▪ ئەنفالی گەلی کورد کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە
خەبات تارق مەولود ساڵەیی
36 ساڵ بەسەر ئەنفالی کورد تێدەپەڕێ و تا ئێستا هەشت ئەنفال بۆ قڕکردن و لەناو بردنی گەلی کورد ئەنجام دراوە . ڕژێمی فاشی سەدام حوسێنی گۆڕ بە گۆڕ بە ئەنجام دانی ئەنفال تووانی بە ئاشکرا 182 هەزار کوردی بێتاوان بێ سەروشوێن بکات و بە سەدان گوند خاپور و لەگەڵ خاک یەکسان بکات و دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕی . ڕۆژانە ڕژێمە یەک لە دووا کانی عێراق و ئێران و تورکیا سڵیان نەکردۆتەوە لە ئەنفال و قڕ کردنی گەلی کورد کە خاوەن خاکی خۆیان و ئاڵای کوردستانن .
کورد گەورەترین و کۆنترین نەتەوەیە کە لەسەر خاکی پیرۆزی خۆی کوردستان ئەنفال و جینۆساید کراوە . ڕژێمی گۆڕ بە گۆڕی سەدامی فاشی بۆ لە ناو بردنی نەتەوەی کورد بە بەردەوامی هەوڵی داوە گەلی کورد قڕ بکات بە بەهانەی جۆراو و جۆر ، بە ئەنفالەکانی ئەنجامی داوە و کیمیابارانەکانی و هێرش کردنە سەر گوندەکانی کوردستان و بمباران کردنی بە بۆمبی ناپاڵم وسوتاندنی سەدان گوند و ڕاگوواستنی زۆرەملێ ی گوندنشینان و بێ سەرو شوێن کردنیان .
ئەگەر سرنج بدەینە مێژووی گەلان لە جیهان دەبینین کە گەلی کورد نەتەوەیەکی بەهێز و خۆڕاگر و کۆڵنەدەر بووە . تووانیویەتی بەو هەموو کارەساتەی ئەنفال و کیمیاباران و زۆرەملێی نەیارانی ناو خۆیی و دەرەکی خۆی بپاریزێت . ڕاستە زۆر نەهامەتی و ماڵوێرانی دیوە ، بەڵام لە بەرگری کردن و داوا کردنی مافی ڕەوای خۆی سڵی نە کردۆتەوە .
تا ئێستاش بە بەردەوامی و ڕۆژانە دەبینین کە ئەنفالی کورد ئاسەواری بوونی هەیە و لە هەوڵی زوڵم کردن لە گەلی کورد سڵ ناکراوەتەوە . ئێستاش پاشماوەکان و بیری ئەنفالی کورد لە زهنی شۆڤینیەکانی دژە کورد و کوردستانی یەکان دەبیندرێت لە ناو دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی عێراقی عەرەبیدا ….
دەسەڵاتدارانی مەیدانی سیاسی عێراق لە جیاتی بیرێک لە قەرەبووی گەلی چەوساوەی کورد بکەنەوە !!!! ڕۆژانە لە هەوڵی پلاندانان بەربەست دروستکردن و ئاریشە دروست کردنی بۆ حکومەت و دەسەڵاتی کوردی لە پێشبڕکێ دان .
تەنانەت لەسەر ئاستی ناوخۆیش هەوڵی قەرەبووی ئەنفال و کیمیاباران و زۆرەملێ ی ڕاگوواستنەوە و بە تەعریب کردنی ناوچە کوردی یەکانیان بە دەستی ئەنقەست لە گۆڕ ناوە . بەهیچ جۆرێک ئامادە نەبوون تەنانەت لە دڵنەوایی دەرونی گەلی چەوساوەی کورد دەور ببینن و لە یادەکانی کارەساتە یەک لە دوواکانی بە سەر گەلی کورد هاتووە بەشدار بن و هەوڵی چارەسەر و قەرەبوو کردنی گەلی کوردیان بە فەرامۆش سپاردووە# .
ئەنفال و کیمیابارانی گەلی کورد ئەنجامدراو و لەسەر ئاستی جیهانی بینرا و تۆمارکراوە . بەڵام چی کراوە بۆ بە جینۆساید ناساندنی و قەرەبووی لێکەوتووانی ئەو تاوانە گەورەی دەرحەق بە گەلی کورد کراوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق ؟؟؟
ڕژێم و دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراقی عەرەبی تا ئێستا ئامادە نین تەنانەت مادەی 140 پەیرەو و بیکەنە بواری جێ بە جێ کردنەوە . هەتا ئێستاش لە هەندێک دامەزراوە حکومی یەکان ئەنفال بە جۆری شاراوە بەردەوامە و لە هەوڵی دژایەتی کردنی گەلی کورد نەوەستاون و لە زۆرەملێی و پێشێل کردنی یاسا مرۆڤایەتی و ئینسانی یەکان لە دژی کورد دووا نەکەوتوون .
گەلی کورد سەلماندوویەتی کە لە خۆڕاگری و بەرخۆدان بێ وێنەیە و کۆڵنەدانی لە مێژووی پڕ سەروەری و کۆنی تۆمار کراوە . پێویستە دەسەڵاتدارانی شۆڤینی واز لە دژایەتی کردن بێنن و دان بە مافی ڕەوای گەلی کورد دانێن و واز لە زۆرەملێ ی بێهودە بێنن .
بەدرێژایی تێپەڕ بوونی ئەو هەموو ساڵە دژایەتی کردنی گەلی چەوساوەی کورد نەیانتووانیوە بگەن بە ئاواتی لە ناو بردنمان . ڕاستە لە تۆمار کردنی نامرۆڤایەتی بێ وێنەن و سەرکەوتوون و لە ئەنجامدانی زوڵم و زۆری و ئەنفالە یەک لە دووایەکانی گەلی کورد بێ ڕکابەرن . بەڵام هەرگیز نەگەیشتن بە ئامانجیان کە لە ناو بردنی گەلی کوردە و هەموو پیلانەکانیان لە لایەن پێشمەرگەی کوردستان پوچەڵ کراوەتەوە . سەیر لەوەدایە کە تا ئێستاش بۆ دژایەتی کردنی گەلی کورد سەریان پێوە نی یە و سڵ ناکەنەوە لە هیچ نامرۆڤایەتی یەک کە لە دەستیان بێت .….
تاکە چارە سەر ئەوەیە کە دان بە مافی ڕەوای کورد دابنێن و ئەنفالی کورد بە جینۆساید بناسن و قەرەبووی گەلی کورد بکەن بە ئەرکی سەرشانیان . ئەگەر گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو دەزان ، پێویستە حکومەتی عێراق دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دابنێ و لە جیاتی بەربەست دروستکردن و دژائەتی بێهودە ، لە هەوڵی قەرەبووی گەلی کورد بێت .….
تا یەک کورد مابێت لەسەر گۆی زەوی نە ئەنفال و نە کیمیاباران و نە ڕاگوواستنەوەی زۆرەملێ و نە تەعریب کردنی ناوچە کوردستانی یەکان و نە پلانگێڕی فاشیستی ڕژێمە خوێنمژەکانی ناوچەکە و نە هیچ زوڵم و زۆرداری یەکیتری کە دەرحەق بە گەلی کورد کراوە لە بیر ناکرێت . هەرگیز لە بیری ئەوەدا مەبن کە گەلی کورد کۆڵ بدات .
ئەرکە لەسەر شانی مرۆڤایەتی بە گشتی قڕکردن و ئەنفالی گەلی چەوساوەی کورد بە جینۆساید بناسێت و بە هەموو تووانا داوا بکەن لە حکومەتی عێراق قەرەبوی گەلی کورد بکاتەوە .
بژی کورد بژی کوردستان شەکاوە بێت ئاڵای رەنگینی کوردستان لە سەرتاسەری جیهان
2024/04/14
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.