▪ ئاماژەکان بۆ داهاتووی عێراق، خێر ناڵێن

زانا عبدالباقی

ئەو ئاماژانەی هەن بۆ داهاتووی عێراق هیچ خێرێکی تێدا بەدی ناکرێت بەڵکۆ پێمان دەڵێن مەترسی جددی هەن بۆ سەر داهاتووی عێراقی فیدرالی.

سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند بانک و کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئاماژەی مەترسیدارن کە لە داهاتوودا دەکرێ گەمارویەکان بۆ سەر عێراق چڕتر بکرێن، بەو جورە ئابووری عێراق بەرەو داڕمانێکی هاوشێوەی ئێران و تورکیا و سوریا دەچێت.

پرسی بوودجەی هەرێم و مووچەی هاووڵاتیانی کوردستان تەحەدایەکی ترە لەسەر داهاتووی عێراق، بردنی ئەو پرسە بۆ ناو ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو پرسە چیتر پرسێکی ناوخۆیی نییە، ئەگەر عێراق بەردەوام بێت لەسەر ئەم قورغکارییە لە داهاتوودا گرفتی گەورەی بۆ دروست دەبێت.

بەزاندنی سنووری عێراق لەلایەن دراوسێکانی و پێشێلکاری سەروەری خاکەکەی لەناوخۆ، مەترسیدارترین هەڕەشەن لەبەردەم عێراق و ئاماژەی مەترسیدارن بۆ داهاتووی عێراق، پێدەچێت عێراق بکەوێتە نێو شەڕێکی بە وەکالەت و بە دەردی سوریا و لوبنان و یەمەن بچێت وە یەک پارچەیی خاکەکەشی دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی جددی.

نەمانی شەرعییەتی دەسهەڵات و حیساب نەکردن بۆ بڕیارەکانی پەرلەمان و حکومەتی عێراق، ئاماژەیەکی دیکەی مەترسیدارە کە پێمان دەڵێت دەسهەڵات لە عێراق هیچ بایەخێکی نەماوە و تەنیا وەکو کارتۆن وایە، نە بڕیارەکان جێبەجێ دەکرێن و نە حیساب بۆ قسەکانیان دەکرێت، وەزیر بڕیاری حکومەت و سەرۆکوەزیران جێبەجێ ناکات، حکومەت یاساکانی پەرلەمان پشتگوێ دەخات، کەس نازانێت کێ وڵات بەڕێوەدەبات و چۆن بەڕێوەدەچێت، ئەوەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی دەوڵەت و بێ ئەهمیەت کردنی تەواوی پایەکانی دەسهەڵات و دەوڵەت.
هەرکاتێک لە وڵاتێکدا دەوڵەت ئەهمیەتی نەما و توانای بڕیاردانی نەما یاخۆد بڕیارەکانی جێبەجێ نەکران ئەو وڵاتە بەرەو کاوڵکاری دەچێت.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم عێراق لەبەردەم هەڕەشەی گەورەدایە و گورزی گەورەی بەردەکەوێت، بەداخەوە ناشتوانین بڵێین ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان بێ بەش دەبین لەو مەترسییانە، بۆیە دەبێت زیاتر ئامادەییمان هەبێت بۆ داهاتوو.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.