▪ ئایا دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا بەجدی عێراق جێ دەهێڵن؟

ئەسرین عاسی شوانی

دوای هێرشەکانی حەماس لە حەوتی ئەم مانگە بۆ سەر ئیسرائیل، مەترسیی فراوانبوونی شەڕ ناوچەکەی گرتووەتەوە، چونکە ئیسرائیل و لە دەمی سەرۆک وەزیران ناتانیاهۆ بەئاشكرا جاڕی ئەوەی دا كە نەخشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن، بڕیاری دا كۆتایی بە حەماس بهێنێ و بێگومان وێرانبوونی غەززەش لێكەوتەیەكی ئەو بڕیارە دەبێ.

ئێستا ئیسرائیل بە دەستپێكردنی هێرشە زەمینییەکەی کار بۆ جێبەجێکردنی ئەجینداکەی ئەکات لە غەززە، کاتێ ئەمەریکاش لە ئەنجامی هێرشی حەماس هاتە دەنگ و پشتیوانیی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕی، گرووپە میلشیاکانی نزیک لە ئێران کەوتنە هێرشکردن بۆ سەر بنکە و بارەگای هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە شەڕ دژ بە داعش. لەم رۆژانەدا گرووپە چەكدارە عەرەبە شیعەکانی عێراق، کە نزیکن لە ئێران، چەند جارێك هێرشیان دژی پێگە و بەرئەوەندییەكانی ئەمریكا ئەنجام داوە، حزبوڵای لوبنانیش ناوبەناو هێرشی مووشەكی و هاوەنی دژی ئیسرائیل هەیە، حووسیەكانی یەمەنیش هەروەها.

ئەمەریکاش بۆ خۆپاراستن لە هێرشەکانی گرووپە توندڕەوەکان، داوای لە دیبلۆماتکارە ناپێویستەکانی کرد عێراق جێ بهێڵن، بە مەبەستی فشار دروستکردن لە حکوومەتی عێراق، هەروەک سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دوا پەیامیدا ڕایگەیاند، کە پاراستنی گیانی دیبلۆماتکاران لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە. مەبەست لە لێدوانەی سوودانی، بەئاشکرا مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە، هەرچەندە هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، بەتایبەت سەدر لەگەڵ ئەوەدان باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەربکرێت، بۆ ئەو مەبەستە پەیامێکی ئاشکرایان دایە پەرلەمانی عێراق، بەڵام لەبەرئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق باش لەوە گەیشتوون، ئەگەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی عێراق جێ بهێڵن، ئەوکات شتێک نامێنێت بە ناوی حکوومەتی عێراق، بۆیە زۆر لەگەڵ ئەو داوایە نین بە كردارەكی.

پرسیار ئەوەیە: ئایا هەر بەڕاست ئەمەریکا مەبەستیەتی دیبلۆماتکارەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە؟ بە بڕوای ئەوانەی ئاگاداری سیاسەتی ئەمەریکان، شتی وا نییە، تەنیا فشارێکە ئەمەریکا دەیکاتە سەر حکوومەتی سوودانی، تا هەوڵ بدات ڕێگا لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بگرێت و بەرپرسیارێتیی گیانی هاوپەیمانان بگرێتە ئەستۆ، ئەمەش بۆ سوودانی و حکوومەتەکەی زۆر قورسە، چونکە سوودانی لەنێوان دوو بەرداشدایە، هەڵبژاردنی ئەمەریکا بە مانەوەیان، دەکەوێتە بەر هەڕەشەی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، پشتیوانی و بە ئەنجامگەیاندنی داواکاریی گرووپە چەکدارەکانیش، ئەمەریکا لێی تووڕە دەبێت، کەواتە حکوومەتەکەی سوودانی لەژێر وەها گوشارێکدا چی بکات؟

هەرچەندە حکوومەتەکەی سوودانی پاراستنی گیانی دیبلۆماتکارانی ئەمەریکای خستۆتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، کە جۆرێکە لە هەڵبژاردنی مانەوەی ئەمەریکا دژی لایەنە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، بەڵام بڕیارێکی کەمێک شەرمنانەیە بە لای سوودانییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، هێزەکانی ئەمەریکا بە فەرمانی خودی بایدن، لە عێراق و سووریا زۆر بە وردی چاودێریی جموجۆڵی گرووپەکانی سەر بە ئێران دەکات و لە تۆڵەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا، گورزی کەمەرشکێنیان لێ دەدا، وەک ئەوەی پێرێ لە سنووری سووریا – عێراق کاروانێکی پڕ لە چەک و تەقەمەنیی گۆووپەیلی ئێرانی کەوتە بەر پەلاماری هێزەکانی ئەمەریکا.

بەڵام ئەوەی ئێستا کە ڕوو دەدا، لە پەلاماردانی نێوەند سەربازی و دیبلۆماتیەكانی ئەمەریکا لە عێراق تازە نییە و هەر کاتێ بەرژەوەندیی ئێران کەوتبێتە مەترسییەوە، بە چاودێریی بەرپرسانی خودی ئێران، ئەو هێرشانە ئەنجام دەدرێن، بەتایبەت لەمڕۆدا کە ئەمەریکا بەئاشکرا پشتیوانیی خۆی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و حەماس دوپات کردووەتەوە و هێزێکی زۆری هێناوەتە ناوچەکە و کەنارەكانی دەریای ناوەڕاست و ناوچەی كەنداو و باشترین و پێشکەوتووترین چەکی لە ناوچەکە جێگیر کردووە.

کەواتە پەلاماردانی باڵوێزخانە و هێزەکانی ئەمەریکا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، لای ئێرانەوەیە و هەوڵ دەدات گوشار لە ئەمەریکا بکات، تا ئیسرائیل لەم شەڕەدا بە تەنیا بهێڵێتەوە، کە دیارە ئێرانیش بوێریی ئەوەی نییە بەئاشکرا خۆی بگلێنێتە شەڕەکەوە، بەڵکوو لە ڕێی گرووپە چەکدارە نزیکەکانییەوە درێژە بە دژایەتیی ئەمەریکا دەدات، بەڵام ئەوەی ئەمەریکاش ڕایگەیاند، بە کشانەوەی دیبلۆماتکارەکانی ڕەنگە نهێنیی پشتەوەی هەبێت، چونکە هەرگیز ئەوە لە سیاسەتی ئەمەریکادا نییە عێراق بەیەكجاری لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکەشی ئێران بکات.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.