▪ ئێران لە هەوڵی فراوان کردنی بەرەی مقاوەمە

نەوزاد محەمەد

لێک نزیک بوون و کوبونەوەی لایەنە ئیسلامیە سوننە کوردستانیەکان لەگەڵ لایەنە شیعە عەرەبەکانی حەشدی شیعی سەر بە بەرەی مقاوەمە، پێشهاتێکی ئاسایی نیە.

دوژمنە دێرینەکانی ئاینی پێش ١٤٠٠ ساڵ و وەکو دوو چەمسەری کۆمەڵگای ئیسلامی، هیچ کات لەیەکتری نزیک نابنەوە بە تایبەت بۆ کارێک کە خێری بۆ ئاینی ئیسلام و موسلمانانی تێدا بێت، ئەمە شتێکی حەتمی یە و بە تایبەت لە لای شیعەکانەوە گفتوگۆی لەسەر ناکرێت و دژایەتی سوننەکان وەکو نەریتێکی مەزهەبی لایان چەسپاوە.

کە واتا ئەم لێک نزیکبوونە گوماناویە و لەم کات و ساتەدا، بۆ چی و لەبەر چی یە ؟.

کە باس لەسەر لایەنە ئیسلامیە کوردستانیەکان دەکرێت، بێ گومان هەڵوێستە نەرینیەکانیان لەمەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و پرسی نەتەوەیی گەلی کورد بە گشتی دێتە بەرچاو، کە ئەمانە تا چ ئاستێک دوورن لە پرسی نەتەوەیی و بەڵکو دژایەتیش یان کردووە.

ئەوەی زیاتر گومان دەخاتە سەر ئەم لێک نزیکبونە، لە هەمان کات و سات دا یەکێتی دەستی بە جموجۆل کردووە لەگەڵ لایەنە شیعەکان و بە تایبەت لە سنوری کەرکوک!.

دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە ئەم جموجۆلانە پێشتر لەسەری رێکەوتوون و بەرنامەیان بۆ داڕێژراوە و بۆنی پیلانێکی تری لێ دێت لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکرای کوردستان بە تایبەت و بۆ مەبەستی زیاد کردنی فشارە لەسەر هەرێمی کوردستان.

دوای شکست هێنانی تەواوی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی و ئابلوقوکانی سەر ئێران و ئەو باسانەی لەوە دەکەن کە ئێران نزیک بوتەوە لە بە دەست هێنانی چەکی ئەتۆمی، رکابەری و ململانێکانی توند تر کردووە لە نێوان هەردوو لادا.

ئێران لە دوای لاواز بوون و لە دەست دانی پێگەی بەهێزی لە سوریا و لوبنان، هەوڵ دەدات عیراق بکاتە هێڵی یەکەم بەرگری کردن، پشت بەستن بە هەژمون و هەبوونی ژمارەیەک لە لایەنە شیعیەکانی سەر بە بەرەی مقاوەمە و هەروەها هەندێک لایەنی کوردستانی کە سەرەتا یەکێتی بە ئاشکرا ئەو بەرەیەی هەڵبژارد و بەم دواییەش لایەنە ئیسلامیەکان کەوتنە ناو هەمان بەرەوە و بە تایبەت کۆمەڵەی دادگەری، دەیەوێ هێلی بەرگری فراوانتر بکات و زیاتر هاوپەیمان لە خۆ بگرێت.

ئەمریکاش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەکە، لە هەوڵی ئەوەدایە فشارەکانی لەسەر ئێران زیاتر بکات.

ئێران هەوڵەکانی زۆر چر کردۆتەوە و دەیەوێ عیراق بە تەواوی کۆنتڕۆل بکات، لە رووی ئابورییەوە دوایین پیلانی ڕاکێشانی دولار بوو لە عیراق، لە رووی هێز و دەستهەڵاتیشەوە لە رێگای لایەنە شیعی و کوردستانیەکانی سەر بە بەرەی مقاوەمە کە هەم لە پرۆسەی سیاسی عیراقی بە گشتی بەشدارن و هەم وەکو هێزێکی چەکداری دەتوانێ بەکاریان بهێنیت.

مەبەستی سەرەکی ئێران لەم دوا پیلانەی لە هەوڵی لێک نزیکبون لەکەل لایەنە ئیسلامیە کوردستانیەکان، زیاتر کردنی فشارە لەسەر هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی کە ئێران هەرێمی کوردستان وەکو کۆسپێکی گەورە دەزانێت لەبەردەم بەرنامەکانی لە ناوچەکە و هەروەها بە پێگەیەکی نەیارەکانی هەژمار دەکات.

لە هاوسەنگی هێز و توانا دا، ئێران تەنها لەسەر ئاستی ناوچەکە جولەی ماوە و پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆر لاواز و پچراون، بەڵام هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوچەکە ونێودەوڵەتیش پەیەەندییەکانی لەوپەری هێز و فراوانی دان، ئەم جیاوازیەش هۆکارێکی سەرەکی دەبێت کە لە ئایندە هەرێمی کوردستان لە توانای دا دەبێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و هەروەها پەرە بە پەیوەندییەکانی بدات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

گومان لەوەش دا نیە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەتوانن لە هەر کاتێک دا معادلەی هاوسەنگی هێز و دەسپێشخەری کردار بگۆڕن و لە قۆناغێکدا رووسیا و چین بێ دەنگی هەڵبژێرن، ئەو کات رژێمی ئێران لە مەرگ نزیک دەبێتەوە و هەرچی کلکەکانیشی هەن لە ناوچەکە چارەنوسیان لە هی ئێران باشتر نابێت.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.