ھەمووان شانازی بە ئاڵای پیرۆزی كوردستانەوە دەكەین……

لانە محەمەد

رەمزێکی شکۆمەند بە ئاسمانی کوردستانەوە. خۆرێکی 21 تیشکی لە نێو ئاڵای کوردستان نیشانەیەکی گرنگە. مێژووی گەلەکەمان کە زیاتر لە 2700 ساڵە بە چەندین ئاڵا دەناسرێتەوە. ئەوەی ئێستا بە فەرمی ناسراوە، ئەم ئاڵایەیە.

بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان یەکەمین دەوڵەتی کوردی میتانییەکان بوون، کە ئاڵایان بەکارهێناوە لە 1500 ساڵ پێش زاییندا. کە سنووری دەوڵەتەکەیان لە رۆژئاوای کوردستان و کوردستانی گەورەبووە.

دوای دەوڵەتی میتانییەکان، ئیمپراتۆرییەتی ماد، کە لە مێژوودا بە باپیرە گەورەی کورد دادەنرێن، ئالای تایبەتیان هەبووە، کە لە هەرسێ رەنگی زەرد و سوور و سەوز پێکهاتووە.

لە کوردستان دەیان شۆڕشی گەورەی رزگاریخوازی دروستبوون بۆ ئەوەی ئاڵای کوردستان هەڵبدەن، مانای هەڵدانی ئالای کوردستان بە مانای دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دێت.

لە ساڵی 1919 شێخ مەحموودی حەفید، بۆ شۆڕشەکەی ئالایەکی داناوە، کە گوزارشتی لە دەوڵەتە کوردییەکەی دەکرد، لەسەر زۆربەی دام و دەزگاکانی حکوومەتەکەی ئەو ئاڵایەی هەڵکردووە، کە لە رەنگی سەوز پێکهاتبوو و لە نێوەڕاستیدا بازنەیەکی سوور و مانگێکی سپی هەبوو.

شێخ سەعیدی پیران، کە شۆڕشێکی لە باکووری کوردستان هەڵگیرساند، ئاڵای تایبەتی هەبوو، ئالاکەی شێخ سەعیدی پیرانیش سەوز بوو، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەبوو، کە لەنێوەڕاستی ئالاکە رۆژی دانابوو، بە مانای نوێبوونەوە.

مێژووی دروستبوونی ئەم ئاڵایەی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1920 کاتێک ئەمین عالی بەدرخان، داوا لە زەینلعابدین دەکات، کە کەسایەتییەکی کورد بووە، ئالایەک بۆ کوردستان دروستبکات.

ئەو ئالایە تاوەکو ئێستا لە ماڵی سینەم بەدرخان پارەزراوە.

بۆ یەکەمجار ئاڵای کوردستان بە فەرمی و بە ناوی دەوڵەتێکی کوردستان، لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد لەلایەن قازی محەممەد هەڵدرا، کە زۆربەی کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان تێیدا بەشداربوون، لەنێویاندا مەلا مەستەفای بارزانی.

لە ساڵی 1999 بە بڕیاری ژمارە 26 پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 14ی ئالای هەرێمی کوردستان دەرکرد، کە لە 10 ماددە پێکهاتووە.

دوای 10 ساڵ لە رۆژی 19/6/2009 پەرلەمان لە دانیشتنێکی تایبەتدا، رۆژی 17/12ی هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی ئالا دیاریکرد، کە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکە پەسەندکرا. ئەم رۆژە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژی هەڵکردنی ئالا لە کۆماری کوردستان.

لە زانکۆی سەلاحەدین، ساڵانە بۆ قوتابیانی قۆناخی یەکەم وانەیەکی تایبەت بە زنایارییەکانی ئاڵای کوردستان لەلایەن مامۆستایانی زانکۆ دەگوترێتەوە. کە مێژووی ئالا لەلایەن چەند پسپۆرێکی زانکی سەلاحەدین وەکو نامیلکەیەک چاپ کراوە.

لەو رۆژە بە دواوە هەموو رۆژێکی 17ی 12ی خەڵکی کوردستان بە جلوبەرگی کوردی لە رێورەسمێکی تایبەت یادی رۆژی ئالای کوردستان دەکەنەوە. ئێستا لەنێو هەموو وڵاتانی جیهان ئەم ئالایە بە ئالای فەرمی کوردستان دەناسرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆمان هەبێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.