▪ ئایا بریاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش سیاسی یان مرۆڤایەتی بوو؟

وەلید محەمەد

بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش چیە و کەی دەرکرا؟
بڕیاری(٦٨٨)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە لە ڕێکەوتی ٥ ی نیسانی ساڵی ١٩٩١، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ژمارە (9282)دا، پشتبەستن بە بەشی حەوتەمی دەستوری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریکرد.

بریاری ٦٨٨ بۆ گەلی کوردستان چی دروست کرد؟
ئەم بریارە دەرکرا بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە هێرشەکانی ڕژێمی بەعسی دڕندە بە دروست کردنی ناوچەی دژە فڕین لە سەرووی هێڵی (٣٦)، هەرچەندە ڕووبەرێکی کەم بوو بەڵام لەم ناوچانە گەلی کوردستانی لە جینۆسایدو کۆمەڵکۆژیی پاراست.

کێ دەست پێشخەریی بۆ ئەم بڕیارە کردو کێ دەنگی بە بەڵێ و کێ بەنەخێر داو کێ بایکوتی کرد؟
ئەم بریارە لەسەر دەست پێشخەریی فڕەنساو بەریتانیا و بەهاوکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرکرا، لەو بڕیارەدا لە کۆی هەر (١٥) ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەوکاتەدا، بە (١٠) دەنگی (بەڵێ) دەرچوو، ئەوانیش بریتی بوون لە وڵاتانی (فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا، ڕوسیا، بەلجیکا، ڕۆمانیا، ئوسترالیا، ئیکوادۆر، کۆتیڤوار، کۆنگۆ)، لەگەڵ (٣) دەنگی نەخێر کە ئەوانیش بریتی بوون لە ووڵاتانی (کوبا، یەمەن، زیمبابۆ)، هەروەها(٢) ووڵاتی بێلایەن و (بایکۆت) کە ئەوانیش بریتی بوون لە (چینی میللی، هندستان).

بۆچی ئەم ووڵاتانە دژی بریارەکە دەنگیاندا؟
هەریەک لە ( یەمەن – زیمبابووی – کوبا) پەیوەندی نەتەوەیی و شوفێنی و ئابووری و سیاسی و ئایدولۆژی …. لەگەڵ ڕژێمی بەعسی فاشیست هەبوو، بۆیە دژی بریارەکە وەستانەوەو بەنەخێر دەنگیان دا.

ئایا بڕیاری ٦٨٨ سیاسی یان مرۆڤایەتی بوو؟
بریاری ٦٨٨ بریارێکی سیاسی بوو، چۆنکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو بەریتانیاو فڕەنسا … لەدوای جەنگی کەنداوی دووەم، ویستیان ڕژێمی بەعسی دڕندە لاواز بکەن. بە دەرکردنی ئەم بڕیارەش ڕژێمی بەعسی درندە زۆر لاوازبوو.
لەهەمان کاتدا دەرکردنی٦٨٨ بریارێکی مرۆڤایەتی بوو، چۆنکە لە دوای ڕاپەرینی گەلی کوردستان، ڕژێمی بەعس هێرشی پێچەوانە دەستی پێکردەوەو بەهاوکاری بەشێک لە ووڵاتان، ویستیان جارێکی تر کوردستان داگیربکەنەوە، بەڵام گەلی کوردستان دروشمی “نا بۆ ژیان” لەژێر دەسەڵاتی بەعسی دڕندە هەڵبژاردو کۆرەوی ملیونیان بەرپاکردو بەرەو سنورەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان چوون. بەمەش ڕەنگدانەوەیەکی گەورەی لەجیهان دایەوەو هاوسەری سەرۆکی ئەو کاتی فڕەنسا خاتوو ( دانیاڵ میترال ) سەردانی ئاوارەکانی کردو لەگەڵ سەرکردایەتی گەلی کوردستانیش کوبوویەوە.

گرنگی ئەم بریارە بۆ گەلی کوردستان چی بوو لەو کاتە هەسیارەدا؟
لە مێژووی یاسای نێودەوڵەتی و دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئەوە یەکەمین جار بوو، یەکەمین بڕیار بوو لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان دەربکرێت و گەلی کوردستان جینۆساید بیپارێزێت. دوای ئەم ڕووداوە دەگمەنەی بۆ گەلی کوردستانی مافخوراو و ستەملێکراو هاتە پێش، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بوون.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.