گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک بەهەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستانەوە

لیزا فەلەکەدین کاکەیی

هەروەها نزیک بوونەوەی رێککەوتنی هەولێر و بەغداد لەسەر پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، جارێکی تر شۆڤێنییە تورکمان و عەرەبەکانی هێنایە لەرزین و هەر بۆیە کەوتنە داواکارییەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کەرکوک. پاش ئەوەی ئەم هەوڵە نا لۆژێکییە سەری نەگرت بەوە نەوەستان بەڵکو لە ئێستادا لیژنەیەکی پێنج کەسیان بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کەرکوک دامەزراندووە، کە سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە لە پێکهاتەی تورکمان و عەرەبن و بەشداریان بە هیچ ئەندامێکی کورد نەکردووە! لە هەمووشی کارەساتبارتر ئەوەیە کە نەتەوەیەکگرتوەکان سەرپەرشتی ئەم لیژنەیە دەکات و نازانرێت چۆن چاوپۆشی لەم نا حەقییە زەقە کردووە بەرامبەر بە کورد و رێگەی داوە دوو پێکهاتەی عێراق کودەتا بەسەر پێکهاتەی کورد بکەن کە گەورەترین پێکهاتەی ناوچەکەیە ؟! بێگومان ئەمە پێشێلکارییە لە مافی پێکهاتەکان و کەموکورتییەکی یاسایی و سیاسییە بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان کەوا چۆن و بە چ شێوەیەک نادادپەروەرانە چاوپۆشی لەم هەنگاوەی شۆڤێنییەکان کردووە…
ئەم پیلانە دیوێکی تریشی هەیە؛ تورکمانەکان چەندین فۆرمی خۆراکیان لە دەشتی نەینەواوە بۆ کەرکوک گواستووەتەوە، هەروەها لەبەرئەوەی بازنەی (سێ) لە کەرکوک کە سێ کورسی تێدایە و سەرجەمی بۆ پێکهاتەی عەرەبە بۆیە بە هەزاران فۆرمی خۆراک لە بازنەی (سێ)وە بۆ بازنەی (دوو) گواستراوەتەوە بۆ ئەوەی تەواوی کورسییەکانی بازنەی (دوو) کۆنترۆل بکەن و رێگە نەدەن کورد هیچ کورسییەک لەوێ بەدەست بهێنێت!
پێویستە ئەوەش بڵێم کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک پێشتر ڕێگریان لە جێبەجێکردنی ئەم پیلانە مەترسیدارەی نەیارانی کورد دەکرد بەڵام پێکهێنانی ئەم لیژنەیە بەسەرپرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان مەترسییەکی جدی بۆ دەنگی کورد لە کەرکوک دروست دەکات و پێویستە هەرچی زووە لایەنە سیاسییە کوردییەکان رێگری بکەن لەم پیلانە مەترسیدارە کە دژی دەستووری عێراق و بنەمای پێکەوەژیانە.

لیزا فەلەکەدین کاکەیی
18/9/2021

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.