▪ ئەمڕۆ پێشمەرگە مانایاکی قول و پڕ بایەخ و ناسراوە لەسەر ئاستی جیهانی

خەبات تارق مەولود ساڵەیی

ووشەی پێشمەرگە ووشەیەکی کوردی یە و بە مانای مەرگی خۆ پێش مەرگی کەسانیتر خستنە لە پێناو ئازادی و بە دەست هێنانی مافی ڕەوا و زەوت کراو لە لایەن دەسەڵاتداران و دەست ڕۆیشتووانی ناو کۆمەڵگادا کە لێرە مەبەست کوردستانە . واتە ئەو کەسەی بڕیار دەدات ببێت بە پێشمەرگە سەرەتا پێویستە دەست لە ژیانی خۆی بشوات و پێشکەشی خاکی کوردستان و گەلی کوردی بکات .

پێشمەرگە ئەو کەسەیە کە مەرگی خۆی پێشکەش بە خاک و نیشتیمان دەکات . ئەو کەسەی ڕێگای پێشمەرگایەتی هەڵدەبژێرێ مرۆڤێکی ئاسایی نی یە !!!!! زۆر لە مرۆڤی ئاسایی فکری فراوانتر و بەهێزتر و بەواتایەکیتر خاوەن هەستێکی تایبەتە کە زۆر بە ئاسانی دەتوانێ واز لە هەموو خۆشی یەکانی ژیانی تایبەتی خۆی بێنێت بۆ ئەوەی مافی پێ شێلکراوی گەلەکەی بگەڕێنێتەوە بۆیان .
وە هەمیشە ئەو مافە پێویستە بووە بە هێز و شەڕ لە بەربەرەکانێ دا و لە ڕیزەکانی پێشەوەی شەڕدا بە دەست بێت .

ئەوەی ببێت بە پێشمەرگەی راستەقینە پێویستە سەرەتا واز لە ژیانی تایبەتی خۆی بێنێت .!!!! خۆویستەکان کە بە دوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانن هەرگیز ناتوانن ببن بە پێشمەرگەی دڵسۆز و ڕاستەقینەی کوردستان . لەوانەیە بتوانن خۆیان بۆ ماوەیەک حەشار بدەن لە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتی بەڵام زۆر زوو ئاشکرا دەبن و ڕسواییان بۆ دەمێنێتەوە و ناتوانن بەردەوام بن .

یەکەم جار ناوی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ کۆماری کوردستان لە مهاباد کە بۆ یەکەمین جار بە کار هێنراوە بۆ فیداکار و چەکداران کە مەلا مستەفا بارزانی بە خۆی و 500 پێشمەرگە یەکێک بووە لە فیداکاران و بەرگریکاران و پشتگیری پێشەوا قازی محەمەد کۆماری کوردستان و پێشمەرگە .

بەدرێژایی مێژووی پڕ سەروەری کورد پێشمەرگە ناوێکی پیرۆز و موقەدەس بووە و ڕێزێکی زۆریان لێ گیراوە . بەتایبەت ئەوانەی ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە بزاڤی نەتەوەیی کورددا و دەست پاک بوون .

کاتی خۆی پێشمەرگە بە دڵ و گیان و لەسەر بیر و باوەڕی نەتەوەیی کورد دەبوو بە پێشمەرگە و هەرگیز چاویان لە بەرژەوەندی خۆیان نەبوو و بۆ بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان و یەک پارچەیی خاکی کوردستان دەبوون بە پێشمەرگە . بە هۆی ئەوەی کە پارە و ماڵی دنیا لە ئارادا نەبوو هەموو لە یەک ئاستدا بوون و بەرەو یەک ئامانج و ئاوات هەوڵیان دەدا . هەموو پێشمەرگە تەنانەت خاوەنی چەکی تایبەت بە خۆی نەبوو و دەبایە چەکەکەی لە مقەڕەکان جێ هێشتبایە لە کاتی پشوودان و ئیسراحەت کە بە دەگمەن دەستی دەکەوت .

“یەکەم جار ناوی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ کۆماری کوردستان لە مهاباد”

پێشمەرگەی ئەیلولی مەزن و گوڵانی پێشکەوتووخواز لە سەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بۆ دی هێنانی سەربەخۆیی کورد و کوردستان لە هەوڵ و فیداکاریدا دەریغیان نەکردووە هەردەم گیان لەسەر دەست بوون بۆ گەیشتن بە ئاواتی نەتەوەیی کورد کە سەربەخۆیی کوردستان بووە هەمیشە .

لە ڕێگای سەربەخۆیی کوردستان بە هەزاران پێشمەرگەی ئازا و چەلەنگ بوون بە قوربانی کورد و کوردستان . لە ڕاستیدا هەموو پێشمەرگەی ڕاستەقینەی کوردستان شەهیدی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستانن . ئەگەرچی هەندێکیان شانسی شەهید بوونیان نەبووە ، پێویستە وەک شەهید ناو بهێندرێن !!!! بە هۆی ئەوەی پێش
مەرگەی جاران نە موچەی هەبوو و بە برسێتی لەو شاخە چەکی بە شەرەفی کوردایەتی و نەتەوایەتی کردۆتە شانی و خۆی بێ هیچ چاوەڕوانی یەک مەرگی خۆی هەڵدەبژارد لە پێناو گەلەکەیدا کە گەلی کوردە لە سەرتاسەری جیهان .

لە بارەی ووشە و ڕۆڵی پێشمەرگەی راستەقینە و دەست پاکی کوردستان هەرچی یەک بنوسرێ هێشتا کەمە و پێویستە ووشەی پێشمەرگە بە دوڕ و ئەڵماس بنوسرێتەوە لە موزەخانەی کورد و کوردستان بۆ هەمیشە ئاگاداری لێ بکرێت و نەوە بە نەوە ڕادەستی جیلی داهاتووی کوردستان بکرێت بۆ ئەوەی لە هزر و بیری گەلی کوردماندا ووشە و ڕێزی پێشمەرگە کە لە ناوەکەی دیارە بۆ هەمیشە وەک گلێنەی چاوی هەر کوردێک پارێزراو بێت .

بژی کورد بژی کوردستان شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە جیهان


ستۆکهۆڵم 2023/07/12

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.