▪ بۆچی هەولێر… ؟
کلارا ئەمین
هەولێر بە درێژایی مێژوو قەڵای ئاشتی و پێکەوە ژیان و ئارامی بووە، هەولێر سمبوولی جوانیە و ماڵێکە بۆ متمانەی تەواوی جیهان، قەڵای غیرەت و شکۆی میللەتێکی سەربەرزە، هێزە و جێگەی متمانەی تەواوی وڵاتانی جیهانە، هەولێر ئەستێرەیەکە لە قوڵایی هەموو تاریکیەکانی عێراقدا هەڵکراوە. هەولێر هۆلاکۆ بەزێنە بۆیە دوژمانان ترسنۆکانە بۆ شێواندنی ئەو ئارامیە هانا بۆ درۆن و موشەک دەبەن..
لە تەواوی عیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەولێر بووە بە ماڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کردنەوەی هەموو گرێ کوێرەکان لە هەولێری سەربەرزەوەن. چاوی ناحەزانی کورد لەسەر هەولێرە چونکە هەولێر مرواری ئاسا لەناو هەموو ناشرینیەکانی ناوچەکەدا دەدرەوشێتەوە. هەولێر بەرهەمی خوێنی شەهیدان و شکۆی گەلێکی ستەملێکراوە.
مێژوو گەواهیدەری ئێمەی کوردە کە هەرگیز زوڵمان نەکردوە و خاکی کەسمان داگیر نەکردوە. ئەوە دوژمنان و نەیارانی کوردن لە هەموو لایەکەوە لە بوونی ئێمە تۆقیون و هەر ڕۆژە و بە بیانوێک ڕۆڵەکانی کورد شەهید دەکەن.
ئیتر بەسە ئێستا کاتیەتی
ئێمەش چاوەکانمان بکەینەوە و سەیرێکی دوێنێ بکەین، هەموومان بینیمان لە پێناو منداڵانی عەرەب و جەنگی فەڵەستین هەموو دونیا هاتە دەنگ و هەڵوێستیان وەرگرت، ئەی ئەمڕۆ بۆ ئێمەی کورد کێ هەڵوێست وەرئەگرێت؟
ئەگەر ئێمە خۆمان لەسەر خوێنێ بە ناهەق ڕژاوی ڕۆڵەکانمان بە دەنگ نەیەین و دەست لەناو دەست بە یەکگرتووی دژی نەیاران نەوەستین هەرگیز چاوەرێ مەبن کەس هەڵوێست لەسەر ئێمە وەرگرێت.
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.