▪ یادداشتی رۆژ خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادیی فرەڕەهەندە

حوسێن کوردنەژاد

لە دەستپێکی هەر کار و هەنگاوێکدا، پێویستە روئیایەکمان هەبێ، پاشان بەپێی ئەم روئیایە ستراتیژییەک دیاری بکرێ کە بریتییە لەو ئەرزش و دەستکەوتە کە قەرارە وەدەستی بێنین. لە دوای ئەم هەنگاوانە پڕۆسەیەک دەست پێدەکات کە پێویستی بە پلاندانانە، ئەوەش بە واتای کۆکردنەوەی گشت ئەوانەی سوودمەندی ئەم ستراتیژییەن و پێکهێنانی سازان و تەوافوق لە نێوانیاندا. بەم جۆرە پڕۆسەی خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی دەست پێدەکات کە سەدان پڕۆژە و قۆناغی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت.
لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی کورددا، رووئیا دیارە (ڕزگاریی کوردستانە)، هیچ یەک لە هەنگاوەکانی دواتر نابێ ئەم رووئیایە لێڵ بکاتەوە، دەنا بە بێراهەدا دەرۆین. ستراتیژی کوردی، بریتییە لەوەی کە خەڵکی کورد سەروەریی خۆیان بە سەر ژیانی ئابووری و سیاسیی خۆیاندا وەدەست بێنن، ئەمەش بریتییە لەو ئەرزش و ئەنجامەی کە مەبەستمانە و ئێستا لە درووشمی ژیان و ئازادیدا خۆی دەنوێنێت، لە دوای ئەمە پڕۆسەیەک دەستپێدەکات کە بریتییە لە پلاندانان و دابەشکردنی ئەرک و سازکردنی سازان و تەفاهوم لە نێوان هەموواندا. لەم پڕۆسەیەدا هەر پڕۆژەیەک کە مەبەستی وەدەستهێنانی ئەم ئەرزش و نەتیجەیە نەبێ، بێگۆمان بەرەو هەڵەمان دەبات. ئەوەی کە لەم پڕۆسەیەدا چەندین هەنگاوی جۆراوجۆر دێنە پێش و ئەو خەباتە بەهێزتر دەکەن دیاردەیەکی سرووشتییە. بنەمایەکی گرنگی ئەم سەفەرە بریتییە لەوەی کە پرۆئاکتیڤ بین و کارتێکەریمان هەبێ لەسەر ڕووداوەکان. ئەم بۆچوونە و سیستەمی بیرکردنەوەیە زۆر جیاوازە لەوەی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا لەسەر بنەمای بۆچوونی پراگماتیستی کە جارێ با ئەوەی بکەین دواییش “خوا کەریمە”مان پەیڕەو کردووە.
هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی یان پڕۆسەیەکی کاتی کە رووئیا و ستراتیژیمان لێ لێڵ بکات، شیاو نییە بەشداریی تێدا بکەین. لە هەمان کاتدا پێویستە دەستمان لە هەموو پڕۆسەیەکدا هەبێ. لە سیاسەتی ناوچەی ئێمەدا هەموو لایەنەکان چاک لە پرسی ئێـمە تێدەگەن و دەزانن ڕووی بزاوتی مێژوویی ئێمە بەرەو کامە ئامانجە، بۆیەشە هەموو هەوڵێک دەدەن تاکوو پێشمان لێ بگرن؛ ئێمـەش دەزانین بەرەو کوێ دەڕۆین. ئەوەی ئێمە بار دەکات سەر بەرانبەرەکانمان هەبوونی هێزی دیتێرێنسە، یانی پێشگیری و توانای زەرەرگەیاندن بە بەرانبەرە، ئەم توانایە بەبێ بەهێزکردنی خۆمان مومکین نییە مسۆگەر بکرێت. جێگیری و نفوزی سیاسەتی ڕزگاریی کوردی لە نێوخۆ، ناوچە و جیهانی دەرەوەدا، ئامرازی وەدیهێنانی ئەم توانایی دیتێرێنس و خۆ سەپاندنە بە سەر واقێعی سیاسەتی ناوچەدا. کە وابوو هەڵسوکەوتی ڕۆژانەمان بەپێی رووئیا و ستراتیژی خۆمانەوە ڕێنوێنە. لە بارودۆخی ئێستای وڵاتی ئێراندا تەرجوومەی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە سیاسەتی ئێران بە ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتی ئێستاوە بزانن کە کورد ئەوەندە بەهێزە کە بەبێ کورد ناتوانن چارەنووسی ئێستا و داهاتووی ئەو وڵاتە دیاری بکەن، بۆیە خۆ بە هێزکردنمان مەرجی یەکەم و سەرەکیمانە.
2023-02-09

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.