▪ بۆچی وشەی (مەزن) خراوەتە پاڵ شۆڕشی ئەیلوول؟

ئەسرین عاسی شوانی

ئەگەر سەیری بزووتنەوە و شۆڕشەکانی بەر لە شۆڕشی ئەیلوول بکەین، لە زۆر ڕووەوە هەست بە جیاوزییەکی زۆر دەکەین، چونکە شۆڕشەکانی پێشووتر زیاتر ناوچەیی بوون و لە سنوورێکی تەسکی جوگرافییدا قەتیس بوون، تەنانەت دەنگوباس و بانگەشەیان لە ناوچەکانی دیكەی کوردستان یان لاواز بوو یان نەگەیشتبوو، بەڵام شۆڕشی ئەیلوول لە 11ی 9ی 1961، کە لەژێر چەتری پارتی دیموکراتی کوردستان و بە ڕابەرایەتیی سەرکردەی نەمر جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی هەڵگیرسا، جۆرێک لە مۆدیلی شۆڕش و بەرەنگاریی هێنایە گۆڕەپانەکەوە، کە پێشتر شێوەی نەبوو.

ئەم شۆڕشە مەزنە، لە جێگەی ئەوەی لە ناوچەیەکی تەسکی جوگرافیایی قەتیس بێت، شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو، نەک تەنیا لە باشووری کوردستان، تەنانەت لە عێراق و بەشەکانی دیكەی کوردستانیشەوە هاوپشت و هاوپەنای شۆڕشەکە بوون و شۆڕشگێڕان لە هەموو سووچێکی کوردستانەوە بەرەو پیری بانگەوازی ڕێبەرایەتیی شۆڕش چوون و سەرجەم خەڵکی کوردستان بە پێكهاتە جیاوازەكانیشیەوە، لەژێر ئاڵای شۆڕشی ئەیلوول کۆ بوونەوە.

جگە لەوە، لە ماوەی شۆڕشی ئەیلوولدا، پارتی دیموکراتی کوردستان توانی سێ كۆنگرە ببەستێت و لەگەڵ کات و بارودۆخەکەدا بەرنامە و ستراتیجیەتی دابڕێژێت، وەک کۆنگرەی شەشەم لە قەڵادزێ لە 1ی7ی1964، کۆنگرەی حەوتەم لە 15ی/11ی/1966 لە گەڵاڵە، کۆنگرەی هەشتەم لە 1ی7ی1970 لە ناوپردان.

بۆ یەکەم جاریش بوو لە مێژوی حزبە کوردی و كوردستانییەکاندا ئەوە ڕووی دا، کە ڕۆڵ بە ئافرەتان بدرێت و تێکەڵ بە سیاسەت و کاری حزبی بن، وەک ئەوەی بینیمان لە کۆنگرەی هەشتەم خاتوو زەکیە ئیسماعیل حەقی، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا، وێڕای ئەوەش، لە شۆڕشی ئەیلوولدا چەندین ئافرەتی شۆڕشگێڕی دیكە شان بە شانی براکانیان بەشدار بوون و ڕۆڵیان لە بەرەوپێشبردنی شۆڕشی ئەیلوولدا هەبوو.

بەڵێ ئەگەر لە گەورەیی شۆڕشی ئەیلول ورد ببینەوە، دەبینین زۆر دەستکەوتی بۆ گەلەکەمان فەراهەم کرد، لەوانە ڕێکكەوتننامەی ئاداری 1970ی نێوان شۆڕش و حکوومەتی عێراق، بە جۆرێک، دڕندەترین داگیرکەری هێنایە سەر مێزی گفتوگۆ و دانی بە مافە ڕەواکانی گەلەکەماندا نا، هەرچەندە لە دواجاردا لە بەڵێنەکانی پەشیمان بووەوە، بەڵام دەستکەوتەکەی لەوەدا بوو، سەرسەختترین دوژمن بێت و لەسەر مافە نەتەوایەتییەکانت گفتوگۆت لەگەڵدا بکات.

جگە لەوە، شۆڕشی ئەیلوول توانی هەموو چین و توێژەکانی کوردەواری لەدەوری شۆڕش کۆ بکاتەوە و سەرجەمیان کار بۆ مافە زەوتکراوەکانیان بکەن و شۆڕش لە قاوغێکی تەسکی ناوچەییدا نەبێت و فراوان بێت و سەرجەم کوردستان و ناوچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان بگرێتەوە و هەستی نەتەوایەتی زیندوو بکاتەوە و ببووژێنێتەوە. هەروەها شۆڕش توانی لە ناوچە ئازادەکانیش زۆر دامودەزگای بەڕێوەبردن و ڕۆشنبیری و کولتووری دابمەزرێنێت و کاروباری ناوچەکە و شۆڕش بەڕێوە بەرێت، جگە لەوانەش، ناساندنی شۆڕشی کورد بە جیهان و ناوچەکە، كە بە گرنگییەوە تێی بڕوانن، نەک وەک ئەوەی پێشتر لە بزووتنەوە کوردییەکاندا لە ناوچەی بەرتەسكدا قەتیس ببێت.

ماوەتەوە بڵێین، شۆڕشی ئەیلوول لە ئەنجامی ئەو هەموو زوڵم و زۆری و ستەمە هاتە ئارا کە لە مێژووی داگیرکردنی کوردستاندا، حکوومەتی ناوەندی دەرهەق گەلەکەمان كردی و کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی بڕیاری شۆڕشی ئەیلوولی دا و تا نسکۆی ساڵی 1975 لە بەرخودان بەردەوام بوو، ئەم دەسکەوتەانی ئەمڕۆش لە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم دەیبینین، بەری ڕەنجی شۆڕشی ئەیلوول و هزری باوكی ڕۆحیی نەتەوەییمان (مستەفا بارزانی)یە، کە ئاواتی گەلی کوردی کردە ڕاستی و کاروانی شۆڕشەکەیشی هەر بەردەوامە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.