▪ بۆچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ و بێ هەڵوێست بوو؟؟؟!!!
ئەمڕۆ ٤٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی بارزانیەکان تێپەردەبێت. جینۆسایدکردنی بارزانیەکان تاوانێکی تر بوو کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی دڕندەوە لە کۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٨٣ جێبەجێکرا.
لەم هێرشە دژە نامرۆڤە زیاتر لە ٨٠٠٠ بارزانی دەستگیرکران و لە بیابانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زیندە بەچاڵکران و شەهیدکران.
ڕژێمەکانی عێراق هەمیشە درێغیان نەکردووە لە ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، دژی گەلی تێکۆشەری کوردستان و پێیان وابووە دەتوانن بەم جورە کردەوە چەپەڵانە کاروانی خەباتی گەلی کوردستان لەناو بەرن یان خاوی بکەنەوە بەڵام بەپێچەوانەوە هەمیشە خەبات و تێکۆشانی کوردستان بەرەو پێش دەچێت و داگیرکەران و دۆژمنان لە زەریای خەباتی گەلی کوردستاندا خنکاون.
لەسەر حکومەتی ئێستای عێراقی فیدڕاڵ پێویستە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی گەلی کوردستان بکاتەوەو ڕووفاتی قوربانیان بگەڕێنێتەوەو تاوانەکەش لە ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێت.
بەتەبایی و برایەتی و یەکهەڵوێستی دەتوانین ڕووبەرووی گشت پیلانەکانی دۆژمنان ببینەوەو وەک هەمیشە ئاوات و پیلانەکانیان پووچەڵ بکەینەوە. بۆیە لەسەر هەموو لایەک پێویستە بیر لەپەرتەوازەیی و لێکترازان نەکاتەوەو پێکەوە بەرپرسیارەتیەکان هەڵبگرین و مژدەی سەرکەوتنی کۆتایی ڕابگەیێنین.
جینۆساید تاوانێکی گەورەبوو، دژی مرۆڤایەتی بوو، ڕژێمی بەعسی فاشیست لە سەدەی بیست بەسەر گەلی قارەمانی کوردستاندا جێبەجێیکرد. لێرەدا جارێکی تر ئەم پرسیارە دووبارە دەکەینەوە کە بۆچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاوانی جینۆساید بێدەنگ بوو؟؟؟!!!
بژی کوردستان
بەڵێ بۆ تەبایی و یەکڕێزیی و برایەتی ….
وەلید محەمەد
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.