ھاوسەرگیری پێشوەختە
(ھۆکار و لێکەوتە خراپەکانی)

زێ بادینان : زریان فاتح قەرەداغی،

ئەوجۆرە ھاوسەرگیرییە ناتەندروستەیە کە لەڕوی ( دەرونی -تەندروستی -جەستەیی)ەوە کەسەکە ئامادە نییە بۆ ھاوسەرگیری،ئەم جۆرە لە هاوسەرگیری دوور لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و دوور لە بنەما یاساییەکان ئەنجام دەدرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافەکانی منداڵ و ئافرەتە و ھۆکارێکیشە بۆ دروستبونی کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان کە دواجار بە کوشتن یان خۆ کوشتن و خۆ سوتاندن یان ھەڵوەشاندنەوەی خێزان یاخود خیانەتی هاوسەری (وەک تۆڵە کردنەوە ) کۆتایی دێت .
ھۆکارەکانی ھاوسەرگیری پێشوەختە چین ؟
١- کەمی ھۆشیاری کۆمەڵگە دەربارەی لێکەوتە خراپەکانی ھاوسەرگیری پێشوەختە :
ئەمەش پەیوەندی بە کلتورو دابونەریتە کۆمەڵایەتیەکانەوە ھەیە، کۆمەڵگەی ئێمە ھێشتا لەو بیرە چەق بەستوەدا ماوە کە دەبینێت منداڵەکانیان ( بەتایبەتی کچان ) وردە وردە گەورە دەبن ئیتر ترس لەوەی توشی کێشەیان نەکەن و شەرەفی خیزان و بنەمالەکە لەکەدار نەکەن خێرا دەیان دەن بە شو و لەکۆڵ خۆیان دەکەنەوە .
٢- نەبونی داھاتی سەربەخۆ:
زۆربەی کچان بێ کارن و خاوەن داھاتی سەربەخۆی خۆیان نین، چونکە باوکان یان براکان ڕێگە نادەن کچ یان خوشکیان کار بکەن ، ئەمە وای کردوە کە کچان چاوەڕێی دەستی باوک یان برا بن تا پێویستی ڕۆژانەیان بۆ دابین بکەن پارەیان بدەنێ، لە ڕوی ئابوریەوە فشارە بۆ باوک و براکان و لە ڕوی دەرونیشەوە فشارێکی ناخۆشە بۆ کچان کە هەندێک جار هەست دەکەن باوک و براکانیان خێریان پێدەکەن ، ئەمە وای کردوە بەشێک لە کچان هاوسەرگیری پێشوەختە بەهەمو خراپیەکانیەوە بەباشتربزانن لەو بارودۆخەی تێیدا دەژین لە ژێردەستی باوک و برادا .
. ٣-جێبەجێنەکردنی یاسا وەک خۆی ھۆکارە بۆ زیادبونی ھاوسەرگیری پێشوەختە :
ھەرچەندە کاری یاسا دابینکردنی ئەرک و مافی ھاوڵاتیانە و سەپاندنی سزایە بەسەر سەرپێچی کاراندا ، بەڵام چاوپۆشی کردن لە جێبەجێکردنی سزاکاندا ھەیە ، جیا لەوە تاکی کۆمەڵگەی ئێمە ھۆشیاری کەمە دەربارەی ئەو یاسایانەی لە دادگاکاندا هەن و کاریان پێدەکرێت ، ھەربۆیە ئەمجۆرە هاوسەرگیریە زۆرکات لە دەرەوەی دادگاکان ئەنجام دەدرێت.

٤- ترسی کچان لە ھەڵکشانی تەمەنیان و قەیرە بونیان : ھۆکارە بۆ ئەوەی کچان لە تەمەنێکی زۆر کەمدا بیر لە پرۆسەی ھاوسەرگیری بکەنەوە ، لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆربەی پیاوان ئارەزوی ئەوە دەکەن کە ھاوسەرگیری لەگەڵ کچانی کەم تەمەندا بکەن و کەمتر بەلای کچانی تەمەن هەڵکشاودا دەچن .
٥- بونی توندوتیژی لەناو خێزان دا :
ھۆکارە بۆ ئەوەی کچان لە تەمەنێکی کەمدا پەنا بەرنەبەر ھاوسەرگیری بۆئەوەی لەو بارە ناخۆشە خێزانی و سایکۆلۆژیە ناخۆشە و لەو ژینگە پر توندوتیژیە دوور بکەونەوە..
٦- کاریگەری ھاورێ و کەسانی دەوروبەر:
کاتێک ھاورێ و کەسانی دەوروبەر کاریگەریان لەسەر ژیانی تایبەتی دروستکرد دەبێتە ھۆکار بۆ ئەوەی چاو لە ھاورێ بکات یاخود بە قسەی ھاورێ و کەسانی دەوروبەر بکات بیر لە ھەبونی ھاورێ کوڕ و بیر لە خۆشەویستی بکاتەوە لە تەمەنێکی زۆرکەمدا کە دواجار کاریگەری خراپ لەسەر ژیان دروست دەکات ، بۆیە باشترین شت ئەوەیە کە ( ھیچ کاتێک ھاورێ کاریگەری نەبێت لەسەر ژیانی تایبەتیتان ، )

٧- بەداخەوە هۆکارێکی دیکەی هاوسەرگیری پێشوەختە ئاینە:
لە ئاینی ئیسلامدا رێگە دراوە بە هاوسەرگیری پێشوەختە کە ئەمەش والە خێزانەکان و دایکان و باوکان دەکات کە نەک رێگر بن لەو پرۆسەیە بەپیچەوانەوە زۆربەی خێزانەکان هاوسەرگیری پێشوەختە وەک بەجێهێنانی ئەرکێکی ئاینی تەماشادەکەن .

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان بەدیار کەوتوە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە داوای جیابونەوە ئەکەن لە ٪‏٧٠ ئەوانەن کە تەمەنیان لە نێوان (١٥ -٢٥) ساڵی دایە، بەمەش بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێژەی جیابونەوەکان لە تەمەنێکی زۆر کەمدایە.

ئامانجی گشتی ئێمە لەم بابەتە ئەوەیەکە :
١- کەمکردنەوەی ھاوسەرگیری پێشوەختە
٢- کۆمەڵگە ھۆشیار بکرێتەوە لە دەرئەنجامە خراپەکانی ھاوسەرگیری پێشوەختە
٣- پێویستە ئێمە ببینە دەنگی ئەوکەسانەی کە بونەتە قوربانی ھاوسەرگیری پێشوەختە .
٤-ھۆشیارکردنەوەی دایکان و باوکان لە تێکدانی ژیانی کچەکانیان بەهاوسەرگیری پێشوەختە
٥-بەکارھێنانی سۆشیاڵ میدیا لەلایەن منداڵەکان لەژێر چاودێری دایکان و باوکان و لایەنی پەیوەندی دارگرنگە .
٦- جەخت کردنەوە لەسەر ئەو یاسایانەی بۆ رێگری لە ھاوسەرگیری پێشوەختە داندراون .

ئامانجی تایبەتی ئێمە ئەوەیە کە کچان دەبێت تەمەنی یاسایی خۆیان تەواو بکەن و چێژ لە ژیانی منداڵی و هەرزەکاری خۆیان ببینن و دواتر کە عەقڵ و جەستە و دەرونیان کامڵ بو ئەوکات بیر لە ژیانی خێزانی و هاوسەرگیری بکەنەوە.

لە کۆتایدا داوا کارم لەژێر ھیچ کاریگەریەکدا کچان ھاوسەرگیری پێشوەختە نەکەن تا ئەوکاتەی خوێندن تەواو دەکەن و دەگەن بە داھاتی خۆیان ، ھەروەھا بیانوی دانەمەزراندن و نەبونی کار نەکەنە ھۆکار ، لەبەرئەوەی ئەگەر خوێندن تەواو بکەن ئاستی ڕۆشنبیریان زیاتر دەبێت تێکەڵاویان لەگەڵ خەڵکدا زیاتر دەبێت وە زیاتر چاک و خراپە لێک جیا دەکەنەوە و دەوروبەرباشتر دەناسن و ئەزمونی زۆر شت دەکەن لە ژیاندا، بەمەش کە گەشتنە تەمەنێکی گونجاو و یاسایی باشتر دەتوانن بەرپرسیارێتی ئەو ژیانە بگرنە ئەستۆ کە هاوسەرگیری دروستی دەکات ..

  • ئەو ناوی توو لە خوارێ هاتووە نوسین دەتوانی گشت بابەتی خۆ لە مالپەری بەلاو بوون ببینی ……

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.