یەکڕیزی، دەستکەوتە بۆ ھەمووان و دەربازبوونە لە نەمان

بڵندنەوڕەس

لە ھەرێمی کوردستاندا ھەمووان چ وەک پارتی سیاسی چ وەک ھاوڵاتی ئاسایی ھەست بەو لێکترازانە دەکەین کە لە ئەنجامی بەرژەوەندی تایبەتدا لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا ھەیە.
ئەم ئەزموونە چەندین جار تاقیکراوەتەوە، بەڵام دواجار ھەر تێگەیشتن پاشان رێککەوتن دواتر یەکبوون چارەسەری ھەموو کێشەکانی کردووە، ھەر لەسەر ئەو بنەمایەشبوو کە (سەرۆک بارزانی)، فەرمووی: رشتنی خوێنی کورد بە دەستی کورد تەحریم دەکەم.
ناجۆرە دوای ئەزموونکردنی چەندین قۆناغ و لێکەوتەکانی و زیانەکانی، دووبارە بێینەوە ھەمان ئەزموونی بێ سوود دووبارە بکەینەوە!
لە کاتێکدا کە بەرھەمی یەکدەستی و یەکڕیزیمان بینیوە، ھەم دەستکەوتی ھەبووە بۆمان ھەم دەربازیشیکردووین لە نەمان.
ھاوکێشەکانی جیھان و ناوچەکەش ھەم لە ئێمە و ھەم لە ھەمووان دەخوازێت کە بە یەکگرتووییەوە رووبەرووی پێشھات و گۆڕانکارییەکان ببینەوە، ئەوەیشی تەنھابێت گەر وون نەبێت وێڵ دەبێت.
ئاسایی و رەواشە کە پارتە سیاسییەکانی کوردستان بەرنامەی سیاسی خۆیانییان ھەبێت و ململانێ بکەن لەسەر دەسەڵات، ئەمەش بنەمایەکی سروشتی کاری سیاسییە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە ئەو ململانێیە پەل بکێشێت بۆ دەستدرێژیکردنە سەر بەھا نیشتیمانییەکان و لێکترازان گەورەتربکات و دووری ئاسۆی روناکی دوورتربکاتەوە لە بری ئەوەی نزیکتریبکاتەوە.
ئێمە مەحکومین بەوەی بەیەکەوەبین، چونکە پەرتەوازەیی دەمانبات بەرەو رێگایەک کە ئەوسەری دیوارێکە و قەتیس دەبین لەبەردەمیدا، لە ھەر کاتێک و لە ھەر دۆخێکدا بگەڕێینەوە بۆ دواوە بەر لەوەی بگەین بەو دیوارە، (بەڵام گەڕانەوەمان بۆ لای یەکتری نەک گەڕانەوەی بێ ئەنجام)، ئەو کاتە ھەمووان سودمەندین.
ئەم ھەستی بەرپرسیارێتییەش دەوڵەتمەدارێکی دەوێت کە ھەنگاوێک لە سەرووی بەرژەوەندی حیزبییەوە بیر بکاتەوە و مامەڵە بکات، یان قۆناغێک لەپێشتربێت لە ھەستکردن بە پێویستی یەکبوون و گرنگی یەکڕیزی، پەیامەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە جەژندا، گوزارشتێکی روون و بێ خەوشبوو بۆ لایەنەکان، بۆ ئەوەی وەک ھەمیشە دەرگای گفتوگۆ بکەنەوە و رووبەڕوو رەخنە لە یەکتری بگرن و کەشی گشتی ئارام بکەنەوە بەو کەرەستەیەی کە خەڵک ئاواتەخوازییەتی، جێگای ستایشە کە ھەوڵەکان بەردەوامن و نزکبوونەوەش روویداوە بۆ دانیشتنی لایەنەکان، کە ھەم خواستی خەڵکە، ھەم ئایندەبەخشە.
ئێمە زۆرمان تاقیکردەوە لەگەڵ یەکتریدا، بەڵام دەرکەوت بەیەکەوە جوانین، ھاتنەخوارەوەش لە کەلی شەیتان ھەمیشە ئاشتی بەدوادا ھاتووە.
ھەموو سەرکەوتن و دەستکەوتەکانمان بەرھەمی ئاشتەوایی و یەکدەستیی ناوخۆییمان بووە، ھەموو زیان و کێشەکانیشمان بەرئەنجامی لێکترازان و پەرتەوازەیی.
بۆیە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە رەھایی ھەمیشە دووپاتیدەکاتەوە کە پێکەوە دەستکەوتمان دەبێ و بە جیا و بە پەرت و بڵاوی کەسمان ھیچ بەدەست ناھێنین.

دکاری ھەموو بابەتێن خۆ ببینی ….

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.