گوتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانیی هاوپەیمانییەکەی بەرامبەر کابینە کاتییەکای بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەربڕی

گوتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانیی هاوپەیمانییەکەی بەرامبەر کابینە کاتییەکای بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەربڕی و گوتی، ئەو بزووتنەوەیە بەڵێنی خۆی نەبردووەتە سەر “بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر؛ حکومەتێک کە نوێنەرایەتیی تەواوی لایەنەکان بکات”. پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا رۆژی پێنجشەممە 09-09-2021 لە برۆکسل بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، “ئەو حکومەتە ئەوە نەبوو کە تاڵیبان بەڵینی پێکهێنانی دابوو”؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کابینەیە شکستیهێنا لەوەی رەنگدانەوەی “هەمەجۆرێتی و دەوڵەمەندیی” ئەفغانستان بێت و یەکێتیی ئەوروپاش جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر دەکاتەوە پێش ئەوەی ئامادەیی ئەوەی هەبێت مامەڵە لەگەڵ سەرکردەکانی تاڵیبان بکات. رۆژی سێشەممە 07-09-2021 بزووتنەوەی تاڵیبان کابینەی حکومەتی کاتیی بەناوی “میرنشینی ئیسلامیی ئەفغانستان” راگەیاند کە مەلا محەممەد حەسەن ئاخوند پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی وەرگرتووە. زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان ناوی 33 پۆستی حکومەتی نوێی وڵاتەکەی راگەیاند کە هەموویان بە پیاوان دراون و زۆربەیان بەرپرسانی باڵای تاڵیبانن؛ ئەوەش نیگەرانیی لای وڵاتانی رۆژئاوا دروستکردووە. پێشتر بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاندبوو، حکومەتێکی گشتگیر رادەگەیێنێت، پرسیار لە زەبیحوڵڵا موجاهید کرا “بۆچی هیچ ژنێک لەنێو کابینەکەیاندا نییە؟”، لە وەڵامدا گوتی، “کابینەکە هێشتا تەواو نەبووە؛ ئەمە تەنیا کابینەیەکی کاتییە”.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.