ھەرێمی کوردستان و قۆناغی نوێی پرۆسەی سیاسی لە عیراق
نەوزاد محمد
ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و سەرکەوتنی ڕەوتی سەدر وەکو ھێزی سەرەکی و یەکەم بە کۆی ٧٣ کورسی، معادەلاتی سیاسی لە ناوخۆی عیراق و ناوچەکەش بەرەو گۆڕانکاری دەبات و دۆخەکە ھەستیار دەکات.
ئەم واقعە وا لە کورد دەخوازێت کە بە پلان و ستراتیجیەت و نەخشە رێگایەکی نوێ خۆی ئامادە بکات و روو لە بەغدا بکات.
بۆ ئەم مەبەستە و لە پێناو بە ھێز بوونی کوتلەی کوردی، پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو براوەی یەکەم لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و وەکو نەریتی ھەمیشەیی و بە ھەمان روحیەت و سەلماندنی خەمخۆری، دەستی بە سەرەدانی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی کرد و لە یەکێتی یەوە دەستی پێکرد و بەردەوامیش دەبیت تا دەکاتە سەرەدانی تەواوی لایەنەکان و ھەروەھا ئەو لایەنانەی کە کورسیش یان بە دەست نەھێناوە، چونکە پارتی ھیچ کات پەیوەندیەکانی لەگەڵ لایەنەکان نەبەستۆتەوە بە ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان، بەڵکو لە سونگەی ھەست کردن بە پەرپرسیارەتی نەتەەدوەیی و پاراستنی یەک ریزی ناو ماڵی کورد، ھەڵسەنگانی بۆ پەیوەندییەکانی کردووە و قوربانیشی لە پێناوی داوە.
مەبەستی پارتی ئەوەیە کە لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، کورد بە یەک بەرنامەی سیاسی روو لە بەغدا بکات و لەو چوار ساڵەی داھاتوو لە تەمەنی سیاسی عیراق بە ناوی لیستی کوردستانی و بە روحیەتێکی نوێ و بە یەگ گوتاری سیاسی لە بەغدا ڕۆلی خۆی ببینێت و شەر لەسەر مافەکانی گەلی کورد بکات.
ئەوەی زیاتر لە بەرژەوەندی کورد دایە، پەرتەوازەیی لایەنە عیراقیەکانە، چ سونە یان شیعە، کە ئەمە دەبێ وەکو فاکتەرێکی ھێز سوودی لێ ببیندرێت و دیدی کورد روون و دیار بێت لە چۆنیەتی ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم لایەنانە.
ئەوەی پێشبینی بۆ دەکرێت، پرۆسەی سیاسی لە عیراق زیاتر بەرەو گرژی دەڕوات و لایەنێکی دیاری دەرەکی زیاتر ھەوڵ دەدات دەستی خۆی بخاتە ناو پڕۆسەکەوە، چونکە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لە بە دڵی ئەوان نین و بەرژەوەندیەکانیان دەخاتە مەترسیەوە.
ئەمەشیان کاریگەری دەخاتە سەر دۆخی عیراق بە گشتی لە رووی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوری و ئەمنیشەوە و لەوانەیە کاریگەری نەرینی بخاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستانیش.
پارتی ھەست بە ھەستیاری ئەم قۆناغە دەکات، بۆیە دەیەوێ بە دوای فاکتەرەکانی ھێز بگەرێت و کورد بە بەرنامەیەکی یەکگرتووی سیاسی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عیراق بکات و پەیوەندییە سیاسی و دیبلوماسیەکانی لەسەر بنەمای رەوشی نوێی عیراق و بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە دابرێژیت و بە بەرگێکی تەواو کوردستانی خۆی بنوێنێت، تا بتوانێت یاریکەرێکی سەرەکی بێت و بەرگریکارێکی سەر سەخت و بەھێز بێت لە مافەکانی گەلی کورد.
ھەروەھا پارتی دەتوانێت سوود لە پەیوەندیە دیبلۆماسی و ئابوریەکانی لە سەر ئاستی جیھان وەربگریت و پێگەی ھەرێمی کوردستانی پێ بە ھێز بکات.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.