▪ بۆ چى ڕووى درۆن ، تیرە ژەهراوییەکان بە ئاراستەى پارتى ،کوردستانە ؟!..
رێبوار حەمەلاو شوانی
ماوەى 10 ساڵە تادێت هێرش و پەڵاماردان وگەمارۆخستنە سەر گەلى کوردو فشارخستنە سەر هەرێمى کوردستان بە شێواز و پیلان و سیناریۆى دارێژراو چڕتر دەبنەوە ، بەجۆرێک دەسەڵاتدارانى بەغدا بە پاڵپشتى ودەستى دەرەکى هێرش و پەڵاماردانى سەربازیشیان بۆ سەر هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە ، کە بەرچاوترنیان پیلانگێرى 16 ئۆکتۆبەرى 2017 و دواتر گۆڕینى پیلانى سەربازى لە زەمینییەوە بۆ بەکارهێنانى چەکى دادگە و ڕێگریکردن لە هەناردەکردن و فرۆشتنى نەوتى کوردستان بگرە تا هێرشى مووشەکى و درۆنى و بۆ شوێنە هەستیارەکان بەتایبەت پەڵاماردانى سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە قەرەچووغ و لەم ماوەیەى دوایشدا پەڵاماردانى درۆنى بۆمبرێژکراو بۆ سەر بارەگایەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە هەولێر ، ئینجا بەکارهێنانى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان بە پاساویی جۆراوجۆر لە پێناو لاوازکردنى شەرعییەتى یاسایی و دەستوورى هەرێمى کوردستان و چڕتر بوونەوە هێرشەکانى ئەمەریکا بۆ سەر گروپ و میلیشیا تیرۆریست ولەیاسا دەرچووەکان و داواکارى گروپ و لایەنەکانى سەربە ئێران بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانانى لە عێراق بە پاساویی بەرگریکردن لە غەززەى فەلەستین کە جگە لە پاساوێکى بێ بنەما و فشارى تاران و بەکارهێنانى ئەو گروپانە بۆ مەرامى تایبەتى تاران هیچ خوێندنەوەیەکى تر راست نییە
روون وئاشکرایە ، حکوومەتى ئێستاى عێراق ماوەى 21 ساڵە لە لایەن وڵاتى ئێرانەوە دەستى بەسەرگیراوە و هەر ئەوەشە وایکردووە کە هەرگیز سەقامگیرى ئاسایشى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى تێیدا بەرقەرا نەبێت ، بۆ هەرێمى کوردستانیش پەڵاماردانى شوێنە گرنگ و ئابوورى و هەستیارەکانى کوردستان بە پاساویی بوونى هێزەکانى ئەمەریکا و ئیسرائیل تەنها ئامانجى تێکدانى ئاشتى و سەقامگیریی و پێکەوەژیانە و دروستکردنى کەشێکە کە تێیدا دەیان کۆمپانیایی گەورە بە جیاوازى لەگەڵ ناوچەکە ئاڵۆزەکانى باشوور و ناوەڕاستى عێراق کوردستانیان وەک دوورگەیەکى ئاڕام و سەقامگیر هەڵبژاردووە ، جێگەى هەڵوەستەکردنە کاتێک پەڵامارى گروپ و میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان دەدرێت ، سەرۆکوەزیران ڕاستەوخۆ هەڵوێست بەرامبەر ئەمەریکا وەردەگرێت و بە بەرازندنى سەروەرى عێراق دەزانێت و بەڵام هەموو رۆژێک پەڵامارى هەرێمى کوردستان دەدرێت ، بەڵام بەلایی حکوومەتى عێراقەوە ئاساییە و بەزاندنى سەروەرى نییە ، وەک چۆن لە رابردوو کاتێک ڕژێمى بەعس بە دڕندانەترین شێوە پەڵامارى کوردستانى دەدا بە بابەت و پرسێکى ناوخۆیی باسى دەکرد ، ئێستا کاتێک گروپ و میلیشیاتیرۆریستەکان کە دیارە کە پشتیوانیان دەکات و پەڵامارى گەلى کورد دەدەن پرسێکى ناوخۆیی بێت ، بەڵام لە راستییدا ئەو کارە تیرۆریستیانە تەنها ئامانج تێیدا دژایەتى کردنى گەلى کوردە و وەک چۆن چەکى مووچە و بودجە بۆ لێدانى سەنگ و ئیرادەى کوردستان بەکار دێنن.
ئەوەتا ئێستا هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیشیان وەک کارتێکى فشار و دوژمنایەتیکردنى هەرێمى کوردستان بە رێگەى دادگەى بەناوى فیدڕاڵى بۆ دواخستنى بەکارهێنا ، هەرچەندە بریارەکانى دوێنى و ئێستا و سبەی ئەو بەناو دادگەیە کە دیارە لە کوێ کۆنتڕۆڵ و ئاڕاستە دەکرێت بۆ دژایەتى کوردستان دەکرێت ، ئێستاش روون بۆوە کە پیلانگێرى و پەڵاماردانەکانى دەسەڵاتدارانى عێراق بە پاڵپشتى دەرەکى بە شێوەیەکى گشتى دژى بەرژوەندییە باڵاکانى کورد وکوردستان بە تایبەتى پارتى دیموکراتى کوردستان و بۆ گەلى کوردستانیش ئاشکرا بوو کە پارتی دیموکراتى کوردستان تاکە حزبە سوورە لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن و چونکە پارتی حزبێکە لەسەر بنەمای دیموکراسی و پێکەوە ژیان دامەزراوە، هەر بۆیەش دەبینین نەیارەکان ڕووی درۆن و تیرە ژەهراوییەکانیان بە ئاراستەی پارتی دەکەن.
گرنگە ئەمڕۆ گەلى کورد ئەو راستییە بزانێت کە کوردستان رەوشێکى هەستیاردا گوزەر دەکات و دوژمنان لە هەموو لایەکەوە بە ئامرازى جۆراوجۆرى تابوورى پێنجەم و میدیایی و شەڕى دەروونى کار لە سەر لاوازکردنى بیروباوەرى کوردپەوەرە ونیشتیمانپەورەى دەکەن ، بەتایبەتى ئەوانەى کە پشتیان بە دوژمنان و نەیارانى ئەم گەلە بەستووە تەنها وەک کاڵایەک و بۆ جێبەجێکردنى مەرامەکانیان دژى کوردستان بەکاریان دێنەوە و دواتر فڕیان دەدەن ، بۆیە گرنگە تەبا ویەکریز بین و مێژوویش سەلماندوێتى کاتێک پێگەى کوردستان بەهێز بێت ئەو پیلان و درۆن و تیرى ژەهراویی دوژمنان تێکشکاو و شکستخواردووە .
Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.