیاد نراوە، کە ئەم عورف و عادەتانە خاڵی بەهێزی یەکگرتووی ناو کومەڵگای کوردەوارین.
ئەم شیکارەش جوانی خۆی لە مێژوو و قۆناغەکانی وەرچەرخان و پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوروبەر، ئەزمونی وەرگرتووە کە دگەەرێتەوە بۆ زیاتر لە ٢٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر.
ئەم مێژووە بە ئەزمونەکانیەوە بوەتە هۆی ئەوەی کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردەواری لە رووی خێل و عەشائیری یەوە، بەهێزتر و فراوانتر بن و خۆیان لە ئاستی پرسە نەتەوەیی و چارەنوسسازەکاندا ببیننەوە، کە ئەمەش بە گشتی هێزێکی تر بە کۆمەڵگا دەبەخشێت لە رووی هزری سیاسی و خەباتی سیاسی یەوە.
لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقی و تا ئێستا دا، رژێمە یەک لە دوای یەکەکان بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە کێشە و ناکۆکی بخەنە ناو کومەڵگای کوردەواری یەوە، بە رێگای دروست کردنی شەر و دوژمنداری لە نێوان خێل و عەشائیرەکان، کە رژێمی بەعسی روخاو زۆر بە ووردی کاری لەسەر ئەم خاڵە دەکرد.
بێ گومان مەبەستی سیاسی لە پشت ئەم هەوڵانەیان بووە، زیاتر درز خستنە ناو کومەڵگای کوردەواری، تا دوور بکەونەوە لە پرسە نەتەوەییەکان وەکو نەتەوەی کورد و سڕینەوەی هزری کورد بوون لە مێشکی تاک و کومەڵگا بە گشتی.
پاش سەرهەڵدانی پیرۆزی بەهاری ساڵی ١٩٩١، ئەم جۆرە کێشانە بوونیان هەبوو، کاریگەری نەرینیان دەکردە سەر ئایندەی پرسی نەتەوەیی و سیاسی لە هەرێمی کوردستان دا.
دواتر ماوە ماوە و لەگەڵ بڵاوبونەوەی هزری نەتەوەیی و ئەدەبیاتی سیاسی لەمەر پرسی گولی کورد و خەباتە رەواکەی، کۆمەڵگا بەرەو هوشیاری نەتەوەیی هەنگاوی نا، زیاتر چاوو روونی پەیدا بوو و لە دۆخەکەی گەیشت.
بێ گومان هەوڵی لایەنە سیاسیەکان رۆڵیان هەبوو لە بە گرنگ وەرگرتنی ئەم کەیسە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان، کە قۆناغ بە قۆناغ کێشەکان چارەسەر کران و ئەنجامێکی باشی لێکەوتەوە، ئەو لێک ترازانەی کە هەبوو بو، بووبە کۆمەڵێک پەیوەندی توند و تۆڵ لەسەر بنەمای کورد بوون.
ئەوەی لامان مایەی نیگەرانی یە، هەندێک حالەت دەبینین لە هەوڵی تێکهەل کردنی بنەما کومەڵایەتیەکان بە سیاسەت، هەولی هێنانە دی ئایدیایەک و فەراهەم کردنی کەش و هەوایەکی تایبەت بە بەرژەوەندییە تایبەتیەکان و لە چوارچێوەیەکی بەرتەسک دا و دوور لە بەرژەوەندییە گشتی و نەتەوەییەکان.
لەوانەیە ئەم شێوازە کاریگەری نەرینی بکاتە سەر هەردوو لایەوە و زیانەکانی زیاتر بن لە سوودەکانی، هەروەکو چۆن ئاین تێکهەل بە سیاسەت دەکرێت و هیچ سوودی بە پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵگا نەگەیاندووە.
دەکرێت ئەو پەیوەندییە بەهێزانەی ناو کۆمەڵگا بکرێنە فاکتەرێکی هێز بۆ پرۆسەی سیاسى، ئەویش بە پشتیوانی کردن لە پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای یەکگرتنەوەی ئامانجەکان لە چوارچێوەی نەتەوەیی و چارەنوس دا، گرتنی یەک ئاراستەی هاوسەنگ بەرەو ئامانجەکان.
لەم قۆناغە چارەنوسسازەدا کە پرس و ئایندەی هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و نەتەوەیی یەوە کەوتۆتە بە شاڵاوی دژایەتی کردن و پیلان گێرێ لە لایەن دوژمنە دێرینەکانی گەلی کورد و بەکرێ گیراوەکانی تر، ئەوە دەخوازێت لەسەر هەموو لایەک لەسەر ئاستی سیاسی و کومەڵایەتی بیر لە بەرژەوەندی گشتی و ئایندە و چارەنوسی گەلی کورد بکەنەوە، دوور لە بەرژەوەندی بەرتەسکی عەشائیری یان تەنها لایەنێکی سیاسی.
دەبێ بە تەواوی رەهەندەکانی ئاینی، مێژوویی، نەتەوەیی و سیاسی بکرێنە فاکتری هێز بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی لە لایەک و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە لایەکی ترەوە.
بەرهەم هێنانی فەلسەفەیەکی نەتەوەیی هاوچەرخ و گونجاو لەگەڵ قۆناغی ئێستا دا، کە پرسی نەتەوەیی سەروی هەموو پرسێکی تر بێت و ئامانجی سەرەکی بێت بۆ رزگاری نەتەوەیی.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.