یەکێتی بۆچی دژی یەکڕیزییە؟

فرسەت سەید شکور

ھەر کاتێک دەرچەیەکی نوێ بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەرێم دێتە ئاراوە، یەکێتی دەکەوێتە بیانووگرتنێکی نالۆژیکانە، لەماوەی ڕابردوو لە کۆی ئەو گرفتانەی کە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا ھەبووە، ھەمیشە بە دیدی خەڵک تۆپەکە لە گۆڕەپانی یەکێتیدا بووە، چونکە خاڵی چارەسەر لە کاتی ھەر ناکۆکی و گرفتێکدا پرسی داواکارییە و دەستخستنە سەر کێشەکەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا یەکێتی دەکات، نە بنەماکانی مرۆڤایەتی، نە حوکمی دامەزراوە نە ووڵاتان ھەتا لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش قبوڵ نەکراوە، چونکە پرسی تیرۆر ڕەھەندێکی فراوانتری کۆمەڵگەیی ھەیە ناکرێت، بە سانایی خەڵک تیرۆر بکرێت و ھەوڵی پەردەپۆشکردنی بدرێت، بە نموونە ھەتا ئێستاش پارتی داوای لێکۆڵینەوەی دیکە دەکات لە کەیسی تیرۆری عەقید (ھاوکار جاف) کەچی یەکێتی لەم بابەتە دورودەکەونەوە، ئایا خۆلادان لە تەحقیقی دیکە، ڕەوایەتی دان نییە بە خودی تیرۆرەکە و ڕاستییە حاشاھەڵنەگرەکانی؟

بیرمان نەچووە، یەکێتی دروشمێکی گەورەی لامەرکەزیەتی بەرز کردبۆوە وای دەزانی پارتی قبوڵی ناکات وەکو کارتی فشار بەکاری دەھێنا، بەپێچەوانەوە پارتی سنگفراوانانە ئەو داوایەشی قبوڵ کرد، نەھێشتنی ئەو بیانووە نەک نەبووە ھۆی چاکتر بوونی دۆخی سلێمانی بەڵکو خراپتری کرد، ئەوەی دەرخست کە یەکێتی ئەگەر بەم شێوەیە پەرتەوازە و بێ ئاگا بێت لە پرۆسەی حوکمداری ناتوانێت گەڕەکێش بەڕێوەبات نەک ناحیە و وقەزاو شارێک.
لەم شارە و دەوروبەری تا ئێستاش کێشەی خزمەتگوزاریی و وەستانی پرۆژە خزمەتگوازییەکان لە ئاستێکی خراپدایە، لە کاتێکدا لەماوەی چەند ساڵی ڕابردووی کابینەکانی حکوومەتی ھەرێم، زۆرینەی بەشە پارەی نێردراوە بۆ سلێمانی بووە، خەڵکی سلێمانی گرنگە ئەوە بپرسن کە پارەی ئەم شارە چی لێھاتووە، ڕەنگە سنووری سلێمانی وەڵامی ئەو پرسیارەیان بە یەکێتی دابێتەوە بەوپێیەی لە دواین ھەڵبژاردنەکان تەنھا ٪‏٨ی خەڵک دەنگی بەو حیزبە داوە و دیار نییە لە داھاتوو چ گۆڕانکارییەکی خراپتری بەسەردا دێت.

کادیرو لایەنگر و سەرکردایەتی ئەو حیزبە ھەر خۆیان زۆر شانازی بەوە دەکەن کە لەودیو دێگەڵەوە (پارتی) دەسەڵاتی نییە زۆر کات ئەوەیان وەک دەستکەوتێکی حیزبەکەیان ھەژمار کردووە و بە فەخرەوە باسیان لێوەکردووە.
کەواتە (یەکێتی) بەرپرسە لە ھەموو ئەو قاچاخچێتی و دزی و تاڵانییەی لە سنوورەکە ھەیە، دیار نەمانی پارەی بانکەکان و ئازاردانی خانەنیشینانی ئەو شارە تاوەکو دۆخی ناسەقامگیرو چەقبەستووی شار کە ژیانی خەڵک بە جۆرێک لەسەردەمی دەسەڵاتی یەکێتیدا خراپە بە مێژووی ئەزموونی حکومڕانی ھەرێم نەبینراوە،

تەنانەت ئێستا کونسوڵ و نوێنەرایەتی وڵاتانیش، ئەوەیان لە حکومەتی وڵاتەکانیان گەیاندووە کە حوکمی پارتی چۆنە و ھی یەکێتی بەچ شێوەیەکە، تەنانەت ئەم کارانەی یەکێتییان بە جێبەجێکردنی ھەندێک «ئەجێندا»ی دەوڵەتانی ناوچەکە لێکداوەتەوەو بە مەترسیی بۆ سەر داھاتووی شارەکەیان زانیووە.

یەکێتی دەتوانێت تا کەی چەواشەکارییەکان بەردەوامی پێبدات؟

خەڵکی کوردستان ئێستا لەھەموو دەمێک ھوشیارترە باش ئەو جیاوازیانەی حکومڕانی و دەوڵەتداری لە ھەولێر و سلێمانی دەبینێت، بەڵام ئەوەی خەڵکی شاری سلێمانی کە بوێریی و جورئەت و غیرەت دەناسرێنەوە تا ئەم چەشنە گەورەی فەزاحەتی شار بێدەنگن لە تاڵان و بڕۆی سلێمانی و ھەڵوێستیان نییە، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە میللەت خوێندنەوەی بۆ ڕووداوە و واقیعەکان ھەیەو دەزانێت شێوازی حکومڕانی و ئاوەدانی و ئارامی لە ناوچەکانی سنووری ژێر دەسەڵاتی پارتی چۆنە لە سنووری یەکێتیش چۆنە، بە دڵناییەوە یەکێتی کە ٪‏٨ی دەنگی سلێمانی ھێناوەو کەمینەیە لە شارەکەدا ئەم فەزاحەتە سیاسیانەی ئێستای ناتوانێت بەردەوامی پێبدات، ئەگەر ئەوا خەڵکی شارەکە سزا بدات، ڕەنگە تەقینەوەی جەماوەری بەدوا بێت، شاری ھەڵمەت و قوربانی تاڵانچێتی دەسەڵاتدارانی شار قبوڵ نەکات.

جیاوازی پارتی لەگەڵ یەکێتی ئەوەیە
پارتی حیزبی ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و بۆ ساتێکیش لە بەرپرسیارێتی خۆی نادزێتەوە، ئەوە یەکێتییە ھەمیشە دەڵێن ھەرکات دۆخەکەمان بە دڵ نەبێت تێکی دەدەین!
لە ڕووی دەسەڵاتداریشەوە؛ ھەوڵەکانی پارتی بۆ چاکسازی و پاکسازییە ، باشترین نموونەش دروستکردنی ھێزێکی تایبەتی سەربازیی بوو بۆ پاراستنی دەروازە سنووریەکان لە قاچاخچێتی و دزی بەڵام ھەر ئەوان ڕێگر بوون چونکە تاڵانی داھاتیان نەدەچووە سەر، کە ئێستا بەردەوامە..

ئەگەر بە ویژدانەوە لە پرسەکان بڕوانین لەوە تێدەگەین؛ کە پارتی وەک حیزبی یەکەمی ھەرێمی کوردستان باجی گەورەی بەھۆی یەکڕیزییەوە داوە، زۆر شتی بەھۆی ئەم فراوان بینیەی لەدەستداوە، ھەرگیز بە حەجمی خۆیان لە لایەنە سیاسییەکانی دیکەی نەڕوانیووە.
وا دەردەکەوێت؛ دوای بڕینی ھەموو ئەو ئاستەنگیانە بەشێک لەو لایەنە سیاسیانە، بەھۆی کورت بینی و خوێندنەوەی ھەڵەیان بۆ ڕۆڵ و پێگەی ھەرێم لەناوچەکە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاستەنگ بۆ بەرەوپێشچوونەکان و باشترکردنی ژیانی خەڵک دروستدەکەن، بێشک کاریگەریی ئەم خوێندنەوە خراپە کاردانەوەی نەرێنی لەسەر پێگەی ھەرێمی کوردستان لەناوچەکە دەبێت.
ھوشیاری ئەو لایەنانە و پێداگرتن لەسەر ھەڵەکانیان ڕەنگە بۆ ئێستا درەنگ نەبێت، چونکە بەوشێوەیە چ لەناوەخۆ و چ لەدەرەوە ڕووبەڕووی شکست دەبنە ئەمە جیالەوەی دەنگی خەڵکیش لەدەستدەدەن.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.