▪  بەردەوامی مانۆڕە سیاسییەکانی جەنابی سەرۆکوەزیرانی کوردستان

زانا عبدالباقی

جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردستان بێ ماندووبوون و خۆنەویستانە بەردەوامە لە مانۆڕی سیاسی لە جیهان و عێراق بەتایبەتی، ئامانج لەو مانۆڕە سیاسییانە بەرگریکردن و پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستانە.

زۆڕ خەمخورانە بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی کوردستان و عێراق و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە هەیە، لەو پێناوەدا بەردەوام خۆی ڕاستەوخۆ لەپەیوەندیدا بووە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەردەوام لە ڕێی شاندە جیاجیاکانی حکومەتەوە هەوڵیداوە پەیوەندییەکان بەرەو قوناغێکی باشتر ببات.

هەوڵەکانی جەنابی مەسرور بارزانی لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و شەراکەتی ڕاستەقینەیە بۆ پاراستنی مافەکانی هەرێمی کوردستان نەک سازش و ڕادەستکردن.

بە هەوڵی هەردوو سەرۆکوەزیران جەنابی مەسرور بارزانی و محمد شیاع سودانی پەیوەندییەکانی عێراق و کوردستان ئەرێنین لەبەرەوپێشچوونی باشدان و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوو سەرۆکوەزیراندا هەیە.

سەرەڕای جددیبوونی هەردوو سەرۆکوەزیر بۆ ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن بەڵام لە لایەکی دی نەبوونی دەسهەڵاتی کامل لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق کێشەیەکی گەورەی لەبەردەم ئەو پەیوەندی و لێکتێنەگەیشتنە دروستکردووە، چونکە دەستێک لەناو حکومەتی عێراقدا هەیە ڕێگەنادات سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەرکەکانی بەتەواوەتی ڕاپەڕێنێت و لەگەڵ حکومەتی کوردستان ڕێکبکەوێت.

لە عێراق ئیرادەیەک هەیە کە دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک کوردستان لاوازبکات، مافی کوردستان نەدات و کوردستان تەسلیمی ئیرادەی خۆی بکات، بە هەموو ڕێگایەک خۆیان تاقیکردەوە بێ ئەنجام بوو و نەگەیشتن بە مەرامە گڵاوەکانیان، هیچ چەکێک نەما پەنایان بردە بەر بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان.

لە کوردستان بە سەرکردایەتی جەنابی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئیرادەیەک هەیە کە هەرگیز تەسلیمی ئەو ئیرادەیە دوژمنکارانەیە نابێت، زۆڕ خۆڕاگرانە و خۆ نەویستانە ڕووبەڕووی ئەو ئیرادەیە وەستاوەتەوە، بەردەوام بە مانۆڕە سیاسییەکانی جەنابی سەرۆکوەزیرانی کوردستان شکست بە زۆڕ هەوڵ و پیلان هێنراوە و بەردەوامین لە شکست هێنان بەو ئیرادەیەی کە لە بەغدا هەیە.

دەبێت دەسهەڵاتدارانی عێراق ئیدی لەوە تێبگەن کە دەستوور چییە و دەوڵەتداری چییە و کوردستان چییە، پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێم بگرن تا عێراق زیاتر بەرەو پوکانەوە نەچێت چونکە بەبێ سەقامگیری نێوان هەولێر و بەغدا، عێراق سەقامگیر نابێت.
هەبوونی پەیوەندییەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا فاکتەری سەقامگیری تەواوی عێراقە.

Comments are closed, but trackbacks and pingbacks are open.